یەكشەمی ڕابردوو سوپای مەكسیك كوشتنی ئالمێنچۆی ڕاگەیاند، كە سەرۆكی یەكێك لە بەهێزترین و مەترسیدارترین باندی مافیایی مادە هۆشبەرەكان بوو، ئەمەریكا خەڵاتی 15 ملیۆن دۆلاری بۆ كوشتنی داناوە. لە بەرانبەر كوشتنی چەكدارانی سەربە باندە مافیاییەكە دەستیان توندوتیژی و سووتاندنی شارەكانی مەكسیك كردووە، تا ئێستەیش دووكەڵ لە شارەكانی مەكسیك بەرز دەبنەوە و كپ نەبوونەتەوە.
نیمیسیۆ ئۆزیگوێرا سێرڤانتیس سەرۆكی باندی مافیایی "خالیسكۆ"ی نوێ لە میانەی هەوڵدان بۆ گرتنی لە ویلایەتی خالیسكۆی مەكسیك بە ناچاری كوژرا، ئەمەیش گەورەترین گورزە بەر مافیاكانی مادە هۆشبەرەكان دەكەوێ لە دوای گرتنی خواكین جۆزمان "ئالچابۆ" سەرۆكی باندی مافیایی كارتل 10 ساڵ بەر لە ئێستە.
كوشتنی
نیمیسیۆ ئۆزیگوێرا سێرڤانتیس شەپۆلێكی تووڕەیی و توندوتیژی دروست كردووە كە تەواوی مەكسیكی گرتووەتەوە، چەكدارانی سەر بەو باندە مافیاییە تەقە لە ئۆتۆمبێل دەكەن و ڕێگەی سەرەكیی 20 ویلایەتی مەكسیكی داخراوە، دووكەڵ لە ئاسمانی شارەكان بڵاو دەبێتەوە و دانیشتووان بە ناچاری لە ماڵەوە نایەنە دەرەوە، بەتایبەت لە شاری گوادالاخارا كە دووەم گەورەترین شارە لە مەكسیك و پایتەختی ویلایەتی خالیسكۆیە. قوتابخانە و زانكۆكان لە چەند ویلایەتێكی مەكسیك داخراون و گرژی و توندوتیژییەكان هەڵچوونی زیاتر بەخۆیەوە دەبینن و فراوانتر دەبن. حكوومەتی مەكسیك تەواوی هێزەكانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و بە ناوچە جیاجیاكانی وڵات بڵاوەی پێ كردوون، بەڵام ناتوانن كۆنترۆڵی توندوتیژیی چەكدار و شوێنكەوتووانی باندە مافیایییەكە بكەن، هاوكات مەترسی هەیە توندوتیژییە بپەڕێتەوە بۆ وڵاتی گواتیمالا، بەوهۆیەوە حكوومەتی گواتیمالا ڕێوشوێنی تەناهیی توندی لەسەر سنووری مەكسیك گرتووەتەبەر.
ئالمێنچۆ ڕێبەری گرووپێكی تاوانكاری بوو كە بە خێرایی گەشەی كرد، ئەو پیاوە تەمەن 59 ساڵەی لە دایكبووی ویلایەتی میتشواكانی ڕۆژئاوای مەكسیك بوو، ماوەی سێ دەیەیە پێوەندیی بە تاوانی ڕێكخراو هەیە و لە ساڵی 1994 بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە هیرۆین گیرا و سێ ساڵ لە ئەمەریكا خرایە گرتووخانەوە، دواتر ڕەوانەی مەكسیك كرایهوە، دوای گەڕانەوەی دووبارە لە چالاكی بە قاچاخبردنی هۆشبەر لەگەڵ بازرگانی هۆشبەرەكان ئەگناسیۆ كۆرۆنیل فیلالیال ناسراو بە "ناتشۆ كۆرۆنیل" دەستی بە كار كرد، بەڵام دواتر كۆرۆنیل كوژرا، بۆیە ئالمێنچۆ و ئەریك ڤالنسیا سالازاری ناسراو بە 85 گرووپێكی مافیای نوێیان بە ناوی خالیسكۆی نوێ "سی جی ئێن جی" لە 2007 دامەزراند.
لە سەرەتا بۆ بەرژەوەندیی كارتل سینالوا كاریان دەكرد كە ئەوكات بەهێزترین گرووپی مافیایی بوو، بەڵام دواتر ئالمێنچۆ لەوان جیابووەوە، بەهۆی شەڕیان لەسەر ئەو زەوییانەی لە مەكسیك دەستیان بەسەردا گرتبوون. ئالمێنچۆ پێچەوانەی ئالچابۆ كە بە دوای یارمەتی ئەكتەر شۆن بن دەگەڕا تا ژیانە تاوانكارییەكەی بكاتە فیلمێكی گرنگ لە هۆڵیوود، ئالمنتشۆ لە سێبەر و بە شاراوەیی مایەوە و تەنیا چەند وێنەیەكی فۆتۆگرافی بڵاوبووەوەی هەیە، بە پێچەوانەوە هیچ كەس زانیاری لەسەر نازانێت.
لە 2017 ئالمنتشۆ بووە ناوێكی دیار و داواكراوێكی سەرەكی لە دادگای ویلایەتی كۆلۆمبیا، دوای دامەزراندنی گرووپە مافیاییەكەیشی بە ناوی خالیسكۆی نوێ، بوو بە خێراترین ڕێكخراوی تاوانكاری گەشەكردوو لە مەكسیك، چالاك بوو لە بە قاچاخبردنی كۆكایین و میسامڤیتامین و ڤەنتانیل و كۆچبەر بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ئامرازی نوێی توندوتیژ و تاوانكاری بۆ كارە قاچاخییەكانی بەكار دەهێنا، لەوانە بەكارهێنانی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و بۆمبی لكێنراو و بۆمبی زەوینی چێنراو و شێوازەكانی سەربازی توندی گرتووەتەبەر.
گرووپە مافیاكە ناونیشانیان زۆر خراپ بوو، بەهۆی هێرشەكانیان بۆ سەر هێزەكانی تەناهیی مەكسیكی، جیا لەوەیش بەردانەوەی هەلیكۆپتەرێكی سەربازی لە ویلایەتی خالیسكۆ لە ویلایەتی 2015 و هەوڵی كوشتنی عومەر گارسیا حرفۆش فەرماندەی پۆلیسی مەكسیكۆ سیتی، كە ئێستە جێگری وەزیری ئاسایشی فیدراڵی مەكسیكە، خالیسكۆی نوێ بۆ كۆكردنەوەی چەكدار و سەرباز ئینتەرنێتی بەكار دەهێنا و بە خێرایی ڕیزەكانی فرەوانتر و فرەوانتر دەبوو.
ئێدوارد گیریرۆ پسپۆری تەناهی له 2021 ئاشكرای كرد، كە دەسەڵاتدارانی باكوری و باشووری سنوورەكانی ئەمەریكا ئەو گرووپەیان وەك هەڕەشەیەكی مەترسیداری سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەژمار كردبوو، بەهۆی ئەوەی ئەوان خاوەنی پارەیەكی یەكجار زۆر و نوێترین جۆری چەك و گرووپی نیوچە سەربازین، بەشێوازێكی سەربازیی زۆر تۆكمە كار دەكەن و تانك و زرێپۆشیان هەیە و هەڕەشەیەكی زۆر مەترسیدار و گەورەیشن بەسەر حكوومەتی مەكسیكەوە، بەتایبەت لە شارە بچووك و مامناوەندەكان كە گرووپێكی 50 كەسی چەكدارانی ئەو گرووپە دەتوانێ هێزەكانی پۆلیسی لۆكالی تێكبشكێنێت.