ئایا رۆحانی هەوڵی كودەتای لە ئێران داوە؟

:: AM:10:09:25/02/2026 ‌
دووشەمی ڕابردوو ڕۆژنامەی لۆفیگارۆی فڕەنسی، ڕاپۆرتێكی وردی لەسەر هەوڵێكی كودەتای سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران حەسەن رۆحانی بڵاو كردەوە كە سەركردایەتیی جووڵەیەكی ناوخۆی سیستمی سیاسیی ئێران داوە، بۆ دوورخستنەوەی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران عەلی خامنەیی لە بەڕێوەبردنی تەنگژە، ئەمە لە شەوی هەشت و نۆی مانگی ڕابردوو كانوونی دووەم/یەنایەر كاتێك خۆپێشاندانەكان لە لووتكەدا بوون، هەوڵی بۆ دراوە. لە بەرانبەر ئەو زانیارییانە نووسینگەی حەسەن رۆحانی هاتە دەنگ و وەڵام دەداتەوە. 

لە راپۆرتەكەی لۆفیگارۆ كە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاوی كردووەتەوە، هاتووە: سەرۆكی پێشووی ئێران حەسەن رۆحانی  كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ ئەندامانی حكوومەتی پێشووی خۆی، لەوانەیش وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران محەمەد جەواد زەریف و ژمارەیەك لە پیاوانی ئاینی لە قوم و كەسایەتی و بەرپرسان لە سوپای پاسداران كردووه، ئامانجی كۆبوونەوەكەیش دەرهێنانی دۆسیەی تەناهی و سیاسی بووە لە ژێر دەستی ڕابەڕی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران عەلی خامنەیی. 

سەرچاوەكان دووپاتیان لەوە كردبووەوە، ئەو هەوڵەی رۆحانی سەركەوتوو نەبوو، بەهۆی ئەوەی پشتیوانیی عەلی لاریجانی سكرتێری گشتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بۆ دەستەبەر نەكرا، لە كاتێكدا لاریجانی نوێنەری خۆی ناردبووە كۆبوونەوەكە و پرسەكەیش دوور لە مەسعوود پزیشكیانی سەرۆك كۆماری ئێستەی ئێران بوو، بەڵام بەهۆی شكستهێنانی ئەو هەوڵە و ئاشكرابوونی، چەند ڕۆژێك حەسەن رۆحانی و محەمەد جەواد زەریف لە ژێر حوكمی مانەوەی زۆرەملێ بوونە. 

ئەمەیش هاوكات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زانیارییەكان لە ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی كە باس لەوە دەكەن، عەلی خامنەیی بە فەرمی عەلی لاریجانی ڕاسپاردووە كە ئیدارەی كاروباری وڵات لە كاتی خۆپێشاندانەكان و گرژییەكان و ئەگەری بەیەكدادان لە نێوان ئەمەریكا و ئێران بگرێتە دەست، لاریجانی یەكێكە لە متمانەپێكراوترین پیاوانی خامنەیی. شەش بەرپرسی ئێرانیش بۆ ڕۆژنامەكە دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، ئێستە لاریجانی دۆسیەی سیاسی و تەناهی و پرسە هەستیارەكان بەڕێوە دەبات و لە سەرەتای مانگی كانوونی دووەم/یەنایەرەوە ئەم ئەركانەی پێ سپێردراوە. 

لە بەرانبەر ئەو زانیارییانە، نووسینگەی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و بە توندی ئەو زانیارییانە ڕەت دەكاتەوە، لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، لەم ڕۆژانەی دوایی زانیاریی درۆ لەلایەن دوو ڕۆژنامەی ئەمەریكی و ئەوروپی بڵاو كرایەوە و ئەو زانیارییانە جیا لە بانگەشە و درۆ، هیچ بنەمایەكی ڕاستیان لە پشتەوە نییە، بگرە سیناریۆی خەیاڵی و دروستكراون، نەك ڕاپۆرتی میدیایی ڕاستەقینە و واقیعی. 

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی هەواڵی درۆ و پشتبەستن بە سەرچاوەی نەزانراو، گومان لەسەر رۆژنامەی لۆفیگارۆ و نیویۆرك تایمز و ڕاستگۆیی پیشەییان دروست دەبێت، هەروەها متمانە بە كارەكانیان پێویستە بە تەواوی كەم ببێتەوە. 

نووسینگەی رۆحانی پشتڕاستی كردووەتەوە، ئەو هەواڵە درۆیانە لەبارەی حەسەن رۆحانی و محەمەد جەواد زەریف و كەسایەتییە سیاسی و بەرپرسانی تری ئێرانیش، بەشێكە لە ئۆپراسیۆنی جەنگی دەروونی كە سەرچاوە ئەمەریكی و ئیسرائیلییەكان بە وردی كاری لەسەر دەكەن، بە ئامانجی دروستكردنی گومان و ناتەبایی لە ناو ڕای گشتی ئێران، كە ئێستە ئەوان لە تەك ئەوە زۆرترین پاڵەپەستۆیان خستووەتە سەر ئێران لە ڕێگەی سزا ئابوورییەكان و هەڕەشەی وەشاندنی گورزی سەربازییەوە. 

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەیش خراوەتە ڕوو كە لایەنی خەیاڵ و فەنتازیا لە سیناریۆكانی لۆفیگارۆ و نیویۆرك هێندە ڕوون و بەرچاو بوو، تەنانەت هیچ یەكێك لە ئامرازه میدیاییەكانی ناوخۆی ئێرانیش ئامادە نەبوون بیگوازنەوە،بە ڕوونی لەوە گەیشتوون كە ئەوە هەڵمەتێكی دەروونییە بۆ تێكشكاندنی ورەی ئێران، ئەمەیش تەنیا بەڵگە نییە لەسەر هۆشیاریی گشتی و ژیریی ئامرازەكانی ڕاگەیاندنی ناوخۆ، بگرە بەڵگەیشە لەسەر قووڵی ڕەهەند و بیركردنەوەی ئامرازە میدیاییەكان و لێكۆڵینەوە لە ڕاستییەكان و چۆنیەتیی دروسكردنی بڕیار و پێوەندیی سیاسی و تەناهی لە ئێران. 

حەسەن رۆحانی سیاسەتوانێكی میانڕۆ و چاكسازیخوازی ئێرانە و حەوتەمین سەرۆك كۆماری ئێرانیش بووە، هاوكات پارێزەر لە شەریعەتی ئیسلامی و پیاوی ئاینی و ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایان و كۆمەڵكەی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ڕژێم و ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بووە، لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی بۆ پۆستی سەرۆكی ئێران، بەڵێنی كرانەوەی زیاتر و نەهێشتنی گرژییەكان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و باشكردنی دۆخی ئابووری وڵات و پشتیوانی لە مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان كرد، لە سەردەمی هەردوو حكوومەتەكەی رۆحانیدا ئێران جۆرێك لە كرانەوەی بەخۆیەوە بینی و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بە ئافرەت درا و ڕۆڵی ژن لە داودەزگەكان زیاتر كرا، هەروەها هانی ئازادی كەسی و ئازادی دەستگەیشتن بە زانیارییەكانی دەدا و لە 2013 لەلایەن گۆڤاری تایمی ئەمەریكی وەك یەكێك لە 100 كاریگەرترین كەسەكان لەسەر ئاستی دنیا ناسێنرا.


وشە - باز ئه‌حمه‌د