بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، دوا هەڵوێستی بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان و خەرجكردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێم و بەدواداچوونی دەرەنجامی دوا كۆبوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم سەبارەت بە پابەندیی دارایی هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێم بەرانبەر یەكتر، لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی تری شاندی دانوستانكار خرایە ڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە كە پێویستە حكوومەتی فیدراڵ نەك تەنیا مووچە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵكوو بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی فیدراڵ بە پێی ڕێژەی 14.1ی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق بنێرێت، بە تایبەتیش كە هەرێمی كوردستان پابەندیی نەوتیی و دارایی خۆی بە تەواوی جێبەجێ كردووە و لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەش لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمەوە بێ كەموكوڕی ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ كراوە، سەبارەت بە پابەندیی ناردنی 120 ملیار دینار بۆ مانگی شوباتیش، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی لەسەر ئەولەویەتدان بە ناردنی ئەم پارەیە پێش هەر خەرجییەكی دیكە تاوەكوو هیچ پاساوێك بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەمێنێتەوە بۆ دواخستنی خەرجكردنی مووچەی مانگی شوبات و مانگەكانی تریش.
لە بەشێكی دیكەی گفتوگۆكان لەسەر ئەم بڕگەیە، دەرئەنجامی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی لە بەغدا لە ڕۆژی 2026/2/23 خرایەڕوو سەبارەت با پابەندییە داراییەكانی هەردوو حكوومەت و هەموو ئەو بەڵگە و بنەما دەستووریی و قانونی و داراییانەش ڕوونكرانەوە كە پاڵپشتیی شایستە داراییەكانی هەرێم دەكەن.
لە بڕگەی دووەمدا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری كاروباری پێشمەرگە، ڕاپۆرتێكی خستەڕوو دەربارەی هەنگاوەكانی ئەم دواییەی جێبەجێكردنی چاكسازییەكانی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە و ڕێكخستنەوەی سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگە لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە و پوختەی كۆنووسی واژۆكراوی هاوبەشی لایەنە پەیوەندیدارەكان سەبارەت بە دەستنیشانكردنی تایبەتمەندیی و ئەرك و دەسەڵاتەكانی دەڤەرەكان.
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە سەرۆكایەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنە هاوبەشەكان، ئەم هەنگاوەی بە گرنگ و مێژوویی وەسف كرد لە ڕووی ڕێكخستنەوەی سەرجەم هێزەكان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و دەستنیشانكردنی دەسەڵاتی فەرماندەیی دەڤەرەكان و پەیكەربەندیی نوێی هێزەكانی پێشمەرگە، لە هەمانكاتدا ئەنجوومەنی وەزیران سوپاسی هاوبەشە نێوەدەوڵەتییەكانی كرد كە هاوكار و پاڵپشتی پرۆسەكەیان كرد. ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تری ڕاسپارد بە گوێرەی كۆنووسی هاوبەشی پەسەندكراو، كاری پێویست ئەنجام بدەن.
لە بڕگەی سێیەم و كۆتاییدا، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوكۆی لە بارەی پێشنیارێكی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ كرد تایبەت بە درێژكردنەوەی ماوەی كاركردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە لێخۆشبوونی ڕێژەی 20% لە سزاكانی سەرپێچی هاتوچۆ بۆ ماوەی شەش مانگی دیكە واتا تاكوو 2026/6/30 .
ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیارەكەی پەسەند كرد و ڕێژەی لێخۆشبوونی سزاكانی سەرپێچییەكانی هاتوچۆ، بۆ شەش مانگی تر درێژ كرایەوە.