هێشتا لە مەنفا دەژی و دەسەڵاتی بەسەر بستێك خاكی ئێران و خەڵكەكەیدا نییە، كوڕی محەمەد رەزا شا كە ناوی رەزا پەهلەوییە، هەڕەشە لە هاوپەیمانیی هێزە كوردییەكانی رژێمی ئێران دەكات و سكرتێری گشتیی كۆمەڵەش وەڵامی دەداتەوە.
رەزا پەهلەوی كە هێشتا بەرێگەی باب و باپیرانیدا دەڕوات و ماوەی زیاتر لە چوار دەیەیە لە ئێران هەڵاتووە و لە ئەمەریكا نیشتەجێیە، هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆی نییە، بەڵام هەڕەشە لە هاوپەیمانیی حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات دەكات.
پەهلەوی دەڵێت: سوپای داهاتووی ئێران ئەركی نەتەوەیی خۆی بەرانبەر جوداخوازانی كورد بەتەواوی جێبەجێ دەكات، قسەكانی رەزا لە كاتێكدایە لە رۆژانی رابردوودا هەریەك لە پارتی ئازادیی كوردستان، پارتی ژیانی ئازادی كوردستان، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كۆبوونەوە و بڕیاری بەرەیەكی هاوبەشیان دا.
رەزا دەڵێت: ئەو گروپە جوداخوازانە "مەبەستی هاوپەیمانی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە" پێشینەی هاوكاریان لەگەڵ خومەینی و سەدامدا هەیە.
"لەسەر یەكپارچەیی و یەكگرتووی خاكی ئێران لەگەڵ هیچ كەس و گروپێك دانوستان ناكەین. بە بچوكترین شێوەش سازش لەسەر یەكپارچەیی ئێران ناكەین. ئیدیعای بێمانا و گاڵتەجاڕانەیان سەبارەت بە یەكپارچەیی خاك و یەكگرتوویی نەتەوەیی ئێران كردووە. یەكپارچەیی خاكی ئێران هێڵی سووری نەتەوەی گەورە و یەكگرتوومانە. هەر تاكێك یان تاقمێك ئەم هێڵە سوورە ببڕێت ڕووبەڕووی وەڵامێكی یەكلاكەرەوەی نەتەوەیی ئێران دەبێتەوە".
لە هەمووی سەیرتر رەزا پەهلەوی دەبێژێت، لە ئێرانی داهاتوودا سوپای ئێران ئەركی نەتەوەیی خۆی بەرانبەر جوداخوازەكان جێبەجێ دەكات.
لە كۆبوونەوەكەی ئەو پارتە كوردییانەدا باسی بەرەیەكی نەتەوەیی كورد كراوە، لە داهاتووی ئێران خۆی رێكبخات و كاروباری كورد لەو پارچەیەی كوردستان بەرەوپێشەوە ببات.
لە بەرانبەر قسەكانی رەزا پەهلەوی، عەبدوڵا موهتەدی سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی كوردستانی ئێران وەڵامێكی توندی دەداتەوە.
عەبدوڵا كە خۆی بەشێك نەبوو لەو بەرەیەی حزبە كوردستانییەكان، رای گەیاندووە، ئەمڕۆ پەهلەوی بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و لە ژێر پەردەی جوداخوازان لەلایەن سوپایەك كە هێشتا پێكنەهاتووە، هەڕەشەی سەركوتكردنی كورد دەكات و سەركوتكردنی كوردیان بە ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانە، بۆ سوپایەكی لەو شێوەیە زانیوە.
موهتەدی دەڵێت: با بە ڕوونی و جارێكی تر ئەوە بڵێم كە خەڵكی كوردستان، لە خەباتی دژ بە كۆماری ئیسلامی و لە هەوڵدان بۆ ئێرانێك كە لەسەر بنەمای دیموكراسی فرەییخواز و مافی مرۆڤ و بەشداریی سیاسی كە مافی هەموو نەتەوەكان بە كوردەوە دەستەبەر بكات، بە تەواوی یەكگرتوون.
ئەوەشی گوتووە، بەشداریكردن یان بەشدارینەكردنمان لەم هاوپەیمانییە تایبەتەدا یان هاوپەیمانییەكانی تر، بە هیچ شێوەیەك ئەم باوەڕە پرەنسیپییە و ئەم هاوپشتییە بنەڕەتییە تێكنادات.
سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی كوردستانی ئێران رای گەیاندووە، ئەم جۆرە لێدوانە نەك هەر یارمەتیی یەكگرتوویی و یەكڕیزیی گەلی ئێران نادات كە گەورەترین چەكی ئێمەیە لە شەڕی دژ بە دوژمنی خیانەتكار وەك ڕژێمی كۆماری ئیسلامی، بەڵكو بە دەرزیلێدانی ڕقوكینە و دوژمنایەتی لە ناو خەڵكدا، هاودەنگی لە نێوان هاووڵاتییاندا لەناو دەبات و بە دووپاتكردنەوەی درۆی ئەم ڕژێمە، بە هەمانشێوە شەرعییەت بە سەركوتەكانی تا ئێستە دەدات.
لە كۆتاییدا موهتەدی دەڵێت: ئاگادارتان دەكەمەوە كە ئەوەی ڕژێمی جەلادی كۆماری ئیسلامی لە 47 ساڵ كوشتن و سەركوتكردنی كورد و بێدەنگكردنی دەنگی كورد نەیتوانی بەدەستی بهێنێت، ئێوەش ناتوانن بەدەستی بهێنن.
"باوك و باپیرانتان بەو هەموو هێزەوە و بەو هەموو كوشتن و برین و دەربەركردنی كوردەوە، بەو هەموو لەسێدارەدان و وێرانییەوە بەسەر كوردی هێنا، نەیانتوانی بیانسڕێتەوە، بەدڵنیاییەوە ئێوەش ناتوانن.