كڕینی زه‌وی و خانوو... پلانی ڕووسیا بۆ تێكدانی ئاسایشی ئه‌وروپا

:: AM:11:48:26/02/2026 ‌
میدیایەكی فڕەنسی پەردەی لەسەر پلانێكی نهێنیی رووسیا بۆ كۆنترۆڵكردنی دەوروبەری بنكە سەربازییەكان لە وڵاتانی ئەوروپا ئاشكرا كرد و دووپاتی لەوە كردووەتەوە، ئەو پلانەی رووسیا زۆر بە وردی داڕێژراوە بۆ جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنی شێواندن و تێكدانی ئاسایشی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا. 

گۆڤاری لئێكسپرێسی فڕەنسی بڵاوی كردووەتەوە، ڕووسیا هەڵمەتێكی نهێنی و فراوانی لە ئەوروپا دەست پێ كردووە بۆ كڕینی زەوی و باڵەخانە لە دەوروبەری بنكە سەربازییەكان لە كۆمەڵیك وڵاتی ڕۆژئاوای ئەوروپا، تا دواتر ئەو شوێنە ستراتیجانەی نزیك بنكە سەربازییەكان بۆ دروستكردنی پشێوی و تێكدانی ئاسایشی وڵاتانی ئەوروپا. 

بەگوێرەی زانیارییەكان، سیخوڕەكانی ڕووسیا لە ئەوروپا بە لێشاو دەستیان بە كڕینی زەوی و باڵەخانە لە تەواوی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا كردووە، تا دواتر وەك تۆڕێكی ئەسپی تەڕوادە بەكاری بهێنن لە پرۆسەی تێكدانی ئاسایش و نانەوەی پشێوی لە ئەوروپا لە كاتی گونجاو كە مۆسكۆ دەیەوێت. ئەو زەوی و خانووانە كە گومانی لای دەزگەكانی هەواڵگریی وڵاتانی ئەوروپا ورووژاندووە، چونكە بریتین لە شوقەی مۆدێرن و قوتابخانەی جێهێڵراو و كۆگە و كێڵگەكان كە لەلایەن سیخوڕانی ڕووسیاوە كڕاون، هەموویشیان یەك خاڵی هاوبەش لە كڕین و دیاریكردنی شوێنە جیۆگرافییەكانیان بوونی هەیە، ئەویش نزیكبوونیانە لە بنكە سەربازییەكانی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا یان لەو شوێنانەی كە پێوەستن بە ژێرخانی ئەوروپا، ئەمەیش دەتوانرێ بكرێت بە خاڵێكی گوێگرتن و سیخوڕی و هەڵگرتنی كەلوپەل و دواتریش بەكارهێنانیان لە هەڵمەتی تێكدانی ئاسایشی ئەوروپا. 

بەرپرسانی ئەوروپا هۆشداریی لە زیادبوونی كارە دوژمنكارەكانی مۆسكۆ لە وڵاتە جیاجیاكانی ئەوروپا دەدەن كە بیر لە ئەزموونێكی ستراتیجی بە ناوی "ناوچەی خۆڵەمێشی" دەكاتەوە، بۆ جێبەجێكردنی كردەی مەترسیدار بۆ تێكشكاندنی ئامرازەكانی گواستنەوە و وزە و پێوەندییەكان لە وڵاتانی ئەوروپا، بێ ئەوەی هیچ كردەیەكی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە دژی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ ئەنجام بدات. 

پرۆسەی كڕینی زەوی و خانوو سەرەتا لە فینلاندەوە دەستی پێ كرد، كاتێك كۆمپانیایەكی رووسی لە ساڵی 2018 دوورگەیەكی فینلاندی كڕییەوە و دەستی بە دروستكردنی ژێرخانێكی وردی چاودێریكردنی ناوچەكە لەسەر دوورگەكە كردووە. ئەمەیش وایكرد كە حكوومەتی فینلاند سانسۆر و مەرج لەسەر پرۆسەی فرۆشتن دابنێت، بەتایبەت ئەو فرۆشتنانەی كە هەڵگرانی ڕەگەزنامەی ڕووسی بە زەوی و خانووبەرە لە وڵاتەكە دەیكەن، دوای گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنە لەلایەن فینلاندەوە، وڵاتانی تری بەڵتیكیش هەمان ڕێوشوێنیان لەسەر هاووڵاتییانیان چەسپاند. 

هەروەها لە نەرویج چەند كەسایەتییەكی نزیك لە كۆشكی كرملێن، چەندان باخچە و باخیان لە نزیك بنكە سەربازییە ستراتیجییەكان لە جەمسەری باكور كڕیوە، ئەو زەوییانەیش موڵكدارییان بۆ كەنیسەی ئەرسەدۆكسی ڕووسی دەگەڕێتەوە و كەوتوونەتە نزیك دامەزراوەكانی هێزی دەریایی و ڕادارەكانی نەرویج و سوید، ئەمەیش مەترسیی تەناهیی زۆری لەسەر ئەو دوو وڵاتە دروست كردووە. 

جیا لەوە دەیان گرێبەستی كڕینی زەوی و خانووی تر كە پێوەستن بە ڕووسیا، لە نزیك بنكەی هێزی دەریایی لە دوورگەی سەقەلیە و كریت و ناوچە وشكاییەكانی یۆنان كڕاون، هەروەها لە هەریەك لە شارەكانی لەندەن و پاریس و جنێڤ لە شوێنی زۆر هەستیار، لەلایەن ڕووسیاوە زەوی و خانوو و باڵەخانە و باخچە كڕاون، سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی بەریتانی ئێم ئەی سكس هۆشداریی دا كە وڵاتەكەی ئێستە لە نێوان دۆخی ئاشتی و جەنگدایە، پێویستە دۆسیەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە بە پەلە بكرێتەوە و پەراوێز نەخرێت. 

بۆ ئەوەی سەرنجی هیچ لایەك ڕانەكێشێت، ڕووسیا ڕێبازێكی زۆر بەربڵاوی گرتووەتەبەر كە ئەویش پرۆسەی كڕینی شەفاف و ڕوونە، بەڵام لە چوارچێوەیەكی فراوان لەلایەن كەسانی جیاجیاوە ئەنجام دەدرێت، بەمشێوەیەیش دەستی بە دروستكردنی تۆڕێكی نهێنی لە تەواوی ئەوروپا كردووە و ئامادەیان دەكات بۆ هەر حاڵەتێك كە تەنگژەیەكی گەورە دروست ببێت، شارەزایان نایشارنەوە كە كۆماری میلی چینیش هەمان ستراتیج دەگرێتەبەر و دەستی بە كڕینی زەوی و باڵەخانە و خانوو لە نزیك ناوەندەكانی هەڵگرتنی داتا و زانیاری كردووە. 

بەرپرسانی ئەوروپا تا ئێستە بە فەرمی هیچ ڕێوشوێنێكیان لە دژی ئەو هەڵمەتە نهێنییەی ڕووسیا نەگرتووەتەبەر، چونكە بەشێك لە شارەزایان دووپات لە بوونی كەلێنی یاسایی گەورە و بەردەوام دەكەنەوە كە لە پرسی كڕین و فرۆشتن بوونی هەیە، نەبوونی هاوئاهەنگی و هاوكاری هێزەكانی هەواڵگریی وڵاتانی ئەوروپایش، یەكێكی ترە لە گرفتەكان و سەرەڕای ئەوەی كە وڵاتانی ئەوروپا لە ناو یەكێتیدان و سنوورەكانیان بە كراوەیی ماوەتەوە، بەڵام تا ئێستەیش هاوئاهەنگیی هەواڵگریی زۆر ورد كراوەتەوە و هەر وڵاتێك لە پرسە ورد و هەستیارەكان بۆ خۆی كار دەكات، لە دۆخە گشتییەكاندا بە هاوئاهەنگی و بەیەكەوەیی كار دەكەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د