توركیا و پەكەكە.. ئاشتی لە میدیا و ئامادەكاریی جەنگ لە گۆڕەپان

:: PM:01:50:26/02/2026 ‌
لەوە ناچێ توركیا سەرەڕای پێشڤەچوونەكان لە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان، دەسبەرداری بژارەی بەكارهێنانی هێزی سەربازی بێ بۆ بژارەی سیاسی بۆ داخستنی ململانێی دوور و درێژی لەگەڵ حزبەكە، چونكە تا ئێستەیش هێز و كەلوپەلی سەربازی لە ناوچە سنوورییەكان بەردەوامن لە جووڵە و گەمارۆدانی زیاتری چەكدارانی پەكەكە و بۆردمانكردنی بنكەكانیان لە ناوچە چیا جیاكان، كە سەرەنجام ئەمەیش زیان بە ژێرخان و ئابووری هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت. 

توركیا ئێستە خۆی لە بەهێزیی دەبینێت، پاش ئەوەی لە سووریا هانی شەرع و حكوومەتی سووریای دا بە كۆتاهێنان بە دەسەڵاتی هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە" كە بە بڕوای توركیا بەشێكن لە هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، هەڵمەتی سوپای سووریا و كەمكردنەوەی دەسەڵاتی هەسەدە بە تەواوی لە بەرژەوەندیی توركیا وەستاوەتەوە، ئەنكەرەیش سەركەوتوو بوو لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خۆبەڕێوەبەرییەكی تەواوی كوردەكان لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سووریا، هاوكات لەگەڵ بەغدا ئێستە پێوەندییەكانی توركیا زۆرباشە و هەرێمی كوردستانیش پێوەندییەكانی لەگەڵ توركیا چالاك و پڕ جووڵەیە، ئەمە وایكردووە كە توركیا لە هەموو لایەكەوە هەست بە ئارامی بكات، چونكە بەغدایش یارمەتی دەدات لە وەستانەوە بە ڕووی پارتی كرێكارانی كوردستان. 

لە ژێر ڕۆشنایی ئەو باكگراوەندە، توركیا وا هەست دەكات دەرفەتێكی گەورەی لە بەردەمە تا بەشێوەیەكی كۆتایی و ڕیشەیی كۆتایی بە ململانێكانی لەگەڵ پەكەكە هەم لە ڕێگەی سیاسی و هەم لە ڕێگەی سەربازی بهێنێت و پرۆسەی سیاسی و ئاشتی تەنیا وەك بژارەیەكی تاكتیكی بەكار بهێنێت، چونكە جووڵەكانی هێزەكانی توركیا لە ناوچە سنوورییەكان و ناوەوەی سنووری هەرێمی كوردستانی عێراق، تیمی دروستكەرانی ئاشتی كۆمەڵگە لەوبارەیەوە ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، دوای شەش مانگ لە وەستانی بۆردمان و هێرشەكان لەلایەن سوپای توركیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، لە میانەی بەردەوامبوونی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان توركیا و پەكەكەوە، لەمدواییە توركیا سێ جار هێرشی ئاسمانی كردووەتە سەر گوندی خنێرەی سەربە شارۆكەی سیدەكان، بۆمبێكی چێنراویشی لە گوندی گەلی ڕەشاڤەی سەربە شارەدێی دێرەلووكی سەربە پارێزگای دهۆك تەقاندووەتەوە. 

ئەو پێشهاتە نوێیە دەرخەری لاوازیی پرۆسەی ئاشتییە، چونكە ئێستە هەردوولا هێزەكانیان كۆ دەكەنەوە و تۆڕی ڕێگەكان و تونێڵە سەربازییەكان فراوان دەكەن، بنكەی سەربازیی نوێ دورست دەكەن و بنكە سەربازییە كۆنەكانی پێشوو توندوتۆڵتر دەكەنەوە. لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا سوپای توركیا تۆڕی ڕێگە سەربازییەكان و توانا لۆجستییەكانی لە ناوچەكە زۆر پەرە پێداوە، بە ئامانجی دروستكردنی ناوچەیەكی دابڕێنراو لە بوونی سەربازی خۆی لە ناوچە و بەیەكەوە بەستنەوەی سەرجەم بنكە سەربازییەكانی لە زاب و ئاڤاشین و مەتینا و بەرواری باڵا، لە ڕێگەی دروستكردنی شەقامی پێشكەوتوو و مۆدێرن و دروستكردنی سێ كۆمەڵگەی سەربازی كە نەخۆشخانە و ناوەندی مەشقپێكردن و بنكەی تۆپبارانیشیان تێدایە. 

ئەو هەنگاوەی توركیا بەو ئامانجەیە كە ناوچەكانی خۆی بە تەواوی داببڕێنێ و چیتر بۆ هاتوچۆكردینش پشت بە گرتنەبەری ڕێگە گشتییەكان نەبەستێت بۆ گواستنەوە و جووڵەپێكردنی هێزە چەكدارەكانی، ئێستە گەلی ڕەشاڤە خاڵی چوونە ناوەوەی ناوچەی دابڕێنراوی هێزەكانی توركیایە و لە شەشی ئەم مانگەویشەوە، دەنگی تەقینەوەی گەورە لەسەر چیاكانی ناوچەكە بیستراوە و سوپای توركیا چیاكانیان تەقاندووەتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگەوبانی تایبەت بە خۆیان دروست بكەن. 

لە تەك ئەوانەدا هێزەكانی توركیا ڕووبەرێكی فرەوانی دارستانیان لە ناوچەكە بڕیوەتەوە تا ڕێگەی سەربازی و خاڵی پشكنین و بنكەی سەربازی نوێ لێ دروست بكەن، هەلیكۆپتەرە جەنگییەكان بەردەوام بە ئاسمانی ناوچەكە دەسووڕێنەوە و مووشەكی ڕووناككەرەوە بۆ سەر چیاكە دەتەقێننەوە، ئەمەیش زیانی بە هەندێك شوێنی شوێنەواریی گەیاندووە، لەوانە پردی دۆشاو كە لە سەردەمی عەباسییەكانەوە لە ناوچەكە دروست كراوە، ئێستە زیانی گەورەی بەركەوتووە و نزیك بووەتەوە لە لەناوچوون. هاوكات لە 13ی ئەم مانگەیش شوبات/فێبرایەر، سوپای توركیا سێ جار بەرزاییەكانی گوندی خنێرای سەربە شارۆكەی سیدەكانی بۆردمان كردووە، ئەمەیش یەكەم بۆردمانی توركیا بووە لە مانگی ئاب/ئۆگستسی ساڵی ڕابردووەوە. 

لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە تا مانگی ئاب/ئۆگستسیش توركیا هەزار و 718 بۆردمان و هێرشی سەربازیی كردە سەر ناوچەكە، لەوانە هەزار و 426 بۆردمان لەوكاتەدا بوون كە لە ئادار/مارسی 2025ەوە، پرۆسەی ئاشتی لە نێوان هەردوولا ڕاگەیەنرا. لە ئەنجامی ئەو بۆردمانانە زیان بە هەزار و 192 گوند كەوتووە، لەو ژمارەیە 183 گوند تەواوی خەڵكەكەی ئاوارە بوون و چۆڵ كراون، 602 گوندی تریش بەشێكی زۆری خەڵكەكانیان لە ترسی بۆردمانكردن، زێدی خۆیان جێهێشتووە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د