ساڵێك بەسەر پەسندكردنیدا تێپەڕیوە، تا ئێستە یاسای گەڕانەوەی موڵك و ماڵ جێبەجێ نەكراوە، رێگریی لە بەردەم جێبەجێكردنیدا هەیە.
ڕۆژی 13ـی شوباتی 2025، سەرۆك كۆماری عێراق واژووی لەسەر یاسای گەڕانەوەی موڵك و ماڵ كرد، ڕۆژی 18ـی شوباتیش لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاو كرایەوە، دواتر دادگای فیدراڵی هەموو ئەو سكاڵایانەی ڕەت كردەوە كە لەسەر پەسندكردنی هەرسێ یاساكە تۆمار كرابوون.
ئەگەر یاساكە وەك خۆی جێبەجێ بكرایە كە تایبەتە بە كەركووك و سنووری مادەی 140، نزیكی 500 هەزار دۆنم موڵك و زەوی جووتیارانی كورد و توركمان كە 50 ساڵ پێش ئێستە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دراون بە عەرەبی هاوردە، بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانیان دەگەڕایەوە.
لەمبارەیەوە شاخەوان عەبدوڵا ڕای گەیاند، "دوای 50 ساڵ لە داگیركاری و 20 ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، پرۆژەیاسای گەڕانەوەی زەوییەكان دەنگی لەسەر درا، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەكراوە."
سەرەڕای پەسندكردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی سەردەمی ڕژێمی بەعس بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوییە كشتوكاڵییەكانی جووتیارانی كورد، سوپای عێراق لە گوندی شەناغەی سنووری كەركووك، ڕێگرییان لە كێڵانی زەویی جووتیارانی كورد كرد و پەلامار و ئازاری جووتیارانیان دا، ئێستە سوپا بووەتە چەكی دەستی عەرەبی هاوردە و رێگریی لە گەڕانەوەی ئەو موڵكانە بۆ كورد و توركمان دەكات.
جووتیارانی كورد لەمبارەیەوە دەڵێن: سوپای ئێستە سوپایەكی شۆڤێنییە، پابەندی هیچ یاسا و ڕێككەوتنێك نابێت.
وەزارەتی دادی عێراق، لیژنەیەكی بۆ چاودێریی یاسای گەڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان پێكهێنا، كە پێكهاتبوو لە نوێنەری ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەندامێتیی وەزارەتەكانی دارایی، داد و كشتوكاڵ و پارێزگای كەركووك، ئەركی لیژنەكە ئامادەكردنی ڕەشنووسێكی ڕێنوێنی دەبێت بۆ ئاسانكاریی جێبەجێكردنی بڕگەكانی یاساكە.
ئەم یاسایە لە پێنج مادە پێكدێت و ئامانجی گەڕانەوەی ئەو موڵكانەیە بەهۆی چەند بڕیارێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە، لە خاوەنەكانیان زەوت كراوە.
یاساكە هەشت بڕیاری ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕش هەڵدەوەشێنێتەوە، كە لە نێوان ساڵانی 1975 تا 1979 دەركراون، هەشت بڕیاریان تایبەتە بە پارێزگای كەركووك و دوو بڕیاری تریان تایبەتن بە پارێزگای دیالە.
بەگوێرەی یاساكە، ئەو زەوییانەی خاوەنەكانیان قەرەبوویان وەرگرتووە، یان بۆ وەزارەتەكانی نەوت و بەرگریی تەرخان كراون لە خشتەی هاوپێچدا، ناگەڕێنرێنەوە بۆ خاوەنەكانیان. ئەو زەوییانەی پێشتر لەلایەن دەستەی داوای موڵكایەتییەوە بڕیاریان تێدا دراوە یان بۆ بەرژەوەندیی گشتیی تەرخان كراون، یان بەگوێرەی یاسای قەرەبووكردنەوەی موڵكی زیانلێكەوتووانی سەردەمی رژێمی پێشوو، ساڵی 2010 بڕیاریان لەسەر دراوە.
بەگوێرەی یاساكە، ئەو جووتیارانەی لەلایەن رژێمی پێشووەوە زەوییە زەوتكراوەكانیان پێ دراوە، قەرەبوو دەكرێنەوە بەمشێوەیە:
یەكەم: ئەنجامدانی گرێبەستی كشتوكاڵی لە پارێزگای كەركووك، بۆ ئەو جووتیارانەی پێش دەرچوونی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕش لەو پارێزگایە نیشتەجێ بوون.
دووەم: ئەنجامدانی گرێبەستی كشتوكاڵی لە پارێزگای رەسەنی جووتیار، ئەوانەی لە ڕێكەوتی دەرچوونی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕش لە كەركووك نیشتەجێ نەبوون.
سێیەم: بەهای ئەو باڵەخانە و كشتوكاڵ و بیر و ئامرازانەی دروست كراون، بە بەهای رۆژ هەژمار دەكرێت.
هەر لە سەرەتای دەرچوونی یاساكەوە، عەرەبی سوننە بەتایبەت گرووپەكەی حەلبووسی دژی بوون و توركمان پشتگیرییان كرد، بەڵام سوپا لە ناوچەكەدا رێگریی لە جێبەجێكردنی دەكات.
بەرپرسی دەستەی ڕای عەرەبی لە كەركووك دەڵێت، "پێكهاتەی عەرەبی لە كەركووك لەلایەن پەرلەمانتارەكانیەوە بێهیوا كرا".
بەگوتەی نازم شەمەری، "یاسای گێڕانەوەی ماڵ و موڵك دانیشتووانی 170 گوند ئاوارە دەكات، ئەو زەوییانە پێش 70 ساڵ بە گرێبەست پێیان دراوە و خاوەندارییەتی بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە نەك كەس، دەوڵەت ئازادە بەكێی دەبەخشێت".
بەرپرسی دەستەی ڕای عەرەبی لە كەركووك پێی وایە، پێكهاتەی عەرەبی لە كەركووك زیانمەندی یەكەمە، چونكە یاساكە 500 دۆنم زەوی كشتوكاڵییان لە دەست دەردەهێنێت و ئێمەش ئەوە قبووڵ ناكەین.