دەقی گوتارەكەی مەسروور بارزانی.. هەموو هەوڵێك دەدەین كەمترین زیان بە خەڵكی كوردستان بكەوێت

:: PM:03:44:03/03/2026 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، لە وتارێكدا لە كاتی كردنەوەی نەخۆشخانەی ماجدی لە هەولێر رای گەیاند، هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی كەمترین زیان بەر خەڵكی كوردستان بكەوێت و ئاسایش و سەقامگیریی جارێكی تر بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان.

مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە وتارەكەیدا گوتی، جێی داخە كە ناوچەكەمان بەم شێوازە دووچاری ئەم نەهامەتییە بووەتەوە لە هەمووشی ناخۆشتر ئەوەیە كە لەم چەند رۆژەی ڕابردوودا، هەندێ لایەنی لە یاسادەرچوو و تیرۆریست هەولێریشیان كردووەتە ئامانجی خۆیان.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، بابەتی مووچە یان دواكەوتنی مووچە، كە دیسان ئەمە بابەتێكە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی، ئێمە بەردەوام لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ بدۆزینەوە.

دەقی گوتارەكەی مەسروور بارزانی:
پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و بەتایبەتی شاری هەولێری خۆشەویست دەكەم، بە بۆنەی كردنەوەی نەخۆشخانەی (ماجدی) كە بەڕاستی بەشێوازێكی زۆر پێشكەوتوو و بە ستانداردێكی نێودەوڵەتی دروست كراوە. 

دەستخۆشی لە حاجی ئەحمەد دەكەم وەك وەبەرهێنەرێك كە توانیویەتی ئەم نەخۆشخانەیە لێرە دروست بكات، بكەوێتە خزمەتی هەموو خەڵكی كوردستان و هەموو ئەو خەڵكەی كە سەردانی كوردستانیش دەكەن.

وەك هەموو جارێك هیوادارم كەس ناچار نەبێت بێتە نەخۆشخانە، بەڵام ئەگەر كەسێك پێویستی پێی بوو، بە دڵنیاییەوە ئێستە ئەم نەخۆشخانەیە لە ئاستێكی وا پێشكەوتوو و بە شێوازێكی زۆر رێكوپێك دروست كراوە، دەتوانێ وەڵامدەرەوەی پێداویستییەكانی خەڵكی كوردستان بێت. 

جارێكی تر دەستخۆشی لە حاجی ئەحمەد دەكەم، هیوادارم هەموو وەبەرهێنەرانی كوردستان بەردەوام بن لە وەبەرهێنان لە كوردستان بۆ پێشخستنی هەرێمی كوردستان؛ هەر یەكێك لە كەرتێك و هەر یەكێك لە بابەتە تایبەتەكانی كە خۆیان كاری تێدا دەكەن.

 ئەوەی من بینیم نەخۆشخانەیەكی یەكجار پێشكەوتووە، بە ئامێری زۆر پێشكەوتوو ئامادە كراوە و دڵنیام و گومانیشم لەوەدا نییە كە پزیشك و پەرستار و فەرمانبەری زۆر باشیشمان هەیە، دەتوانن لە خزمەتی هاووڵاتییاندا بن. جارێكی تر پیرۆزبایی لە هەموو لایەك دەكەم.

هەر بەم بۆنەیەوە دەمەوێ ئاماژە بە دوو سێ بابەتی گرنگیش بدەم كە پێم وایە هەمووتان ئاگادارن. یەكێكیان ئەو گرژی و شەڕ و ئاڵۆزییەیە كە ناوچەكەی گرتووەتەوە. جێی داخە كە ناوچەكەمان بەم شێوازە دووچاری ئەم نەهامەتییە بووەتەوە، لە هەمووشی ناخۆشتر ئەوەیە لەم چەند رۆژەی ڕابردوودا، هەندێ لایەنی لە یاسادەرچوو و تیرۆریست هەولێریشیان كردووەتە ئامانجی خۆیان. 

سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان دەكەم و دڵنیا بن كە ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان پارێزراو بێت، كوردستانمان پارێزراو بێت و دوور بین لە هەموو شەڕ و ئاژاوەیەك. هەوڵ دەدەین كوردستان بە دوور بگرین لەم شەڕ و ئاژاوانەی كە لە ناوچەكەدا هەن، بەردەوام دەبین لە پاراستنی دەستكەوتەكانی خۆمان. 

داواكارم خەڵكی كوردستان پابەندی رێنوێنییەكان بن و خۆیان بپارێزن بە هەموو شێوەیەك. هیوادارم ئەم ناخۆشییانە بە زوویی بەرەو تەواوبوون بڕۆن و ئینشائەڵا ئاسایش و سەقامگیری جێگەی شەڕ و گرژی و توندوتیژی بگرێتەوە.

سوپاسی خەڵكی كوردستان دەكەم بۆ پشوودرێژییان، بەتایبەتی كە دەبینین لەو ماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی زۆر گرفتی جۆراوجۆر بوونەتەوە. بابەتی مووچە یان دواكەوتنی مووچە كە دیسان ئەمە بابەتێكە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی، ئێمە بەردەوام لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ بدۆزینەوە. 

ئێمە لە هەرێمی كوردستان، وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پابەندبوونەكانی خۆمان جێبەجێ كردووە، داوا دەكەین حكوومەتی فیدراڵیش پابەندبوونەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن بەرانبەر بە شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان.

لەلایەكی ترەوە، ئێمە هەوڵێكی رژدمان دا بۆ ئەوەی لە پڕۆژەی (ڕووناكی) كارەبای 24 سەعاتی بۆ هەموو كوردستان دابین بكەین كە لەم ساڵەدا بەڵێنی ئەوەمان دابوو، لەسەر بەڵێنی خۆمانین كە كارەبای 24 سەعاتی هەموو شار و شارۆچكە و گوند و دێهاتەكانی كوردستانیش بگرێتەوە. ئەو بەڵێنەمان بەردەوامە و ئینشائەڵا جێبەجێشی دەكەین؛ بەڵام دوای ئەم شەڕ و ئاڵۆزییانەی كە دروست بووە و دوای ئەو پەلامارانەی كراونەتە سەر كێڵگەكانی نەوت و غاز، هەندێك لە كۆمپانیاكان بۆ خۆپارێزی، بەرهەمەكانی خۆیان كەم كردووەتەوە كە بووەتە هۆكاری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا. 

ئەمەش شتێكی كاتییە، هیوادارین بارودۆخەكە بەرەو ئاسایی بگەڕێتەوە. خەڵكی ئێمە هیوادارم پشوودرێژ بن و تێبگەن كە ئەم شتەی رووی داوە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە بووە، بەڵام هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی كەمترین زیان بەر خەڵكی كوردستان بكەوێت، ئینشائەڵا ئاسایش و سەقامگیری جارێكی تر بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان و هەموو ناوچەكەش بگرێتەوە.

داوا لە حكوومەتی فیدراڵ دەكەین كە ڕێگە بەم تیرۆریست و لە یاسادەرچووانە نەدەن چیتر پەلاماری كوردستان بدەن، چونكە ئێمەش ناتوانین تا سەر بێدەنگ بین.

جارێكی تر دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە حاجی ئەحمەد و لە خەڵكی كوردستان و شاری هەولێر دەكەم. دەستخۆشی لە پزیشكەكان و فەرمانبەران دەكەم بۆ ئەم كارە ناوازەیەی كە لێرە كردوویانە. هەر سەركەوتوو بن، پیرۆزە لە هەمووتان، كوردستانمان ئینشائەڵا هەر پارێزراو و ئاوەدان بێت.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم