سی ئێن ئێن: ئەمەریكا كورد وەك هێزی وشكایی دەنێرێتە ناوەوەی ئێران

:: AM:09:11:04/03/2026 ‌

سەرچاوە ئاگادارەكان بۆ تۆڕی سی ئێن ئێن باس لەوە دەكەن، دەزگەی هەواڵگری ناوەندیی ئەمەریكا سی ئای ئەی كار دەكات تا هێزەكانی كورد پڕ چەك بكات، وەك هێزی وشكایی ڕەوانەی ئێرانیان بكات و لەوێ ڕاپەرینی جەماوەری دروست بكەن و كۆتایی بە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بهێنن، بۆ ئەو مەبەستەیش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دوێنێ قسەی لەگەڵ مستەفا هیجری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران كردووە.

ئەو سەرچاوانە ڕوونیان كردەوە، ئێستە حكوومەتی ترەمپ لەگەڵ گرووپە كوردییەكانی بەرهەڵستكاری ئێران و سەركردەكانی كورد لە عێراق لە گفتوگۆدایە، بۆ ئەوەی چەك و پشتیوانی سەربازییان بۆ دەستەبەر بكات.

گرووپە كوردییەكانی بەرهەڵستكاری ئێران هەزاران چەكداری ئامادە و ڕاهێنراویان لە سنوورەكانی نێوان عێراق و ئێران هەیە، بەتایبەت لە ناو هەرێمی كوردستان، ئەو گرووپانە بە ئاشكرا لە سەرەتای دەسپێكی هێرشكردنە سەر ئێران ڕاگەیەنراویان بڵاو كردەوە، ئاماژەیان بە جووڵە و ئەگەری لەتبوون و جیابوونەوە لە ناو ڕیزەكانی سوپای ئێران دەكەن، سوپای پاسداران بەردەوامە لە بۆردمانكردنی گرووپەكانی كورد لە هەرێمی كوردستان و بە دەیان فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بنكە و بارەگاكانیان كراوەتە ئامانج.

دوێنێ سێشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، لەگەڵ مستەفا هیجری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران قسەی كردووە. بەرپرسێكی باڵای كوردەكانی ئێران بۆ سی ئێن ئێن پشتڕاستی ئەو زانیارییانەی كردەوە و گوتی، چاوەڕوان دەكرێ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەڵمەتی هێرشی وشكایی لە ڕۆژئاوای ئێران لەلایەن هێزەكانی كوردەوە دژ بە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران ئەنجام بدرێت.

سەرچاوەیەكی تر بۆ سی ئێن ئێن لەبارەی كاتی ئۆپراسیۆنەكە گوتی، لەو بڕوایەداین كە ئێستە دەرفەتی گەورەمان لە بەردەمدایە، بەتایبەت كە ئەو گرووپانە پێشبینی دەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل دەكەن.

ڕۆژی یەكشەمی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەركردەكانی كوردی عێراق قسەیان كرد بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئۆپراسیۆنی سەربازیی ئەمەریكا لە ناوخۆی ئێران و چۆنیەتیی هاریكاریكردنی ئەمەریكا و كورد بۆ جیبەجێكردنی ئەو ئەركە، دوو بەرپرسی ئەمەریكی و سەرچاوەیەكی تریش بۆ ئەكسیۆس ئەو زانیارییانەیان خستە ڕوو.

ناردنی چەك و پشتیوانی بۆ هێزەكانی كوردی ئێران پێویستی بە پشتیوانی و ڕەزامەندیی كوردەكانی عێراق هەیە، تا ڕێگە بدەن چەك و كەلوپەلی سەربازی لە هەرێمی كوردستانی عێراقەوە بۆ ئەوان بگوازرێتەوە و وەك بنكەی دەستپێكردنی هێرشەكە هەرێمی كوردستان ڕۆڵ ببینێت.

یەكێك لە سەرچاوە ئاگادارەكان گوتی، گفتوگۆكان لەبارەی ئەوەوە كە هێزەكانی كورد دژی هێزە چەكدارەكانی ئێران بوەستنەوە و گەمارۆیان بدەن و كارئاسانی دەرچوونیان لە شارە گەورەكان بۆ بكەن، بێ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی وشكایی گەورە لەگەڵ سوپای ئێران دروست ببێت.

بەرپرسێكی ئەمەریكی لەوبارەیەوە دەڵێ، كوردەكان پشكداری لەو ئاڵۆزییەی ناوچەكە دەكەن و دەبنە هۆی بەهەدەرچوونی پێویستییە سەربازییەكانی ڕژیمی ئێران، بیرۆكەیەكی تر ئەوەیە كە هێزەكانی كورد بتوانن بەسەر ناوچە كوردییەكانی باكوری ئێران زاڵ ببن و كۆنترۆڵی بكەن و لەوێشەوە ناوچەیەكی دابڕاو بۆ ئیسرائیل لەوێ دروست بكرێت.

ئەلێكس پلیتساس شرۆڤەكاری ئاسایشی نەتەوەی لە تۆڕی سی ئێن ئێن و بەرپرسی پێشوو لە پنتاگۆن لە سەردەمی سەرۆكایەتی باراك ئۆباما دەڵێ، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە ڕوونی باسی لە هەڵكردنی مەشخەڵی لەكارخستنی ڕژێمی ئیسلامیی ئێرانی لە ڕێی چەكداركردنی كوردەكان كردووە، كوردەكان هاوپەیمانی مێژوویی ئەمەریكان لە ناوچەكەدا.

پلیتساس دەڵێ،  تا سیستمی تەناهی و سەربازی ئێران دانەڕمێت، قورسە كۆنترۆڵی ئێران بكرێت، ئەمەریكا دەیەوێ بە چەكداركردنی كوردەكان ئیلهام بە گرووپەكانی تری پێكهاتەی گەلی ئێران ببەخشێت تا ڕووبەڕووی ڕژێم ببنەوە.

جێن گاڤیتۆ بەرپرسی پێشوو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و پسپۆر لە كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەردەمی جۆ بایدن گوتی، ئێمە نیگەرانین لەبارەی لێكەوتەكانی پڕچەككردنی كورد پێویستە بە وردی لێی بكۆڵرێتەوە.

سەرچاوەیەك لەوبارەیەوە دەڵێ، سوپای ئیسرائیل لە ڕۆژانی ڕابردوو بۆردمانەكانی بۆ ناوچە سنوورییەكانی نێوان ئێران و عێراق چڕ كردووەتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگە خۆش بكات بۆ ئەگەری گەڕانەوەی هێزەكانی كورد بۆ چوونە ناوچەكانی باكوری ڕۆژئاوای ئێران، بەرپرسێكی ئیسرائیلی گوتی كە ئەو بۆردمانانە یارمەتیدەر دەبن لە ڕۆژانی داهاتوو.

سەرچاوە ئاگادارەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، هەر هاوكارییەكی ئەمەریكی و ئیسرائیلی بۆ هێزی وشكایی كە كورد دەبن، تێچووی زۆرە و یارمەتیدەر دەبێ لە كەوتنی ڕژێمی ئێران، بەڵام هاوكارییەكانیش یەكجار زۆر دەبن كە هێزەكانی كورد پێویستیانە، چونكە ئەوان نە پێگە و نە سەرچاوەی مادی پێویستیان لە بەردەست نییە تا پشتیوانیی ڕاپەڕین لە دژی ئێران دروست بكەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د