سایكس پیكۆی 2026.. كاتی داڕشتنەوەی سنوورەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

:: AM:09:44:07/03/2026 ‌

نووسەرێكی ئیسرائیل لە بابەتێكی كە لە ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنۆتی ئیسرائیل بڵاو بووەتەوە دەڵێ، ئێستە كاتی گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كۆتاهێنانە بە نەخشەی سایكس-پیكۆی 1916 و داڕشتنەوەی سایكس- پیكۆی 2026یە، چونكە هێزەكانی هەرێمی زۆر لاوازن و دەوڵەتە نەتەوەییەكان  و هاوپەیمانییەكانی نێوانیان هەڵدەوەشێتەوە، ئەمەیش خواستەكانی كورد و واقیعێكی نوێ دێنێتە كایەوە كە پێویستە ئەمەریكا و ئیسرائیل لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێی بكەن.

مئیر سویسا نووسەر لە بابەتەكەی ئاماژەی داوە، جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژ بە" میحوەری شەڕ" مەبەست لێی ئێرانە، تەنیا بریتی نییە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی لە ناوچەكە، ئەو ململانێ و جەنگە دواجار نەخشەی كێشراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن فڕەنسا و بەریتانیاوە لە 1916 دەسڕێتەوە، ئێمە ئێستە بە شێوەیەكی راستەقینە و ڕوون شكستی ڕێككەوتنی سایكس-پیكۆ دەبینین و پێویستە بگەڕێینەوە بە بنەچەی سەرەكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فرەڕەنگ لە هۆز و عەشیرەت و میری لۆكاڵی.

ئاماژەی داوە، خامنەیی و ئیمپڕاتۆری شیعەی لەرزۆك و بەزەبری هێز وەستاو، شتێكە كە وڵاتانی ڕۆژئاوا ناتوانن لێی تێگەین و ناشیانەوێ لێی تێبگەن،  لەوكاتەی كە هێزی سەربازی بریكارەكانی ئێران دەستیان بە هەڵچوون و گرژییەكان كرد، چیتر ئایدلۆجیا بە تەنیا نەیتوانی كۆنترۆڵی خاكی ناوچەكە بكات، بێ پێڵاوی پاسداران لە بەیرووت و دیمەشق و سەنعا، میحوەری شیعی دەگەڕێتەوە شوێنە جیۆگرافییەكەی خۆی، كە كەمینەیەكی ڕاوەدوونراو و لاواز بوون لە ناو دەریایەكی سوننی  كە دوژمنیان بوون.

لە بەشێكی تری بابەتەكەدا هاتووە، شۆڕشی ئیسلامیی ئێران كە هەوڵ و كاری بۆ ئەوە دەكرد بە شیعەكردن هەناردەی دەرەوە بكات و خۆی بكات بە هێزێكی هەرێمی كە هەژموونی بەسەر ناوچەكە هەیە، دوژمنێكی هەڵەی هەڵبژارد، كاتێك جووی وەك دوژمن تەماشا كرد، لەو كاتەوە بڕیاری لە چارەنووسی خۆیدا و كۆتایی تەواوەتی نزیكە و كاتێكش گۆڕانكاری لە ڕژێمی ئێران دروست بوو، ئێمە و خۆیان لە بەرانبەر كۆنگرەی ئاشتی مێژوویی سایكس-پیكۆی 2026 دەبینینەوە.

سویسا باس لە دنیای سوننە دەكات و دەڵێ، ئێستە ئیسرائیل بە كردەیی بووەتە بەڵێندەری جێبەجێكاری بەرژەوەندییەكانی دنیای سوننە، وڵاتە عەرەبییە میانڕۆكان كە بە نهێنی خەون بە هەڵوەشانەوەی هیلالی شیعە دەبینن و بە ئاشكرا ترسیان هەیە باسی بكەن، گەیشتن بە ئامانجی سەرەكی خۆیان لە ناو سینییەكی زیوین بە دەست دەهێنن.

لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو سەركەوتن دەرئەنجام قورس لەسەر سیستمی كۆنی دابەشكاری ناوچەكە دروست دەكات، وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی كە خۆیان وەك دەوڵەتی نەتەوە و لەسەر شێوازی ڕۆژئاوا پێشان دەدەن، بە تەواوی گرنگیان بۆ بەرژەوەندیی ئەو نموونەیەی ڕۆژئاوا لە دەست داوە، چونكە ئەوان هۆز و عەشیرەتن دواجار، دووبارە دەبێ لە ڕێگەی یەكینەی حوكمكردنی ڕاستەقینە بەڕێوە ببرێن.

لە ناو ئەو ناوەندە پڕ لە ئاڵۆزییەدا، تاكە گرووپێك هەن خاوەنی تایبەتمەندین كە هیچ یەكێك لەوانەی تر نیانە لە ناوچەكە، ئەویش كوردەكانن كە چیرۆكێكی نەتەوەی یەكگرتوو و خاكێكی بەیەكەوەیی و نهێنی پۆڵاینیان هەیە، ئەوان هۆكاری سەرەكی گەشەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پشت بە ئایدلۆجیای ئاینی توندڕۆ نابەستن و بە سنووری دەستكردی داگیركەرانیش قەوارەیان نییە، هەروەها ئەوان یەكەم كەس بوون بە كە ڕژێمی سووریا و ئێرانیش بە ئاراستەی گۆڕینی سووریا و ئێستەیش ئێران دەهێننە گۆڕین.

ئەو گۆڕانكارییە بە كردەیی ڕوو دەدات، ئەمجارە دیپلۆماتكارانی ئەوروپا نەخشە و قەڵەم و كاغەزیان لە دەست نابێ تا نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكێشن، بەڵكو ئەوە ئەمەریكی و ئیسرائیلییەكان دەبن كە واقیعێكی نوێ دەخوڵقێنن و سیستمە كۆنەكە كۆتایی پێ دێنن و دووبارە دایدەڕێژنەوە، چاوەڕوانیش دەكرێ كە لبنان و سووریا یەكەم شوێنی تاقیكردنەوەی ئەم گۆڕانكارییانە بن.

ئێستە كاتی ئەوەیە گۆڕانكارییەكان بهێنرێنە دی، لە نێوان تاران و دەریای ناوەڕاست دەبێ ژمارەیەك دەوڵەتی نوێ بهێنرێنە بوون، كە لەسەر بنەمای ناسنامەی هۆزگەرایی خۆیانەوە ئەو دەوڵەتانە دروست دەكرێن، بەمشێوەیەیش ئاسایشی ناوچەكە بە تەواوی پارێزراو دەبێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د