بە ناو و شوێن.. مووشەكەكانی سەر هەولێر لە بارەگا فەرمییەكانی عێراقەوە دێن

:: AM:11:58:07/03/2026 ‌

سەرچاوە تەناهی و سیاسییەكان لەبارەی شوێن و ئەو لایەنانەی هێرش دەكەنە سەر هەولێر، قسەیان كرد و دووپات لەوە دەكەنەوە، سێ لیوای فەرمی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا بەرپرسن لەو هێرشانە، بڕیارەكەی سوودانیش بە دوورخستنەوەی بەرپرسی هەواڵگریی یەكە سەربازییەكانی ناوچەكە بە نادادپەروەرانە ناوبرد.

جێبەجێكاران ناسراون
سەرچاوەیەكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی "ئەلعالەم ئەلجەدید" ئاشكرای كرد، ئەو بۆردمانانەی لە دوای دەستپێكی هێرشكردنە سەر ئێران بۆ سەر هەولێر دەستی پێ كردووە، كە زیاتر دەوروبەری فڕۆكەخانە و كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر  و بنكەی سەربازی هەریر دەكرێنە ئامانج، لای هێزەكانی تەناهیی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئەوانەی بكەری ئەو هێرشانەن بە تەواوی ناسراون و شوێنی هەڵدانی مووشەكەكانیشیان دۆزیونەتەوە.

زیاتر گوتی، سێ گرووپی حەشدی شەعبی لەو كارە بەرپرسن، مووشەكەكان لە كەرتی لیوای 50 (میلیشیاكانی كەتائیبی بابلیون) و لیوای 30 (حەشدی شەبەك) و لیوای 14 (كەتیبەكانی سەیدولوشوهەدا)وە ئاراستە دەكرێن، ئەو سێ لیوایەی میلیشیاكان بنكە و بارەگاكانیان لە دەشتی نەینەوایە، دەكەونە سنووری كاری ئۆپراسیۆنی هێزە هاوبەشەكانی نەینەوا، ئەو ناوچانەیشی كە مووشەكەكانیان لێ هەڵدەدرێ، جیا لە ئەو میلیشیایانە و پۆلیسی ناوخۆ، هیچ هێزێكی تری لێ نییە.

شوێنی هەڵدانی مووشەكەكان
سەرچاوەكان نایشارنەوە كە هێزەكانی تەناهیی مووسڵ، توانیویانە شوێنی هەڵدانی مووشەكەكان بە ڕوونی پێشوەختە ئاشكرا بكەن، نایشارنەوە كە مووشەك و درۆن لە بارەگا سەرەكییەكانی ئەو سێ لیوایەی حەشدی شەعبی هەڵدەدرێن، نەك لە شوێنی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی نەینەوا و بارەگای لیوای 16ی سوپای عێراق.

گرووپی "تۆڵەسێنانی خوێن (سەرایای ئەولیا‌و الدم)" بە فەرمی لە سەرەتای هێرش و ئاڵۆزییەكانەوە، خۆی وەك بەشێك لە بەرگریی ئیسلامی (موقاوەمەی ئیسلامی) لە عێراق ناساند و دووپاتی لەوە كردەوە، دەستی بە بەكارهێنانی درۆنی بۆمبڕێژكراو بۆ سەر باڵوێزخانە و بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا ڕەوانە كردووە.

سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، هێزەكانی سوپای عێراق هەڕەشەیان كرد و هەوڵی ڕاگرتنی ئەو بۆسە و گرژییانەیان دا، تا چیتر ڕێگە بە دووربارەبوونەوەی هێرش لەو ناوچەیە دژی كوردستان ئەنجام نەدرێت. وەك ئەوەی لە ئەبو غرێب و بەسرە و تەواوی كەرتە سەربازییەكانی تر پێڕەوی دەكەن، بەڵام لیوای میلیشیاكان لە مووسڵ لەگەڵ هێزەكانی سوپا ڕێكناكەون و هاوئاهەنگی و هاریكاری لە نێوانیان نییە.

لە ئەنجامی ئەو گوێنەگرتن و سەرەڕۆییەی میلیشیاكان، دۆخەكە گەیشتە لە جۆرێك گرژی و ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان میلیشیاكان و سوپا بوونی هەبوو، بەتایبەت لەلایەن میلیشیاكانەوە كە هێزە فەرمییەكان خزمەتی ئەمەریكای دوژمن دەكەن.

سزایەكی نادادپەروەرانە
سەرچاوەكان بڕیاری فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی بە دوورخستنەوەی بەرپرسی دەزگەی هەواڵگریی لە دەشتی نەینەوا، دوای ئەوە هات یەكێك لە ئۆپراسیۆنەكان ئاشكرا كران، كاتێك سێ مووشەك لە ناوچەیەكی نێوان گوندی بەدەنە و فەنییە لە شارۆكەی حەمداییەی ڕۆژهەڵاتی مووسڵ ئەنجام درا، ئەمەیش وایكرد كە سەرۆك وەزیران بەڕێوەبەری هەواڵگریی كەرتی پارێزگەی نەینەوا و ژمارەیە بەرپرسی تری تەناهی ناوچەكەی لە كار دوورخستەوە.

یەكێك لە سەرچاوەكانی تەناهی لەوبارەیەوە گوتی، ئەگەر دەزگەی هەواڵگریی زانیاری تەواو پێش ئەنجامدانی هێرشەكە بگەیەنێتە سەرووی خۆی و دواتریش هێرشەكە ئەنجام بدرێت، كێ بەرپرسیاریەتی هەڵدەگرێت؟ ئایا لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوە دەكەی كە زانیارییەكەی پێداوی، یان ئەو هێزەی كە ناوچەكەی كۆنترۆڵ كردووە و هێرشەكەی ئەنجام داوە و ڕێگەیش نادات سوپای عێراقیش بچنە ناوچەكەیانەوە.

لە سەرەتای هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تا ئێستە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق زیاتر لە 67 هێرشیان لە دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە ئەنجام داوە و هەولێر و سلێمانییان كردووەتە ئامانج. ئەو جۆرە چالاكییانەیش مەترسی و پرسیاری قورس لەبارەی فراوانبوونی ئامانجی ئەو گرووپانە، بەتایبەت لە بەئامانجگرتنی كێڵگەكانی نەوت و گاز لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق و تێكدانی ژێرخانی وزەی عێراقی لێ بكەوێتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د