دەلتا فۆرس بۆ چوونە ناو ئێران ئامادەن.. یۆرانیۆم دەهێننە دەرەوەی ئێران

:: PM:01:20:08/03/2026 ‌

لە كاتێكدا حكوومەتی ترەمپ تاوتوێ ئەگەری ناردنی هێزی بژاردەی وشكایی بۆ ناو ئێران دەكات، كە ئەمە یەكێكە لە خواستەكانی ترەمپ و هەریەك لە فەرماندەیی ناوەندی هیزەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیلییەكانیش گرنگی بەو بیرۆكەیە دەدەن، تا هێزی بژاردە ڕەوانەی ئێران بكەن و وێستگە ئەتۆمییە سەرەكییەكان كۆنترۆڵ بكەن و دوای بردنی یۆرانیۆمی ناو وێستگەكان، سەرجەمیان خاپوور بكەن.

ئەمە یەكێكە لەو بژارانەی ناو كۆمەڵێك ئەگەر، چەندان جار خراوەتە بەرباس و هەر كاتێكیش پرس دەبێتە لەناوبردنی توانا ئەتۆمییەكانی ئێران، بەشێوەی كردەیی ئەو دۆسیەیە دەكرێتەوە، پسپۆرانی سەربازی ئاگادار دەڵێن، بژاردەی ناردنی هێزی وشكایی بۆ ئێران ماوەیەكی زۆرە گفتوگۆی لەسەر كراوە و ئامادەكاری بۆ دەكرێت.

تیمێكی ئەركە تایبەتەكانی سەربە سوپای ئەمەریكا بە ناوی "هێزی دەلتا" بە تەواوی ئامادەن و ماوەیەكی زۆریشە ئەركی ڕیشەكێشكردنی چەكی ناوكیان لە زۆر شوێن پێ سپێردراوە، ئەركیان چوونە ناو خاكی ئێران و وێستگەكانی ئەتۆمی دەبێ و لە ناو وێستگەكانیش وەك دەگوترێ "چەكی ئەتۆمی پارچەككراو و لەیەكهەڵوەشاوە" دەهێننە دەرەوە و بە فڕۆكە دواجار لە ئێران دەیبەنە دەرەوە، ئەمە هەموو جۆرە ئەو مادە چالاكانە دەگرێتەوە كە ئامێری ساردكەرەوەی مەركەزی یان هەر شتێكی تری پێوەست بەو دەردەهێنرێت و دەبرێت، وەك جۆناسان هاكیت لێكۆڵەر لە هێزی دەریایی و پسپۆر لە توانای ئۆپراسیۆنە تایبەتەكان باسی لێوە دەكات.

هاكیت دەڵێ، ئەوان ناچار نەبوون ئەمە لە ڕابردوو ئەنجام بدەن، بەڵام مەشقیان لەسەر كردووە، زۆر تایبەت و بەهرەمەندن لە جێبەجێكردنی ئەو پلانانە، ئەو بژارەیەیش خراوەتە ڕوو و لە بەردەستە، هەرچەندە زۆر تیشكی نەخراوەتەسەر لە میدیا، بەڵام ئەو پلانە بوونی هەیە.

لە حوزەیران/یۆنیۆی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ ئاشكرای كرد، دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران و و توانا ناوكییەكانی وێران دەكەن، ئێستە جێگەی بایەخ و گرنگیپێدانە كە یەكێكه‌ لە ئامانجەكانی ترەمپ كه‌ ڕانەگەیەنراوە لەو جەنگە، ئەویش ڕێگرتنە لە ئێران لە پەرەپێدانی چەكی ناوكی.

تا ئێستە ئەمەریكا و ئیسرائیل تواناكانی خۆیان چڕ كردووەتەوە لەسەر وێرانكردنی هێزی دەریایی ئێران و پیشەسازیی مووشەكی بالیستیك، بەڵام وێستگەكانی سەرەكی ناوكی، وەك وێستگەی شاری ئەسفەهان كە لەو بڕوایەدان تونێلی زۆر قووڵی لە ژێر زەوی و شاخ هەیە، زۆرترین ڕێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانی تێدایە كە دەتوانرێ بەو ڕێژەیە 10 بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم بهێنرێت.

ئێران بە كردەیی دەستی بە ئامادەكاری كردووە بۆ پاراستنی ئەسفەهان لە هەر هێرشێكی ئەمەریكی، وەك لە ڕاپۆرتێكی پەیمانگەی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە كۆتایی كانوونی دووەم/یەنایەری ڕابردوو ئاشكرای كرد، تاران دەستی بە هەوڵدانی نوێ كردووەتەوە بۆ ئەوەی دەروازەی تونێلەكانی ناوەڕاست و باشووری ئەسفەهان بە خاك و خۆڵ دابپۆشێت.

بەگوێرەی قسەكانی بەرپرسێكی پێشوو كە ئاگاداری گفتوگۆكانە دەڵێ، گورز وەشاندن لە دامەزراوە ئەتۆمییەكان بژارەیەكە ماوەیەكی زۆرە ئامادەكاری و گفتوگۆی لە نێوان هەردوو وڵات واتە ئیسرائیل ئەمەریكا لەسەركراوە.

ئەو بەرپرسە بە پێگه‌ی "سێمافۆر"ی ڕاگەیاندووە، وەزیری بەرگریی ئەوكات ئەیهود باراك پێشنیازی بۆ كۆشكی سپی كرد لەو كاتەی ئۆباما سەرۆكی ئەمەریكا بوو، كە هێزی كۆماندۆی ئیسرائیلی بۆ كۆنترۆڵكردنی وێستگەكانی ئەتۆمی لە ئەسفەهان و قوم و فۆردۆ ڕه‌وانه‌ بكات. بەڵام حكوومەتی ئۆباما بیرۆكەیان بە "شێتانە" ناو بردووه‌.

بەرپرسەكەی پێشوو دەڵێ، فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا "سێنتكۆم" لە سەردەمی حكوومەتەكانی پێشوو، پلانێكی وردی بۆ وەشاندنی بۆردمانی سەربازی بۆئەسفەهان لەلایەن ئەمەریكاوە و ناوچەكانی تریش ئامادە كردووە، بەڵام سەرچاوەیەكی تر بۆ "سێمافۆر" نایشارێتەوە، پلانی فریاكەوتن و لەناكاو بۆ داگیركردنی وێستگە سنووردارەكان و كاتییەكان دانراوه‌، ئه‌و ئاماده‌كارییانه‌یش پرسیاری زۆری  دروست كردووە و تا ئێستەیش پێویستیان بە وەڵامە.

سەرچاوەكە ڕوونی كردەوە، بەشێك لە پرسیارە میحوەرییەكان ئەوەیە، ئۆپراسیۆنەكە چەند كاتی دەوێ و تا چه‌ند كەشوهەوا لەبار دەبێت، مەترسی مادی و لۆجستییەكان چین، چەند شوێن كە پێویستە بۆ سەربازانی ئەمەریكا بۆی بچن و یۆرانیۆم و پلۆتۆنیۆمی پیتێنراو بەشێوەیەكی كارا بهێننه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌گه‌ڵخۆیان بیهێننه‌وه‌.

سپنسەر فاراگاسۆ توێژەری سەرەكی لە پەیمانگەی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێ، با چاوەڕوان بكەین و بزانین ئێران و ئیسرائیل بنكەكانی ئەسفەهان و تونێلەكانی بە ئامانج دەگرن، یان دەبێ تونێلەكان دابخەن، یان پێویستە بۆمبێكی جۆری GBU -57 بەكار بهێنن، كە توانایەكی زۆر بەهێزی هەیە بۆ هەڵكەندنی چاڵ و وێرانكردنی ئەو ڕێڕەوانەی لە ژێرەوە هەن.

میك مۆلەروی كە لە خولی یەكەمی ترەمپ یاریدەدەری جێگری وەزیری بەرگریی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە دەڵێ، سەرەتا لەو بڕوایەدام كە هەنگاوی یەكەم وەشاندنی گورزی ئاسمانی زیاترە لە مووشەكە ئاسنبڕەكان، دوای ئەوە دەتوانین سوور بین لەسەر وەشاندنی گورزی وشكایی، دەزانم كە یەكەی مەشقپێكراو و خاوەن توانای زۆر بەهێزن و دەتوانن  بچنە وێستگەكان یۆرانیومی پیتێنراو بهێنن، بەڵام دەبێ ئەو ڕاستییە نەشارینەوە كە هەڵمەتەكە لێوان لێوە لە مەترسی.


وشە - باز ئه‌حمه‌د