مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دووپات لەوە دەكاتەوە كە "بە هیچ جۆرێك قبووڵی ناكەن، پەلامارەكانی سەر هەرێمی كوردستان بەردەوام بن".
وڵات تاهیر
ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی و مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بەشدارییان لە پرسەی وڵات تاهیر؛ ئەو گەنجە كرد كە لە هێرشەكانی شەوی رابردووی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید كرا.
وڵات خاوەنی دوو منداڵە، بووە قوربانی ئەو بۆردمانە كوێرانەیەی كە كوێرەكان دژی هەولێر دەیكەن و رق و كینەی خۆیان دەڕێژن.
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی ماڵباتی شەهید وڵات تاهیر، سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد و گوتی "بێگومان ئەمە یەكەم شەهیدی كوردستان نییە و دوا شەهیدیش نابێت".
هیچ پاساوێك هەڵناگرێ
لە قسەكانیدا مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بە توندی سەركۆنەی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستانی كرد.
سەرۆك وەزیرانی كوردستان پەیامی دایە لایەنە سیاسییەكانی عێراق و گوتی، ئەو پەلامارانە هیچ پاساوێك هەڵناگرن و تەنیا لەبەر رق و كینەیەكی زۆرە بەرانبەر بە كوردستان و گەلەكەی.
"ئەو شۆفێنییانە پێویستە ئەوە بزانن كە ئەم هەڵوێستە دوژمنكارانەی ئێستە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان گرتوویانەتە بەر، لەبیری خەڵكی كوردستان ناچێت" سەرۆك وەزیرانی كوردستان وای گوت.
مەسروور بارزانی داوای لە حكوومەتی فیدراڵی عێراق و پەرلەمان كرد هەڵوێستیان هەبێت و سنوورێك بۆ ئەم تاوانبارانە دابنێن؛ "چونكە بەداخەوە تا ئێستەش ئەو گرووپانەی ئەم كارانە دەكەن، لەلایەن حكوومەتی بەغداوە پارەدار دەكرێن و مووچە و چەكیان پێ دەدرێت".
ئەم تیرۆریستانە چیتر پەلاماری كوردستان نەدەن
لە درێژەی لێدوانەكەیدا، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان پەیامێكی توندی دایە گرووپە لە یاسادەرچووەكان كە كوردستان دەكەنە ئامانج و گوتی، داوامان وایە ئەم تیرۆریستانە چیتر، پەلاماری كوردستان نەدەن و بەزۆر نەمانخەنە مەوقیفێك كە پێویست بێت ئێمە هەڵوێستی تر وەربگرین".
هەروەها دووپاتی كردەوە، بە هیچ جۆرێك قبووڵی ناكەین ئەم هێرشانە بەردەوام بن و قبووڵیش ناكەین خوێنی شەهیدانی ئێمە بەفیڕۆ بڕوات، هەموو هەوڵێك دەدەین كوردستان لە شەڕ و ئاژاوە بەدوور بگرین، بەڵام وەك جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمووی هەموو شتێك سنووری هەیە، هیوادارین حكوومەتی فیدراڵیش بێنە سەر هێڵ و سنوورێك بۆ تاوانباران دابنێت و چیتر پشتیوانییان نەكات.
"هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك جێگەی مەترسی نەبووە و نابێت بۆ سەر هیچ وڵاتێكی دراوسێ"، سەرۆك وەزیرانی كوردستان وای گوت، داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد، یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی هەرێمی كوردستان.
دۆخی كارەبا
لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە لەبارەی دۆخی كارەبا پرسیار ئاراستەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان كرا كە ئێستە بەهۆی شەڕی ئێران و ئیسرائیل-ئەمەریكا، هەناردەی غاز لە كۆرۆمۆر كەمكراوەتەوە و كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی كارەبا هەیە.
سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە وەڵامدا گوتی، كێشەكە لای ئێمەوە نییە، بەڵكو كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بەرهەمەكانیان كەمكردووەتەوە و هیوای خواست، دوای تەواوبوونی شەڕ، دۆخەكە بگەڕێتەوە ئاستی پێشووی خۆی و كێشەكە بە زووترین كات چارەسەر بكرێت.