دڵنیایی لە بوونی بڕی پێویست لە گازی شل دەدرێت و بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای غازی باكوری كەركووك رای گەیاند، رۆژانە 120 تۆن غازی شل بۆ پارێزگای سلێمانی دابین دەكەین.
ئەندازیار ئەحمەد عەبدولمەجید بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای غازی باكور رای گەیاند، رۆژانە بڕی دیاریكراوی غازی شل لە وەزارەتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی دابین دەكەن.
بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای غازی باكور دەشڵێت، ئەو بڕە غازەی ئێستە بۆ سلێمانی دابین دەكرێت، 120 تۆنە لە رۆژێكدا.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو بڕە هیچ ئاڵوگۆڕێكی بەسەردا نەهاتووە و بەردەوامیش دەبێت.
دڵنیایشی دا كە هیچ گرفتێك نییە لە بەرهەمهێنانی غازدا لە كەركووك و بەرهەمهێنانی غاز بەردەوامە. زیاتر گوتى، كۆمپانیاكەیان نەك بۆ سلێمانی، بەڵكو بۆ كەركووك و مووسڵ و سەلاحەدینیش غاز دابین دەكات.
بەهۆی راگرتنی كارەكانی كۆمپانیای دانەغاز لە كێڵگەی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستان، غازی ماڵان نرخەكەی هەڵكشاوە، بەڵام لە سبەینێوە بەتەواوی غاز دابین دەكرێت و بەوەش وەك رۆژانی پێشتر نەبوونی غاز كۆتایی دێت.
ئاسایشی سلێمانی و لیژنەكانی قایمقامییەت دەستوەردان دەكەن بۆ كۆنترۆڵكردنی بازاڕی غاز و ڕێگریكردن لە گرانبوونی نرخەكان، لە كاتێكدا ڕۆژانە 100 ئۆتۆمبێلی غاز بۆ دابینكردنی پێداویستیی ماڵان تەرخان كراوە.
كۆچەر تاهیر سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگەكانی غاز لە سلێمانی ڕای گەیاند، هێزەكانی ئاسایش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنەی غازی قایمقامییەت، بە شێوەیەكی مەیدانی چاودێری پرۆسەی فرۆشتنی غازی ماڵان دەكەن. ئامانج لەم هەنگاوە كۆنترۆڵكردنی نرخەكەیە بۆ ئەوەی ڕێگری لە قۆرخكاری بكرێت، ئێستە لە بەردەم بەنزینخانەكان هەر بوتڵێكی غاز بە 8,500 دینار دەفرۆشرێت.
سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگەكان ئاماژەی بەوە كرد، پێش دەستپێكردنی جەنگی نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران، ڕۆژانە 20,000 بوتڵ غاز لە ڕێگەی بریكارەكانەوە دابەش دەكرا. بەڵام پاش دەستپێكردنی جەنگ، بڕەكە بۆ 10,000 بوتڵ لە ناوەندی قەزای سلێمانی كەم بووەتەوە. بۆ پڕكردنەوەی ئەم كورتهێنانە، غازی پێویست لە شارۆچكە و شارەدێیەكانەوە بۆ ناوەندی سلێمانی دابین كراوە.
هاوكات حەكیم هاشم بریكاری غاز، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمرۆ یەكشەم دەست بە رێكارەكان بۆ دابەشكردنی غازی ماڵان بە سیستمی ئەلیكترۆنی لە هەولێریش كرا.
بەپێی بەرنامەی لە هەولێر دانراوە تا چوارشەم، سەرجەم رێكارەكان تەواو دەكرێن كە ئەوانەی خۆیان لەو سیستەمە تۆمار كردووە غازیان پێ دەدرێت، ئەوانەشی تا ئێستە خۆیان تۆمار نەكردووە پێویستە پەلە بكەن لە خۆ تۆماركردن لە سیستمی ئەلیكترۆنی بۆ ئەوەی ئەوانیش غازیان پێ بدرێت.