رۆژنامەی "جۆرزالیم پۆست"ی ئیسرائیلی وتارێكی "سووسان كویتاز"ی بڵاو كردووەتەوە كە تیایدا هاتووە، بەرپرسانی ئەمەریکا و سەرچاوە ناوچەییەکان دەڵێن، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ سەرکردە کوردەکان لە حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق قسەی کردووە، بۆ بڵاوپێکردنی هێزە کوردییەکان لە ناو ئێران بۆ یارمەتیدانی ڕووخانی ڕژێم لە تاران.
لە وتاری رۆژنامەكە زیاتر هاتووە، هەریەک لە ئەمەریکا و ئیسرائیل دەزانن کە کوردەکان شەڕکەری سەرسەختن، و ڕێکخراوترین و پڕچەکترین بەشی ئۆپۆزیسیۆنی پەرتەوازە و لاوازی ئێرانن. ژنانی کورد لە ڕیزی ئازاترین و باشترین ژنە شەڕکەرە مەشقپێکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.
دەقی وتارەكەی جۆرزالیم پۆست وەك خۆی:
ئەگەر هەر بەشێکی دانیشتووانی ئێران بتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ لاوازکردنی ڕژێم و هەڵگیرساندنی ڕاپەڕینێکی بەرفراوانتر بەرانبەری، بێگومان ئەوە کورد دەبێت. با ئەوەمان لەبیر نەچێت کە دوایین ڕاپەڕینی ئێران لە ساڵی 2023 لە ڕۆژهەڵات سەری هەڵدا، دوای ئەوەی ڕژێم کچە کوردی ئێرانی ژینا ئەمینیی کوشت. کوشتنەکەی بووە هۆی ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری.
لە ساڵی 2025، ترەمپ و سەرکردەکانی ڕۆژئاوا خیانەتیان لە کوردەکانی ڕۆژئاوا کرد. ئەمڕۆ زۆرێک لە کوردەکان داوا لە سەرکردەکانیان دەکەن کە لە ترەمپ بپرسن، "ئەمە چی تێدایە بۆ ئێمە؟ بۆچی ڕازی بین ببینە هێزی پیادە لەسەر زەوی؟"
ماوەیەکی کورت لەمەوبەر، ئەمەریکا و ڕۆژئاوا داوایان لە کورد کرد ببنە هێزی پیادە لەسەر زەوی. لە حوزەیرانی 2014، دەوڵەتی ئیسلامی خەلافەتی ڕاگەیاند، کە بەسەر عێراق و سووریادا کشا و بە نزیکەیی کۆنترۆڵی یەک لەسەر سێی سووریا و 40%ی عێراقی کرد. کورد لە سووریا و عێراق بوونە هاوبەشی سەرەکیی وشکانی بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دژی داعش. گەلی كورد ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە تێکشکاندنی داعش. لە نێوان ساڵانی 2015 و 2019، 11 هەزار شەڕکەری کورد گیانیان لەدەست دا لە شەڕی تێکشکاندنی داعشدا.
دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، کلیلی دیمەشق درا بە ئەحمەد شەرع، کە ناسراوە بە ئەبو محەمەد جۆلانی، تیرۆریستێکی پێشوو کە لە ساڵی 2003 چووەتە ناو ڕیزەکانی قاعیدە، لە ساڵی 2016 پێوەندییەکانی لەگەڵیان پچڕاند، و دواتر ڕێکخراوە تیرۆریستییە ئیسلامییەکەی خۆی دامەزراند.
ترەمپ و زۆرێک لە سەرکردەکانی ڕۆژئاوا فەرشی سووریان بۆ شەرع ڕاخست، کە حكوومەتە ڕاگوزەرەکەی لە سەرەتای ساڵی 2026 هێرشێکی گەورەی کردە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سەرۆکایەتیی کورد، بۆ چەسپاندنی کۆنترۆڵکردنی ڕۆژئاوا. ئەمەریکا کە هاوپەیمانی سەرەکیی کورد بوو، خیانەتی لێ کردن. ئەوان بەجێهێڵران بۆ بەرگریکردن لە شار و شارۆکە کوردییەکان بەرانبەر سوپای سووریا، کە لەلایەن ئیخوان موسلمین و تورکیا و قەتەرەوە پشتیوانی دەکرا.
ئەم جارە داواکارییەکە گەورەیە و سەرکێشییەکی گەورەشە. سەرکێشییەکە مەترسیی گەورەی تێدایە. ئەگەر هێرشی کورد و هەوڵەکانی جەنگی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ ڕووخاندنی ڕژێم شکست بهێنن، تاران بێگومان هێرشی تۆڵەسەندنەوە دەکاتە سەر حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق، بەڵام هێشتا زۆرێک لە گرووپە شەڕکەرە کوردییەکان، بەتایبەتی لە ناو ئێران، مەشقیان کردووە و چاوەڕێی ئەم ساتە مێژووییە دەکەن بۆ ڕووخاندنی ڕژێم لە تاران.
لەم دواییەدا، قسەم لەگەڵ جەنەڕاڵ حوسێن یەزدانپەنا، فەرماندەی گشتیی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) کرد، کە پێی گوتم، "ئێمە ماوەیەکی زۆرە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی شەڕ دەکەین. دەیان هەزار کەس لە گەلەکەمان قوربانی داوە. خۆم دوو برام و سەتان هاوڕێم لەدەست داوە. ئێمە پێزانینمان هەیە کە لە کۆتاییدا ئەمەریکا و ئیسرائیل هاتوونەتە ناو هێڵی گرتنەبەری ڕێوشوێنی ڕژد بەرانبەر کۆماری ئیسلامی. بۆ ئێمە، تەنانەت پێش ئەوەی پڕچەکمان بکەن، پێویستمان بە پاڵپشتیی سیاسی هەیە. کورد پێویستی بە دڵنیاییە کە تەنیا وەک هێزێکی شەڕکەری کاردانەوە بەکارناهێنرێت، کە دوای تەواوبوونی شەڕەکە قوربانییەکانیان بەفیڕۆ بچێت. پێویستە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی وەک هاوبەشێکی سیاسیی یەکسان مامەڵەمان لەگەڵ بکەن،" و دووپاتی کردەوە، "نابێت دداننان بە داهاتووی ئێراندا بەرهەمهێنانەوەی دیکتاتۆریەت و هەژموونێکی نوێ بێت دژی ئێمە و کەمینە نەتەوەییەکانی تر."
ئێران دەوڵەتێکی "فرەنەتەوەیە"، کە فارسەکان نزیکەی 48%ی دانیشتووان پێکدەهێنن. ئازەری و کوردەکان گەورەترین کەمینە نەتەوەییەکانن. ژمارەی کوردەکان بە نزیکەیی 15 ملیۆن کەس دەبێت و لە پارێزگاکانی ڕۆژئاوا دەژین.
بنەچەی پارتی ئازادیی کوردستان لە کوردستانی ئێرانە، بەڵام بە تێپەڕبوونی ساڵان، زۆرێک لە شەڕکەرەکانی بنکەکانیان گواستەوە بۆ هەرێمی کوردستان لە عێراق چونکە بەردەوام لەلایەن دەزگا تەناهییەکانی ئێرانەوە دەکرانە ئامانج.
جەنەڕاڵ یەزدانپەنا گوتی، لەو کاتەوەی ئەمەریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر کۆماری ئیسلامی، بنکەکانیان گواستووەتەوە، بەڵام دووپاتی کردەوە کە شەڕکەرەکانی هێشتا بۆ ناو ئێران نەگواستراونەتەوە.
هەروەها گوتی، "دەیان ساڵە چاوەڕێی ئەم ڕۆژەین. دەمانەوێت شار و شارۆکە کوردییەکان لە دەستی ئاسنینی مەلاکان ڕزگار بکەین. شەڕکەرەکانمان جەنگاوەری سەرسەختن." جەنەڕاڵەکە لە قسەکانی بەردەوام بوو، "بڕێکی سنووردار چەک و تۆپهاوێژمان هەیە. تا ئێستە هیچ وڵات و هێزێکی دەرەکی چەکی پێنەداوین. ئەگەر پاڵپشتیی سیاسی و سەربازیی ئەوانمان هەبووایە، ئەوا گەمارۆی کۆماری ئیسلامیمان لەسەر زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی سەرانسەری ئێران دەشکاند، نەک تەنیا لە ڕۆژهەڵات."
سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی وردی کردووەتە سەر بنکەکانی سوپای پاسداران لە ڕۆژهەڵات. یەکێک لە لێکدانەوەکان ئەوەیە بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر ناوچە کوردییەکان بێت. هەروەها خۆشکردنی زەمینەیە بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی ستراتیجی بۆ ئەوەی گرووپە کوردییەکان لە ڕێگەی کوردستانی عێراقەوە بچنە ناو ئێران و چەک بگوازنەوە بۆ ئەو شەڕکەرانەی کە پێشتر لە ڕۆژهەڵات جێگیر بوون.
بەڵام کردنەوەی ئەو ڕێڕەوە پێویستی بە پاڵپشتیی سەرکردە کوردەکان هەیە لە حكوومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەوان بە توندی دژی دەوەستنەوە بەهۆی ئەو مەترسییە گەورەیەی بۆ سەر تاکە ناوچەی بەڕێوەبراو لەلایەن کوردەوە دروستی دەکات. حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق جێگەی شانازیی هەموو کوردێکە و وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ کوردەکانی هەموو پارچەکانی کوردستانی مێژوویی کاری کردووە.
نابێت کورد ڕازی بێت وەک سوپایەکی بەکرێگیراو مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. سەرکردە کوردەکان لە حكوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵات نابێت پابەند بن بەوەی ببنە هێزی پیادە لەسەر زەوی پێش ئەوەی دڵنیایی تەواو بەدەست بهێنن کە مافە سیاسییە ڕەواکانی کورد دوای ڕووخانی ڕژێم لە ئێران دەپارێزرێت.
ماوەیەکی کورت لەمەوبەر، گیدعۆن سەعەر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتی، دیموکراسییەکانی ڕۆژئاوا "قەرزێکی گەورەی کورد لە ئەستۆیانە." لەوانەیە کاتی ئەوە هاتبێت کە ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمەریکا، ئەو قەرزە بداتەوە پێش ئەوەی داوای قەرزێکی تر لە کورد بکات!