بەشی زۆری ئەو هێرشانەی لە عێراقەوە دەكرێنە سەر كوردستان و بنكەكانی ئەمەریكا لە بەغدا دوو گرووپن، یەكەمیان كەتائیبی ئیمام عەلی و دووەمیان سەرایا ئەولیا دەم، حكوومەتی عێراق بەرانبەریان دەستەپاچەیە و ئەمەریكاش لەم رۆژانەدا حەشریان پێ دەكات.
لەم رۆژانەدا ئەمەریكا بەقورسی چەندان بارەگای ئەم دوو گرووپەی كردووەتە ئامانج، بەپێی زانیارییە میدیاییەكان، سەتانیان لێ كوشتوون و ئێستە لە ناوچەكانی مووسڵ و كەركووك لەناو خەڵك خۆیان دەشارنەوە، هەر لەو ناوچانەشەوە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و مووشەك دەهاوێژن.
ئەم دوو گرووپە لەم 12 رۆژەدا زۆرترین هێرشیان بۆ سەر كوردستان و بنكەكانی ئەمەریكا لە بەغدا و ناوچەكانی تری عێراق كردووە.
بەهۆی هێرشەكانیانەوە ئەمەریكا بەردەوام لە بارەگاكانیان دەدات، زانیارییە میدیاییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، لەم چەند رۆژەدا بارەگا فەرمییەكانیان چۆڵ كردووە.
كەتائیبی ئیمام عەلی
ئەم گرووپە باڵی سەربازیی "مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق"ـە و لە حوزەیرانی ساڵی 2014 دامەزراوە. لە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبیدا بە "لیوای 40 دەناسرێن.
گرووپەكە لەلایەن "شەبل زەیدی"ـیەوە سەرپەرشتی دەكرێت و پێشتریش كەسایەتییەكی وەك "ئەبو عیزرائیل" ناوبانگێكی زۆری بۆ پەیدا كردن.
لە ڕووی ئایدیۆلۆجی و سەربازییەوە كەتائیبی ئیمام عەلی نزیكایەتییەكی زۆری لەگەڵ فەیلەقی قودسی ئێرانی و حزبوڵای لبنانی و گرووپە توندڕەوەكانی شیعی هەیە.
ئەم گرووپانە سەرچاوەی داهاتن بۆ سوپای پاسداران و حزبوڵای لبنان، چونكە لە ماوەی ئەم 20 ساڵەدا بەشی زۆری پڕۆژەكانی مووسڵ و سنووری كەركووك و شارەكانی تری عێراقیان كۆنترۆڵ كردووە و بوونەتە خاوەن ملیاران دۆلار، بەمەش توانیویانە سەرچاوەی داهاتی سوپای ئێران و میلیشیاكانی ناوچەكە بن.
كەتائیبی ئیمام عەلی وەك بەشێك لە هاوپەیمانیی "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"، ڕۆڵی سەرەكی و مەیدانی هەبووە لە ئاراستەكردن و هەڵدانی ئەو پۆلە درۆنانە بۆ سەر كوردستان.
ئەم گرووپە خاوەن چەندان تاوان و پێشێلكاری مرۆییە و وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەت ئەمەریكا لە لیستی سزاكان دایناون.
جگە لە تێوەگلانیان لە تیرۆر، گرووپەكە تۆمەتبارە بە قاچاخیی نەوت و سپیكردنەوەی پارە و پارەوەرگرتن و دەستگرتن بەسەر زەوی و پڕۆژەی وەبەرهێنان.
سەرایا ئەولیا دەم
گرووپی سەرایا ئەولیا دەم دوو راگەیەنراوی لەبارەی هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە؛ جارێك گوتی بە گوژمەیەكی درۆن و جارێكی تریش ئاماژەی بەوە دا، بە مووشەكی "قارع" هێرشیان كردووەتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.
ئەو گرووپە دەمێكە ڤیدیۆی پڕوپاگەندەكانی لەبارەی مووشەك و درۆنەكانی لە كەناڵی تیلیگرام بڵاو دەكاتەوە، بەڵام لە دوای دەستپێكردنی هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە دوای 28ـی شوبات، زیاتر ناوی كەوتە ناو ناوان.
سەرایا ئەولیا دەم، گرووپێكی چەكداری شیعەی عێراقییە كە سەربە كۆماری ئیسلامیی ئێرانە. لە سەرەتای دروستبوونی جەنگەكەوە حەوت راگەیەنراوی جیاوازی بڵاو كردەوە كە پێنجیان هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشە درۆنی و مووشەكییانە بوون كە كراونەتە سەر هەرێمی كوردستان.
دەركەوتنی یەكەمجاری ئەو گرووپە لە ساڵی 2020 بوو، كاتێك لە 24ـی ئابی ئەو ساڵەدا بانگەشەی ئەوەی كرد كە هێرشی كردووەتە سەر ژمارەیەك بارهەڵگر گوایە كاڵا و پێداویستیی ئەمەریكیی تێدابووە.
گرووپەكە بەشێكە لەو گرووپانەی خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق" ناساندووە، كە هێزە پێكهێنەرەكانی نزیكن لە كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.
ئەگەرچی ئەم دوو گرووپە و ئەوانی تریش بوونەتە مەترسیی رژد لەسەر عێراق، بەڵام حكوومەت تا ئێستە دەستەپاچەیە و ناتوانێ رایانبگرێت، ئەمەش وایكردووە شەڕی ئێران بەردەوام بەشێكی بەر عێراق بكەوێت.