سوپای ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە، ڕووبەڕووی دۆخێكی قورس بوونەتەوە بۆ ڕێگرتن و وەڵامدانەوەی درۆنەكانی ئێران كە بەهۆی هێواش ڕۆیشتن و نزم فڕینەوە، سیستمەكانی بەرگری دەبڕن، تێچوویەكی كەمیان هەیە و زۆرجاریش كە سیستمەكانی بەرگریی دەیانپێكێت، پێویستە بە مووشەكێكی چەندان ملیۆن دۆلاری بە فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئێرانی وەبنێرێت.
بەرپرسێكی وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا لەوبارەیەوە گوتی، لە میانەی كۆبوونەوە داخراوەكانی كۆنگرێس بە وردی ئەمە باسی لێوە كراوە، شەپۆلی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان كە ئێران هەڵیاندەداتە ئاسمان سەركەوتوو بوون لە بڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئەمەریكا، ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداو لە بەردەم هەڕەشەیەكی گەورە و مەترسیدار بن، چونكە ڕۆژانە هێرشی زۆر و چڕیان دەكرێتەسەر، ئەمەیش وایكردووە تا ئێستە 13 سەربازی ئەمەریكی بكوژرێن و بریندار ببن.
ئەو
بەرپرسە دووپاتی لەوەیش كردووە، بۆ بەردانەوەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی جۆری شاهێد 136ی ئێرانی كە چەكێكی مامناوەند و كەم تێچووە، بە گوێرەی خەمڵاندنەكان هەر دوو هەزار دۆلارێكی ئەمەریكی دەوێت، تا دانەیەكی لێ دروست بكەیت، بەڵام هێزەكانی ئەمەریكا مووشەكی پاتریۆت و ساد بۆ خستنەخوارەوەیان، لە كاتێكدا هەر مووشەكێكی پاتریۆت و ساد پێویستی بەكاركردنی چەندان ساڵە و تێچووی ملیۆنان دۆلار هەیە.
لە هەفتەی ڕابردوودا دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ بەرپرسی گەورە كۆمپانیاكانی پیشەسازی بەرگری و سەربازی كۆبووەوه، لە ناویاندا كۆمپانیای لۆكهید مارتنی دروستكەری سیستمی ساد و رایسۆن و پاتریۆتیش بەشداری كۆبوونەوەكەی كردووە.
ترەمپ دوای دیدارەكە گوتی، كۆمپانیاكان ڕەزامەند بوون كە بەرهەمهێنانی بەرهەمە سەربازییەكانیان چوار هێندە زیاد بكەن و چەكی پێشكەوتوو بەرهەم بهێنن، لە بەرانبەر ئەوەدا پسپۆرانی بەرگری هۆشداری دەدەن كە تەنانەت زیادكردنی بەرهەمی كۆمپانیاكان بۆ ئێستە سوودی نابێت، چونكە دروستكردنی ئەو چەكانە بەلای كەمەوە پێویستی بە دوو ساڵ كاركردنە، بەڵام درۆنەكانی ئێران دەتوانن بۆ هەفتە یان مانگێك زیاتر كۆنترۆڵی ئاسمانی ناوچەكە بكەن، لەو كاتەی كە كۆگە و جبەخانەی ئەمەریكا بە تەواوی بوونی نامێنێت و سەرجەمی لە جەنگ بەكار دەبرێت.
كۆلین كلارك بەڕێوەبەری جێبەجێكاری سەنتەری سۆڤان بۆ توێژینەوە گوتی، ستراتیجی ئێران ئەوەیە كە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی بێ نرخ و كەمتر تێچوو بەكار بهێنێت، سوپای ئەمەریكا ناچار بكات بە مووشەكی زۆر گرانبەها تێكیانبشكێنێت و وەڵامی تاران بداتەوە. بەشێوەیەكی گشتی تاران دەیەوێ ئەو قسەیە جێبەجێ بكات كە دەڵێ "بمرە لە ڕێگەی هەزاران ژەمی بچووكەوە" بەم ڕێگەیەوە دەیەوێ هێڵەكانی بەرگریی ئەمەریكا و ئیسرائیل وێران بكات و دەست بەسەر ئاسمانی ناوچەكە بگرێت.
برێت فیلیكۆڤیچ سەربازی پێشوو لە هێزی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكانی هەواڵگری سەربازی، كە لەگەڵ یەكینەی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەی ئۆكراینایش لە جەنگی دژی ڕووسیا بەشدار بووە دەڵێ: شارەزایان چەند ساڵێك پێش ئێستە واشنتنیان دڵنیا كردەوە كە شەڕی داهاتوو شەڕی درۆنەكان دەبێت، بۆیە پێویستە خۆی بۆ ئەو ئەگەرە بە تەواوی ئامادە بكات.
زیاتر گوتی، ئێمە لەسەر زەوی بووین لە ئۆكراینا و بە چاوی خۆم بینیومە كە چۆن جەنگەكان پێشڤەچوونیان بەخۆیەوە بینیوە، درۆنەكان ڕۆڵی سەرەكی سەرباز دەگێڕن لە ناو جەنگی نوێدا.
ئەو سەربازەی پێشوو دەڵێ، سیستمی گرێبەستكردن لە ڕێگەی حكوومەتی فیدراڵییەوە لە ئەمەریكا بۆ داهێنانی ورد و خێرا دانەڕێژراوە، ئەمە ئەو گرفتەیە كە ئێستە وەزیری بەرگریی ئەمەریكا پیت هیگسیس دەبوو ساڵی ڕابردوو چارەسەری ئەو گرفتەی بكردایە، چونكه ئەو دەستپێشخەرییەكی لەوبارەیەوە ڕاگەیاند، كە ئامانج لێی كەمكردنەوەی بیرۆكراتی و خێراكردنی پرۆسەی پەرەپێدانی تەكنەلۆجیای سەربازی و جەنگی بە تایبەتیش بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی درۆنی ئەمەریكی جێبەجێ بكەن.
فیلیكۆڤیچ دەڵێ، گۆڕانكارییەكان بەو ئاستە پێویستە خێرا نەبوون، تا ئێستەیش پشت بە سیستمی كۆن بۆ پاراستنی باڵوێزخانەكانمان دەبەسترێت، هەروەها سیستمی نەهێشتنی درۆن پێویستی بە پەرەپێدانی زۆر هەیە.
لە سەرەتای دەستپێكی جەنگ لە دژی ئێران لەلایەن ئەمەریكا و ئیسرائیلەوە، تا ئێستە ئێران ڕۆژانە هەزاران فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و مووشەك ئاراستەی وڵاتانی دۆستی ئەمەریكا لە ناوچەكە دەكات. تا ئێستەیش دەیان درۆن ڕاداری سیستمی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆت و سادی لە وڵاتانی كەنداو بڕیوە و لەسەر زەوی كەوتووەتە خوارەوە و ئامانجەكانی خۆی پێكاوە.
كەیلی گریكۆ لە سەنتەری ستیمسۆن لەوبارەیەوە گوتی، پنتاگۆن چاوەڕوانی ئەو هەڕەشەیەی نەدەكرد، لە كاتێكدا چەندان ساڵە دووپات لە مەترسی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی ئێران دەكرێتەوە كە بەوهۆیەوە زیانی زۆر بەر لایەنی دوژمن دەكەوێت، بەتایبەت دوای ئەوەی درۆنەكانی ئێران لە شەڕی ئۆكراینا بەكار هێنران و كاریگەریی گەورەیان لەسەر ئاراستەی شەڕ بۆ بەرژەوەندیی ڕووسیا دانا.