دووكەڵی ژەهراوی بۆمبە تەقیوەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەكانی نەوتی ئێران، جارێكی تر لە شێوەی بارانی ڕەش و چەور بۆ سەر زەوی گەڕایەوە، ئەمەیش وایكردووە كە بەرپرسانی تەندروستیی نێودەوڵەتی هۆشداری بدەن، دوای ئەوەی چەندان كەس دووپاتیان لە سووتانەوەی چاو و قورسیی هەناسەدان كردەوە، كاتێك بەر ئەو بارانە كەوتن.
كاتێك
باران باری، ڕەنگێكی ڕەش و چەوری هەبوو، هۆكارەكەی بۆ ئەو كۆگە سووتەمەنییانە دەگەڕێتەوە كە ئیسرائیل لە تاران بە ئامانجی گرتن، جیا لەوەیش لە شوێنە جیاجیاكانی تری ئێران دووكەڵی ڕەش و ناخۆش بۆ ئاسمان بەرز بووەتەوە، ئەو دووكەڵەی بۆ ئاسمان بەرز بووەتەوە كە پاشماوەی بۆمبە تەقیوەكانی لە غازە جۆراوجۆرەكان هەڵگرتووە و بۆ ئاسمان بەرزی كردووەتەوە، ئێستە لەگەڵ بارانبارین ئەو غاز و پێكهاتە ژەهراوییانە دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ سەر زەوی و كاتێك بەر پێستی مرۆڤ بكەون، زیانی گەورەی پێ دەگەیەنن.
باران ئەو غاز و كانزا كیمیایانە لە ئاسمان دەشواتەوە و دەیانهێنێتەوە خوارەوە، ئەمە هەنگاوێكی باشە و بەرگەهەوای گۆی زەوی پاك دەبێتەوە، بەڵام بەركەوتنی ئەو بارانە بە هەر كەسێك زیانی زۆری دەبێت، بۆیە پێویستە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر، هەركاتێك بارانی ڕەش باری و لێی دوور بكەونەوە و نەچنە دەرەوە و بەر پێست و جەستەتان نەكەوێت.
بارانی ڕەش چییە؟
هاوشێوەی بارانبارینێكی ئاساییە، بەڵام لە ژینگەیەك یان شوێنێك كە مادەی كیمیایی و غازی ژەهراوی زۆر بوونی هەبێ و بەرەو ئاسمان بەرز ببێتەوە، لە ئاسمان ئەو غاز و كانزا كیمیاییانە لەگەڵ ئەو دڵۆپە ئاوانەی كە وردە وردە ئامادە دەبن تا ببن بە باران، یەكدەگرن و دواجاریش لەگەڵ بارینی غاز و كانزا ژەهراوییەكانیش دێنە خوارەوە بۆ سەر زەوی. بەشێوەیەكی گشتی ئەمجۆرە تەقینەوانە هایدرۆكاربۆنات كە سووتەمەنی بوونی هەیە، پێی دەگوترێ هایدرۆكاربۆناتی بۆنی فرەبازنە، هەروەها دوانەئۆكسیدی گۆگرد، ئۆكسیدی نایترۆجین كە دەبنە هۆی بارینی بارانی ترش و ڕەش. پیتەر ئادەمز پسپۆری ژینگە لە زانكۆی كارینگی دووپات لەو زانیارییانە دەكاتەوە.
مەترسییەكانی ئەو جۆرە بارانە بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ
تەمومژی ڕەشی ورد كە تەنۆلكەكانی ناو تەمومژەكە 40 هێندە بچووكتر لە باریكی مووی مرۆڤ، ئەو جۆرە تەمومژە ڕەش و ژەهراوییە لە قووڵایی سییەكان و ڕێڕەوەكانی خوێن جێگیر دەبێ و دەبێتە هۆی دروستبوونی كێشە لە هەناسەدان و دڵ و دواجاریش تووشبوون بە مەرگی پێشوەختە. هەروەها هایدرۆكاربۆناتی بۆنی فرەبازنە PAHs ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زۆر زیاد دەكات.
بەهۆی بینینی ئەو جۆرە بارانە لە تاران و چەند ناوچەیەكی ئێران، پسپۆرانی كیمیایی بەرگەهەوا هۆشدارییان بە خەڵكی ئێران دا كە لە ماڵەكانیان نەچنە دەرەوە. ڤای ماكنێل پسپۆری ئەندازەی كیمیایی لە زانكۆی كۆڵۆمبیا گوتی، تەنانەت پیسبوونی ئاسایی هەوا دەبێتە هۆی كێشەی تەندروستی و كەسانی بەتەمەن و ئەوانەی كێشەی سییەكانیان هەیە، ناچار دەكات ڕوو لە نەخۆشخانە بكەن. كەواتە ئەگەر پیسبوونی هەوا و باران بەم ئاستەی باسمان كرد مەترسیدار بێت، ئەوا كاریگەرییەكانی بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ دەیان جار خراپتر دەبێت.
بەشێك لە خەڵكی ئێران ترسی ئەوەیان هەیە كە پیسبوونی باران بووبێتە هۆی ئەوەی كانزای قورسیشی هەڵگرتبێت، بەتایبەت بە تێكەڵبوونی تانكەكانی ئاو و پاشماوەی ئاوەڕۆیی لەو شوێنانەی كە بۆردمان كراون، بەهەمانشێوە لەگەڵ تەقینەوە بۆ ئاسمان بەرز بوونەتەوە.
لەبارەی ماوەی مانەوەی ئەو تەنە ژەهراوییانە لە ئاسمان، پیتەر ئادەمز پسپۆری ژینگە لە زانكۆی كارینگی دەڵێ، بەشێوەیەكی گشتی كۆگەكانی سووتەمەنی چەند سەعاتێك دەمێننەوە و دەسووتێن و تەنە ژەهراوییەكان لە هەوا بڵاو دەكەنەوە، وەك ئەوەی بەر لە 25 ساڵ لە كوێت ڕووی دا، بەڵام ئەگەر كێڵگە نەوتییەكان بە ئامانج بگیرێن، ئەوا تەن و غازە ژەهراوییەكان بۆ ماوەیەكی زۆر لە هەوا دەمێننەوە و بە تەواوی ناوچەكە ژەهراوی دەكەن.
بەشێوەیەكی گشتی سووتانی كۆگەی سووتەمەنی، پێویستی بە سێ تا حەوت ڕۆژە تا بە تەواوی شوێنەواری لە ناو هەوا و لەسەر باران نەمێنێت، چونكە تا ئەوكاتە مادە ژەهراوییەكان دەچنە ناو بەرگەهەوای گۆی زەوی و لەناو دەبرێن. بەڵام نازانین لە هێرشەكانی داهاتوو چی لە ئێران ڕوو دەدات، ئایا كۆگەی سووتەمەنیی تر یان كێڵگەی نەوتی تر دەكرێنە ئامانج، هەموو ئەوانە ڕۆڵ دەبینن لە قەبارەی مەترسییەكان بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ لەو وڵاتەدا. بۆیە ئەمە جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە، ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆر ئەو ژەهرە بچێتە ناو هەواوە كاریگەریی لەسەر هەوای نەك تەنیا ئێران، بەڵكو ناوچەكەیش دەبێت و دانیشتووانی وڵاتانی دراوسێی ئێرانیش زیانی زۆر بە تەندروستییان دەگات.