یەكێتیی ئەوروپا پێشنیازی كردووە، نەوتی كەنداو هاوشێوەی هەناردەكردنی گەنمی ئۆكراینا بۆ وڵاتانی تری دنیا لە سەروبەندی شەڕی ڕووسیا و ئۆكراینا ڕەوانەی بازاڕی وزەی جیهانی بكرێ، بەڵام ئایا ئەو هەوڵ و بیرۆكەیەی برۆكسل سەردەگرێت؟
كایا كالاس بەرپرسی كۆمسیۆنی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا، دوێنێ ئەو دەسپێشخەرییەی ڕاگەیاند و ئەمڕۆیش دووپاتی لەوە كردەوە، دەسپێشخەرییەكی ئاراستەی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە و گفتوگۆی لەسەر ئەو بیرۆكەیە لەگەڵ كردوون، تا ئاسانكاری دەرچوونی نەوت و غاز لە گەرووی هورمز بۆ دەرەوە بكرێت، ئەمەیش لە ڕێگەی ڕێككەوتنێكەوە دەبێت، كە ئێران و ئەمەریكا پێویستە پێی بگەن و پێوەی پابەند بن.
بەگوێرەی ئەو ڕێككەوتنەی كە لە نێوان ئۆكراینا و ڕووسیا لە سەرەتای جەنگی ئەو دوو وڵاتە بە ناڕاستەوخۆ گفتوگۆی لەسەر كرا و ناوەڕۆكەكەیشی بریتی بوو لەوەی كە مۆسكۆ ڕێ بە كیێڤ دەدات، گەنم و كەلوپەلی خۆراك و پەین لە ڕێگەی دەریای ڕەشەوە بنێرێتە دەرەوە و بە هیچ شێوەیەك هێرشی ناكاتە سەر، لە بەرانبەردا ئۆكراینایش دەبێ پابەندی بێ كە هێرشی چەكداری نەكاتە سەر هیچ كەشتی مەدەنی و بازرگانی لە ئاوەكانی دەریای ڕەش.
كایا كالاس لە دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا گوتی، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتیریش سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان قسەم كردووە و بیرۆكەكەم پێگەیاندووە بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز، كە ئێستە بەهۆی جەنگەوە بەشێوەیەكی نیوچە داخراو ماوەتەوە.
ئەو بەرپرسەی یەكێتیی ئەوروپا دەڵێ، داوام لە گۆتیرش كرد كە وەك نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو دەستپێشخەرییە بكەن، كە پێشتر بۆ مامەڵەكردن لە دەریای ڕەش لە نێوان مۆسۆ و كیێڤ ئەنجامتان دا.
لەوبارەیەوە ستیڤان دوجاریك گوتەبێژ بە ناوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕای گەیاند، گفتوگۆكان لەبارەی دەسپێشخەرییەك بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز گەرمن. هۆشداریی دا كە مەترسییەكان زۆرن و نەتەوە یەكگرتووەكان بە نهێنی كار بۆ ئەو دەستپێشخەرییە دەكات.
بۆ گرتنەبەری هەنگاوێكی لەم جۆرەیش بڕیارە ئەمڕۆ سێشەم سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بگاتە برۆكسل و لەگەڵ سەركردەكانی ئەوروپا، تاوتوێی ئەو دەستپێشخەرییە بە فەرمی بكات و بیخاتە بەردەم سەرجەم وڵاتانی دنیاوە.
دوای هێرشی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، تاران بەربەست و گرفتی گەورەی لە بەردەم جووڵەی كەشتییەكانی گوێزەرەوەی نەوت و غاز و كاڵای بازرگانی لە كەنداوەوە بۆ وڵاتانی تری دنیا و بە پێچەوانەوەیش دروست كردووە، تا ئێستەیش لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگ لە سێیەم هەفتە كێشە و گرفتەكان قووڵتر بوونەتەوە و چارەسەر نەكراون.
لە ڕۆژانی ڕابردوو هێزەكانی ئێران چەندان كەشتیی گوێزەرەوەیان كردووەتە ئامانج لەو كاتەی ویستوویانە بە گەرووی
هورمز تێپەڕ ببن و بۆردمانی كردوون و پەلاماری داون، ئەمەیش وایكردووە هەناردەی نەوتی پێنج وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت بۆ وڵاتانی تری دنیا بوەستێت، وڵاتانی دنیا كێشە و هەڕەشەی گەورەیان لەسەر دروست دەبێ، ئەگەر دۆخەكە بەمجۆرە بێت.
كایا كالاس بەرپرسی كۆمسیۆنی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا دەڵێ، مانەوەی گەرووی هورمز بە داخراوی هەڕەشەیەكی ڕاستەقینە و گەورە لەسەر گەیشتنی پێویستییەكانی وزە بۆ ئێمە دروست دەكات.
زیاتر گوتی، ئەگەر پەینی كەم بگاتە وڵاتانی تری دنیا ئەمساڵ، ئەوا بۆ ساڵی داهاتوو كاریگەریی هەر لەسەر كەرتی وزە نابێت، بەڵكو خۆراكیش لە دنیا كەم دەكاتەوە، ئەمەیش تەنگژەكە بە تەواوی فرەوانتر و قووڵتر دەكاتەوە.
لەبارەی ناردنی تیمی یەكێتیی ئەوروپا بۆ ناوچەكە ئەو بەرپرسە گوتی، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپا تاوتوێی ناردنی تیمێكی بچووكی دەریایی سەر بە یەكێتیی ئەوروپای سەربە یەكێتیی ئەوروپایشیان كردووە.
ئەو تیمەی كە ئەوروپا بە نیازە ڕەوانەی بكات، ناویان ئەسپیدسە و لە دەریای سوور لە ئەركدان بۆ پاراستنی ڕێڕەوی دەریای سوور لە هێرشی حووسییەكانی یەمەن.
دنیا تای گرتووە و هەوڵەكان لە ئەمەریكایشەوە زۆر چڕ بوونەتەوە، تا هاوپەیمانی بۆ پاراستن و دەستەبەری سەلامەتی هاموشۆی كەشتییەكان بە ناو گەرووی هورمز. چونكە ئەوروپا و ئەمەریكا و زۆرینەی وڵاتانی تری دنیایش بەرژەوەندییان لەگەڵ كرانەوەی گەرووەكەیە.
لە تەك ئەو هەوڵەی یەكێتیی ئەوروپا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكایش لە كاركردن بەردەوامە بۆ كۆكردنەوەی وڵاتان لە دەوری خۆی و ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی هورمز، كە ئامانج لێی ناردنی هێزی هاوبەشی هاوپەیمانییەكە و ناچاركردنی ئێرانە لە وازهێنان و پاشەكشەكردن لە بە ئامانجگرتنی ئەو كەشتییانەی بە ناوچەكە تێپەڕ دەبن.