گەورەترین گرتووخانەی سیاسیی لە ئێران مەترسیی لەسەرە

:: PM:03:29:17/03/2026 ‌
بەگوێرەی زانیارییە دزەپێكراوەكان، لە دوای دەستپێكردنی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل، دۆخی گرتووخانەكان لەو وڵاتە بەرەو خراپی زیاتر بووە، ئێستە گرتووخانەی ئەوین لە خراپترین دۆخیدایە، جیا لەوەی رووبەڕووی مەترسیی گەورەی نەبوونی خزمەتگوزاری رووی تێكردووە، هاوكات سزادانی گیراوانیش زیاتر بووە. 

ئەوین
گرتووخانەی ئەوین گەورەترین گرتووخانەی سیاسییە و دەكەوێتە بەشی باكوری تارانی پایتەختی ئێران، ئێران ئەم گرتووخانەیە زیاتر بۆ گرتنی نەیارەكانی بەكار دەهێنێت، بەپێی راپۆرتەكانی چاودێری مافی مرۆڤ، بەهۆی جەنگی نێوان ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل- ئەمەریكا پێشێلكارییەكانی بەرانبەر گیراوان و بەتایبەتی گیراوانی سیاسیی چڕتر بووەتەوە. ئەوەیش هۆكار بووە كە ناوەند و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ هۆشداریی بدەن. 

گیراوان لە گرتووخانەی ئەوین ڕووبەڕووی بیستنی دەنگی تەقینەوەكانی پارێزگای تاران پایتەختی ئێران بوونەتەوە و لە ژینگەیەكی پڕ لە دڵەڕاوكێدا دەژین، بەو هۆیەوە بەرپرسان و پاسەوان و كارمەندانی گرتووخانەكە شوێنەكەیان جێهێشتووە و بە داخستنی گرتووخانەكە دژی گیراوانی سیاسی و سەپاندنی قەدەغەكردنی هاتوچۆ بۆ بەشەكانی تری گرتووخانە، بارودۆخی گیراوان لە دۆخێكی كارەساتبار و مەترسیدایە.

گرتووخانە بە تاریكی
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاوی گەرم لە گرتووخانەی ئەوین پچڕاوە و كارەباش پچڕاوە، لە هەمان كاتدا ژمارەیەكی زۆر لە گیراوەكان تووشی پەتای جۆراوجۆر بوون، بەڵام دەزگا تەندروستییەكان زۆر سنووردارن، تەنیا بڕێكی كەم لە دەرمان بە نەخۆشەكان دراوە، ئێستە گیراوەكان دەستیان بە پزیشك و چارەسەر وەرگرتن ناگات و زۆربەیان لە خزمەتگوزاریی پزیشكییە سەرەتاییەكان بێبەش كراون.

 دەستبەسەركراوەكانی خۆپێشاندانەكانی ئەمدواییەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بۆ قەڵغانی مرۆیی بۆ بنكە سەربازییەكان گواستراونەتەوە، گیراوان دژی ئەو كارە وەستاونەتەوە و بەو هۆیەوە لەلایەن بەرپرسانی گرتووخانەكە ئەشكەنجەی گیراوەكان دراوە.

 وەك رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەڵێن، بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی گواستنەوەی زۆرەملێی گیراوانی گرتووخانەی ئەوین بۆ گرتووخانە و بنكە سەربازییەكانی سوپای پاسداران، بێسەروشوێنكردنیان و پچڕانی تەواوی پێوەندیی گیراوەكان لەگەڵ خێزانەكانیان مەترسیدارە.

هەڕەشەی بۆردمانكردن
ڕەزا خاندان چالاكی مافەكانی مرۆڤ لەبارەی بارودۆخی گیراوانی ئەوین ڕای گەیاند، هەزاران گیراو بەبێ هۆكار و بە نایاسایی لە گرتووخانەكاندا ڕاگیراون، لە كاتێكدا هەڕەشەی بۆردمانكردنی گرتووخانەكە مەترسیی خستووەتە سەر گیراوەكان و زۆر لە خزمەتگوزارییەكان بۆ گیراوەكان بڕاوە.

ئەو چالاكە هۆشداریی دا ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، ئەوە دۆخەكە بەرەو مەترسیی دەڕوات، ئەمجارە هیچ پاساوێك قبووڵ ناكرێت و بەرپرسیاریەتی ڕاستەوخۆی ژیانی گیراوەكان دەكەوێتە ئەستۆی سیستمی دادوەری و ڕێكخراوی گرتووخانەكان.

هاوكات كەمپینی ئازادی وریشە مورادی گیراوی سیاسیی كورد كە لە گرتووخانەی ئەوین گیراون، داوای ئازادكردنی دەستبەجێی گیراوان دەكەن و دووپات لە پێویستی گەرەنتی سەلامەتی جەستەیی گیراوەكان كردەوە، كە دەبێت گیراوەكان بەتایبەتی گیراوانی سیاسی لە هەلومەرجی جەنگدا مافی ئازادكردنیان هەبێت.



وشە - وشه‌