مەسروور بارزانی: لەگەڵ ئەوەین نەوت هەناردەی دەرەوە بكرێت

:: PM:04:38:17/03/2026 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاند، چاوەڕوانی ئەوە لە حكوومەتی فیدراڵی دەكەین كە لە ئاستی بەرپرسیارێتی خۆیاندا بن و نەهێڵن چیتر ئەم گرووپە لە یاسا دەرچووانە، بەم شێوەیە پەلاماری كوردستان بدەن.

ئەمڕۆ سێشەم 17ی ئادار، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی لیژنەی تەناهی و قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر كرد و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، هەر وەك پێشتریش لە خۆشی و ناخۆشی پێكەوە بووین، ئێستەش پێكەوە دەبین، مان و مردنمان پێكەوە دەبێت و ئاسۆیەكی گەش و ئاشتی و سەقامگیری چاوەڕێی وڵاتەكەمان دەكات.

دەقی قسەكانی مەسروور بارزانی لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا:

رۆژتان باش
ئێمە ئەمڕۆ هاتین بۆ ئێرە لە پارێزگای هەولێر سەردانی ژووری ئۆپەراسیۆن بكەین بۆ بەسەركردنەوەیان و دڵنیابوون لەوەی كە ئینشەڵڵا شاری هەولێر و كوردستان لە دەستێكی ئەمین و ئارامدایە و ئینشەڵا سەقامگیری و ئاسایش لە كوردستان بەردەوام دەبێت.

من سوپاسی جهود و خەمخۆری و شەونخوونیی هەموو ئەو هێز و لایەنانە دەكەم كە بەڕاستی بە هەستێكی بەرزی بەرپرسیارێتییەوە رەفتاریان كردووە، هێزەكانی پێشمەرگە و زێرەڤانی و پۆلیس و ئاسایش و هێزەكانی ئەمنی و بەرگری شارستانی و دائیرەكانی خزمەتگوزاری و تەندروستی و هەموو ئەو بەڕێزانەی كە شەو و رۆژ خزمەتی خەڵكی كوردستان دەكەن بۆ ئەوەی نەهێڵن خوا نەخواستە هیچ كەمتەرخەمییەك رووبدات، و خەڵكی ئێمە دەبێت دڵنیابن كە ئێمە هەمیشە لە خەمی وەزعی ئەوانداین و هەرچی پێمان بكرێت بۆ باشتركردنی وەزعەكە و بۆ ئەوەی كوردستانمان پارێزراوبێت دەیكەین.

هەر وەكوو پێشتریش لە خۆشی و ناخۆشی پێكەوە بووین، ئێستاش پێكەوە دەبین، مان و مردنمان پێكەوە دەبێت و ئینشەڵا ئاسۆیەكی گەش و ئاشتی و سەقامگیری چاوەڕێی وڵاتەكەمان دەكات و دەمەوێت خەڵكی كوردستان هەموو دڵنیابن كە ئێمە بە هەموو توانایەكی خۆمان هەوڵ دەدەین كە كوردستانمان پارێزراوبێت، خەڵكی ئێمە پارێزراوبێت.

هەرچەندە ئێستا ناوچەكەمان بە شەڕێكدا تێدەپەڕێت كە ئەم شەڕە نە ئێمە دەستمان پێكردووە، نە دەتوانین بیشی وەستێنین، بەڵام هەموو هەوڵێك دەدەین كە كوردستانمان پارێزراوبێت و خەڵكی ئێمە پارێزراوبێت.

من هەروەها دەمەوێت پیرۆزبایی مانگی رەمەزان و هاتنی جەژنی رەمەزان و جەژنی نەورۆزیش لە هەموو خەڵكی كوردستان و موسڵمانان پیرۆز بكەم، هیوادارم كە جەژنی خێر و خۆشی بێت و ئینشەڵڵا خێر و بەرەكەت روو لە وڵاتەكەمان بكات و گرژی و ناخۆشیش بەرەو كۆتایی بڕۆن ئینشەڵڵا.

ئەم شەڕەی كە ئێستا هەیە بێگومان كاریگەری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستانیش هەبووە، بەڵام هەروەك باسم كرد، ئێمە بەشێك نەبووین لەم شەڕە، و دەمانەوێت كوردستانمان پارێزراوبێت، هەرچەندە هەندێك جار بەداخەوە پەلاماری كوردستان دراوە بە درۆن و بە مووشەك، كە هیچ پاساوێك هەڵناگرێت وە هەرێمی كوردستان نە مەترسییە بۆ سەر كەسێك، نە بەشێكە لە هیچ پلانێك و مەترسییەك بۆ هیچ لایەنێك.

 بۆیە داوا دەكەین لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی لە حكوومەتی فیدراڵی كە رێگری بكەن لەو كەسانەی پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدەن، بەتایبەتی ئەو هێز و گرووپە لەیاسادەرچووانەی كە بە درۆن بەردەوام پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدەن، ئەمە هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و حكوومەتی فیدراڵی بەرپرسە بە راگرتنی ئەمانە، بە سنووردانان بۆ ئەمانە، چونكە بەشێك لەمانە مووچەخۆری حكوومەتی فیدراڵین لەلایەن حكوومەتی فیدراڵییەوە پڕچەك و پارەدار كراون و ئێستا چاوەڕوانی ئەوە لە حكوومەتی فیدراڵی دەكەین كە لە ئاستی بەرپرسیارێتی خۆیاندا بن و نەهێڵن چیتر ئەم گرووپانە بەم شێوەیە پەلاماری كوردستان بدەن.

سوپاسێكی زۆری هاوپەیمانان دەكەین كە بەڕاستی دەورێكی یەكجار زۆرباشیان هەبووە لە خستنەخوارەوەی ئەو درۆن و مووشەكانەی كە ئاراستەی بەتایبەتی شاری هەولێر دەكرێن، و سوپاسی پشتیوانیی هەموو دۆستەكانمان دەكەین كە لەگەڵمان وەستاون و ئێمەش بەردەوام دەبین لەوەی كە پارێزگاری لە دەستكەوت و مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەین.

دەمەوێت خەڵكی هەرێمی كوردستان دڵنیابن لەوەی كە ئێمە هەرچیمان پێبكرێت دەیكەین بۆ پاراستنیان و سوپاسی خۆڕاگری و ماندووبوونی هەموولایەكیش دەكەم، سەرەخۆشی لە ماڵە شەهیدان دەكەم، سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەو شەهیدە سەربەرزانە دەكەم چی ئێستا چی پێشووتر كە بۆ بەرگریكردن و پاراستنی هەرێمی كوردستان خوێنیان بەخشیوە، تەمەننای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازم و هیوادارم بە زووترین كات ئەوانیش چاك ببنەوە و سوپاسی ماندووبوونی خەڵكی كوردستانیش دەكەم كە تەحەمولێكی زۆریان كردووە بەتایبەتی زۆرجار پارچەی ئەو مووشەك و درۆنانەی كە لێدەدرێن دەكەونە خوارەوە بەر ماڵان دەكەون، هیوادارم ئەوانیش ئینشەڵا هەرچی ئەگەر ئێمە پێمان بكرێت بۆ یارمەتیدانیان پەیوەندیمان پێوەبكەن بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر یارمەتی ئەوانیش بدەین.

لەو ماوەیەدا بابەتێكی تر هەبوو كە دەمویست لەسەر ئەویش چەند خاڵێك هەیە باسی بكەم، بابەتی هەناردەنەكردنی نەوتە بۆ دەرەوە كە لەم دوو سێ ڕۆژەی رابردوو بینیمان چەندین بەیاننامە دەرچوون، هەم لەلای حكوومەتی فیدراڵییەوە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە هەم لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە، ئەوەی راستی بێت من دەمەوێت بۆ خەڵكی كوردستان شی بكەمەوە و راستی بكەمەوە كە ئێمە وەكوو هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەموو كەسێك پەرۆشی وەزعی ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستانین، پەرۆشی بابەتی مووچە و دابینكردنی بژێویی ژیانی خەڵكی كوردستانین، هیچ كەسێك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر خەمخۆری ئەم بابەتە نەبووە و نییە.
بۆیە ئێستاش من دووپاتی دەكەمەوە كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەیە نەوت هەناردەی دەرێ بكرێت، بەڵام هەندێك راستی هەیە دەبێ بگوترێت.

حكوومەتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی كە دەینارد بە چەندین ملیۆن بەرمیل ڕۆژانە بووە، كە چوار بۆ پێنج ملیۆن بەرمیل بووە، ئەوەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دێت، حودوودی 220، 230 تا 250 هەزار بەرمیلە، ئەوەی تر كە حكوومەتی عێراق داوا دەكات لە كەركووكەوە بە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ جیهان و بە رێگەی توركیاوە هەناردە بكرێت با ئەویش 250، 300 هەزارێكی تر بێت لەوە زیاتر نییە، بە هەموویەوە ناكاتە نیو ملیۆن بەرمیل كە ئەمە بە هیچ جۆرێك قەرەبووی ئەو نەوتە ناكات كە عێراق تا ئێستا نەی توانیوە بە رێگەی ترەوە هەناردە بكات، هیوادارین ڕێگە هەبێت كە حكوومەتی عێراق بتوانێ نەوتی خۆی لە هەموو شوێنێك هەناردەی دەرێ بكات، هەرێمی كوردستان رێگر نییە، هەرێمی كوردستان تەنیا داوای ئەوەی كردووە كە گەرەنتی هەبێت كە ئێمە بتوانین لە كێڵگەكانی خۆشمان نەوت بەرهەم بێنین، بەداخەوە لەو ماوەیەی رابردوو بەهۆی بۆردوومانكردنی كێڵگە نەوتی و غازی لە هەرێمی كوردستان بەرهەمی نەوت و غاز وەستاوە تا حەدێكی زۆر كەمی كردووە.

 ئەمە خەتایەكە خەتای ئەو پەلاماردانەیە، خەتای ئەو هەموو هێرشانەیە كە دەكرێتە سەر ئەم كێڵگانە، داوامان لە حكوومەتی فیدراڵی كردووە هێرشی سەر ئەم كێڵگانە بوەستێ بۆ ئەوەی نەك تەنیا نەوتی كەركووك بەڵكوو نەوتی كێڵگەكانی تری هەرێمی كوردستانیش ئیزافە بكرێ و هەمووی پێكەوە هەناردە بكەین.

لە لایەكی ترەوە داوامان كردووە كە بژێویی ژیانی خەڵكی كوردستان دابین بكرێ، بابەتی مووچە نەبێ بە كارتێكی سیاسی هەمیشە دوابخرێ، خەڵكی كوردستان وەكوو هەموو خەڵكی عێراق شایستەی ئەوەیە كە ئەبێ مووچەكانیان لە كاتی خۆیاندا دابین بكرێن و هیوادارین حكوومەتی عێراقیش لە ئاستی بەرپرسیارێتیی خۆیدا ئەم كارانە بكات. 

ئێمە تەنیا داوای میكانیزمی گونجاومان كردووە، داوای گەرەنتیمان كردووە كە بەیەكەوە بتوانین گفتوگۆ بكەین بۆ چارەسەركردنی گشت ئەو پرسانەی كە ئێستا هەن، ئینجا پێویست ناكات هیچ كەسێك هیچ لایەنێك بەڕاستی موزایەدەمان بەسەرەوە بكا یانیش بەیانی تەهدید و بە جۆری بە زمانێكی تر قسەمان لەگەڵ بكات، ئێمە پەرۆشی ئەم وەزعەین و دەمانەوێ هەم وەزعی عێراق هەم وەزعی كوردستان لەم قەیرانە ئابوورییە دەرباز بێت و ئێمە پێشنیازیشمان هەبووە، پێشنارەكانی خۆشمان ئاراستەی سەرۆكوەزیران لە حكوومەتی فیدراڵیدا كردووە و چاوەڕێی ئەوەین كە كۆبوونەوەش بكرێت، هیوادارم ئەمڕۆ ئەم كۆبوونەوەیە بكرێت بۆ ئەوەی ئێمە بگەین بە ئەنجامێكی هاوبەش تاكوو بتوانین لەو قەیرانە دەرباز ببین بە تەواوی ئینشەڵڵا.

لە سەر وەزعی ناوخۆش من جارێكی تر داوا لە هەموو هێزە سیاسییەكان دەكەم كە پشتیوان بن و یەكڕیز بن، بۆ جارێكیش بێ هەستێكی نیشتیمانپەروەرانەیان هەبێت، هەموو بەیەكەوە ئێمە بتوانین لەو قەیرانە دەرباز ببین، بە قسە هیچ شتێك چارەسەر نابێت، دەبێ هەڵوێستی جدییان هەبێ لەسەر ئەو بابەتانەی كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندان و هیوادارم بەرژەوەندیی باڵای وڵات و بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بخەنە سەر بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی خۆیانەوە و هیچ پاساوێكیش نییە كە ئێستا لەم كاتەدا خەڵكی كوردستان هێزە سیاسییەكان نەتوانن بەیەكەوە بەرگری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن بەتایبەتی ئەو مافە دەستوورییانەی كە هەموومان پێویستە ئێستا داكۆكییان لێ بكەین. 

جارێكی تر سوپاسی هەموو لایەكتان دەكەم هیوادارم هەر سەركەوتوو بن و دەمەوێ دڵنیاییش بە خەڵكی كوردستان بدەم ئینشەڵا ئێمە زۆر گەش بینین وە هیوادارم ئەوانیش دڵنیابن لەوەی كە ئاسۆیەكی ڕوون لە پێشمانە ئینشەڵا.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم