بانێك و دوو هەوا.. منداڵی سەرانی ئێران لە ئەمەریكا و خۆیشیان دژی ئەمەریكا!

:: AM:11:39:19/03/2026 ‌

میدیایەكی ئەمەریكی ڕاپۆرتێكی لەبارەی ژمارەیەك لە منداڵ و كەسوكاری گەورە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو كردووەتەوە، كە لە ناوخۆی ئەمەریكادا دەژین و لە پۆست و پێگەی ئەكادیمیی گرنگی چەند زانكۆیەكی ناوداری ئەمەریكا، ئەمەیش بە بانێك و دوو هەوای سیستمی سیاسیی ئێران ناو دەبات، چونكە لەلایەكەوە هیوای مەرگ بۆ ئەمەریكا دەخوازێت، لە ژێرەوەیش منداڵ و كەسوكاری خۆیان ڕەوانەی ئەمەریكا دەكەن تا بخوێنن و لەوێ بمێننەوە.

ڕۆژنامەی نیویۆرك پۆستی ئەمەریكی ڕاپۆرتەكەی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، كچ و كوڕی گەورە بەرپرسانی ئێران لە كۆمەڵێك زانكۆی ئەمەریكی وانە دەڵێنەوە، لەوانە پەیمانگەی ماساچوستس، زانكۆی یونیۆن لە نیویۆرك، زانكۆی جۆرج واشنتن لە واشنتن، ئەوانە وەك هەوڵێكی كەسی و ئەكادیمی لە ئەمەریكان و ئەمەیش پرسیار و سەرسوڕمانی لایەنە بەرهەڵستكارەكانی ڕژێمی ئیسلامسی ئێرانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەردەوام لەبارەی سروشتی بوونی ئەو كەسانە لە ئەمەریكا و كاریگەرسی سیاسی و بەشدارییان لە سیاسەتەكانی ڕژێمی سیاسیی ئێران دەپرسن.

جۆناسان سایە لە دامەزراوەی بەرگریی لە دیموكراتییەكان و شرۆڤەكان گەیشتنی كەسانی پێوەست بە ڕژێمی ئێران، بە پێگەی كاریگەر لە ئەمەریكا لێكدانەوە و بۆچوونی جیاجیا لە ناوەندەكان و ڕای گشتی زانكۆكانی ئەمەریكا دروست دەكات، بەڵام ڕۆژنامە ئەمەریكییەكە دەریخستووە، هیچ بەڵگەیەك بوونی نییە كە ئەو كەسایەتییانە لە چالاكی نایاسایی و دژ بە بەهاكانی ئەمەریكا دەستیان هەبووبێت.

گرنگترین ئەو كەسایەتییانەی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران كە لە ئەمەریكادان، بریتییە لە لەیلا خاتەمی كچی سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران محەمەد خاتەمی، كە وەك پسپۆری بیركاری لە زانكۆی یۆنیۆن لە نیویۆرك كار دەكات، ئەو خۆی باوكی بە سیاسەتوانێكی چاكسازیخواز ناو دەبات، بەڵام بەرهەڵستكارانی ڕژێم دووپات لەوە دەكەنەوە كە باوكی هەرچۆنێك بووبێ، بەشێك بوو لە پەیكەری دەسەڵات لە ئێران و بەشدارە لەو تاوانانەی كە ڕژێم دژ بە خەڵكی ئێران ئەنجامی داون.

یەكێكی تر لەو كەسانە بریتییە لە كچەكەی عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران كە دوێنی لە ئەنجامی بۆردمانێكی ئیسرائیلدا كوژرا، فاتیمەئەردەشێر لاریجانی وەك پزیشك و توێژەر لە پەیمانی وینچبی زانكۆی ئیمۆری لە ئەمەریكا تا مانگی كانوونی دووەم/یەنایەری ئەمساڵ كاری كردووە، دواتر لە پۆستەكەی دوور خراوەتەوە بەهۆی پەستان و فشاری بەرهەڵستكارانی ئێران.

زەهرا موحەقیق داماد كچی ئایەتوڵا مستەفا موحەقیق داماد و كچە خوشكی عەلی لاریجانی وەك توێژەر و وانەبێژ لە بەشی ئەندازەی ئەتۆم و تیشكدانەوە، لە زانكۆی ئەلینۆی وانە دەڵێتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی یەكەی شیكردنەوەی مەترسییەكانی سیستمی تەكنەلۆجیای ئاڵۆزیش دەكات.

عیسا هاشمی پسپۆر لە لۆس ئەنجلس و كوڕی مەعسوومە ئیبتكار و جێگری پێشووی سەرۆك كۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان گوتەبێژ بە ناوی خوێندكاران، لە میانەی تەنگژەی بارمتەكانی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە تاران لە 1979یش بە هەمانشێوە لە ئەمەریكا دەژین.

ئاشكرابوونی ئەو پێوەندییە خێزانییانە و كەسایەتییانەی نزیك لە ڕژێم لە ئەمەریكا، جووڵەیەكی فراوانی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دروست كردووە، بە هەزاران لە هاووڵاتییانی ئێران داوای لێكۆڵینەوە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دژی ئەو ئەكادیمستانە دەكەن، بەشێك لە شارەزایان و ڕەخنەگرانیش ئەم حاڵەتە بە دووفاقیی سەركردە و بەرپرسانی باڵای ئێران ناو دەبەن، چونكە لە لایەكەوە ئەوان ڕەخنە لە ڕۆژئاوا دەگرن و سوود لە سیستمی پەروەردە و تەندروستییەكەیشی وەردەگرن.

بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی بەرهەڵستكارانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، نزیكەی چوار تا پێنج هەزار كەسی نزیك لە سەركردە و بەرپرسە باڵاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەمەریكا دەژین، لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە قورسە بە دوای هەموو كەس و حاڵەتەكان بچیت، چونكە بەشێكیان ناسناوی بنەماڵەیی خۆیان گۆڕیوە، بۆیە ئەمە زۆر قورستر دەبێت كە پێوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان ئەو ئەكادیمستانە و سەركردەكانی ئێران بدۆزیتەوە.

نیویۆرك پۆست لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەدا ئاماژەی بەوە داوە كە مشتومڕەكان دابەش بوون، بەشێك لەو بڕوایەدان كە پێویستە ڕێڕەوی ئەكادیمی ئەو كەسایەتییانە و باكگراوندی سیاسیی ماڵباتەكانیان لە یەكتر جیا بكرێتەوە، چونكە مەرج نییە نزیكایەتی بیانكات بە بەشێك لە شانۆی سیاسیی ئێران. بەڵام ئەمە بەرهەڵستكاران ڕازی ناكات و زۆر دژایەتی ئەو كەسایەتییانەی نزیك لە ڕژێم كە لە ئەمەریكا دەژین دەكەن.

هەرچی دەسەڵات و حكوومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایشە، هیچ هەڵوێستێكی لەسەر ئەم پرسە نەداوە و ڕێگەدان بە مانەوە و كاركردنی چەند ساڵەیشیان لە ئەمەریكا، پێویستی بە مافی مانەوە و ڕەزامەندیی دەسەڵاتی ئەمەریكایە، بۆیە وا دەخوێنرێتەوە كە ئەمەریكا كێشەی لەگەڵ بوونی ئەو كەسایەتییانەی نزیك لە ڕژێم لە ئەمەریكادا نییە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د