كیم جۆنگ ئۆن ئاشكرای كرد بۆچی پاڵپشتیی رووسیا دژی ئۆكراینا دەكات و ئەتۆم بۆ وڵاتەكەی گرنگە

:: AM:11:47:25/03/2026 ‌
سەرۆكی كۆریای باكور بوونی چەكی ئەتۆمیی لە وڵاتەكەی بە ڕەوا دەزانێت و ڕای گەیاند، جەنگی ئەمەریكا دژی ئێران دەیسەلمێنێت بڕیاری بوونی چەكی ئەتۆمیی لە وڵاتەكەیدا بڕیارێكی دروستە. هاوكات سوپاسی رووسیا دەكات و بەڵێنیش دووبارە دەكاتەوە.

كیم جۆنگ ئۆن لە گوتارێكدا، واشنتنی تۆمەتبار كرد بە ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی و دەستدرێژیی بۆ سەر وڵاتان.

بەگوتەی سەرۆكی كۆریای باكور، دۆخی ئێستە ناوچەكە بە ڕوونی دەیسەلمێنێت، كە هەڵویست و بڕیاری پیۆنگ یانگ  لەبارەی پاراستن و گەورەكردنی جبەخانە ئەتۆمییەكەی، كارێكی دروست و ڕاستە، نەكەوتووەتە ژێر  فشار و قسەی ئەمەریكا بۆ دەستبەرداربوونی چەكە ئەتۆمییەكانی.

ململانێی نێوان ئەمەریكا و كۆریای باكور ڕووبەڕووبوونەوەیەكی جیۆپۆلەتیكییە كە لە دوای جەنگی كۆریا 1950- 1953ەوە بەردەوامە، سەرباری فشار و سزاكانی ئەمەریكاش لە دژی ئەو وڵاتە، پیۆنگ یانگ سوورە لەسەر برەودان بەچەكی ئەتۆمی و مووشەكی بالیستی.

كیم جۆنگ ئۆن ڕێبەری كۆریای باكور لە پەیامێكی سوپاسگوزاریدا كە ئاراستەی ڤلادیمێر پوتینی هاوتا ڕوسییەكەی كردووە ڕای گەیاند، وڵاتەكەی هەمیشە پشتیوانی ڕووسیا دەكات كە بژاردە و ئیرادەی نەگۆڕی ئەوانە. ئەوەش بەپێی ئاژانسی هەواڵی ناوەندی فەرمی.

كیم جۆنگ ئۆن لە پەیامەكەیدا دەڵێت، "سوپاسی قووڵی خۆمتان ئاراستە دەكەم بۆ ناردنی پیرۆزبایی گەرم و دڵسۆزانەتان، بەبۆنەی گەڕانەوەم بۆ گرتنەدەستی ئەركە سەختەكانم وەك سەرۆكی كاروباری دەوڵەت".

ئەنجوومەنی یاسادانانی كۆریای باكور، ئەم هەفتەیە كیمی دووبارە وەك سەرۆكی باڵاترین دەستەی بڕیاردانی سیاسی و حوكمڕانی لە وڵاتدا دەستنیشان كردەوە. كیم لە پەیامەكەیدا دەشڵێت، "ئەمڕۆ كۆریای باكور و ڕووسیا هاوئاهەنگی لەسەر ئاستی باڵا دەكەن بۆ بەرگریكردن لە سەروەریی هەردوو وڵات. پیۆنگیانگ هەمیشە لە تەنیشت مۆسكۆ دەمێنێتەوە. ئەمە بژاردە و ئیرادەی نەگۆڕی ئێمەیە".

بەپێی ئاژانسە هەواڵگرییەكانی كۆریای باشوور و وڵاتانی ڕۆژئاوا، كۆریای باكور هەزاران سەربازی بۆ پشتگیریكردن لە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا ناردووە كە نزیكەی چوار ساڵە بەردەوامە. بەپێی خەمڵاندنەكانی كۆریای باشوور، 600 كەسیان لێ كوژراوە و هەزارانی تریش بریندار بوون.

شیكەرەوەكان دەڵێن: كۆریای باكور لە بەرانبەردا هاوكاری دارایی، تەكنەلۆجیای سەربازی، پێداویستی خۆراك و وزە لە ڕووسیا وەردەگرێت.




وشە - سۆران عەزیز