هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران خەریكە لە پێنجشەم هەفتەی نزیك دەبێتەوە، هەلەكانی گەیشتن بە رێككەوتن و ئاشتی هەمان ئەگەری هەلی شەڕ و پەرەسەندنی زیاتریان هەیە، بەتایبەتی لە سایەی هەڵوێستی نادیاری ئەمەریكا و سازشنەكردنی ئێران بۆ مەرجەكانی سەرۆكی ئەمەریكا، نووسەرێك باسی رێككەوتنی تاران و واشنتن و سەردەمی نوێی دوای رێككەوتنەكە و كاریگەرییە جیۆسیاسییەكانی دەكات.
د. سائیر عوجەیلی دەڵێت، رێككەوتنە 15 خاڵییەكەی ئاگربەستە پێنج رۆژییەكەی لێ كەوتەوە، بریتییە لە بەڵگەنامەیەكی دامەزراندنی سێیەم كۆماری ئێران، ئەو بڕگانە تەنیا لێكتێگەیشتنی تەكنیكی نین، بگرە سەودایەكی مان و نەمانن، تاران دەستبەرداری خواستە ئەتۆمییەكەی و دەسەڵاتی لە ناوچەكە دەبێت، لە بەرانبەر مانەوەی مایەكی و دداننانی نێودەوڵەتی وەك دەوڵەتێكی ئاسایی.
نووسەر بە وردی باسی هەر 15 بڕگەكەی رێككەوتنەكە دەكات كە وەستانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە سەرووی 5% و گواستنەوەی یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەكەی ئێران بۆ عومان لەژێر سەرپەرشتییەكی نێودەوڵەتی، رێگەدان بە پشكنینی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، سنوورداركردنی مەودای مووشەكە بالیستییەكانی ئێران و وەستانی بەرنامەی مووشەكیی كیشوەربڕ، لابردنی كۆتەكانی سەر هەناردنی نەوتی ئێران و جێبەجێكردنی سیستمی سویفتی بانكی لە لایەن تارانەوە.
هەروەها ئازادكردنی بە هەنگاوی پارە بلۆككراوەكانی ئێران و بنیاتنانەوەی تۆڕی كارەبای ئەو وڵاتە، پێنەدانی چەك و درۆن و مووشەك بە میلیشیاكان و كاركردن بۆ یەكخستنەوەیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، كاراكردنی هێڵێكی گەرمی سەربازی لە نێوان تاران و واشنتن، هاریكاریی هەواڵگری بەرانبەر بە گرووپە تیرۆریستییەكان، دداننانی واشنتن بە ئەنجوومەنی رزگاریخوازی نیشتمانی وەك تاكە حكوومەتی شەرعی لە بەرانبەر ددانانی تاران بە ئاسایشی ناوچەكە، ئاڵوگۆڕكردنی زیندانیان و ئازادكردنی دوورەگەزنامەیی و گیراوە رۆژئاواییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی نێردە دیپلۆماسییەكان و بەڵێندانی ئەمەریكا بە هەوڵنەدان بۆ گۆڕینی سەربازییانەی رژێمی ئێران، دەست پێكردنی دانوستان لە ماوەی 100 رۆژ بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئاشتی بۆ كۆتهێنانی بە نەیاریی لە 1979ەوە.
عوجەیلی پێی وایە ئەو رێككەوتنە بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا سەركەوتنێكی تەواو و رەهایە، چونكە ئەوەی كردووە كە ئیدارەكانیتری وڵاتەكەی پێیان نەكراوە، لای گرنگ نییە رژێمی ئێران لە رووی ئایدۆلۆجییەوە بگۆڕێت، بەڵكو دەیەوێ لە رووەكانی بازرگانی و تەناهییەوە بەسەریدا زاڵ بێت و دەستەمۆی بكات، بڕگەكانی یەك تا چوار بریتین لە نەهێشتنی مەترسیی ئەتۆمیی ئێران بۆ ئیسرائیل، بڕگەكانی پێنج بۆ حەوت بریتین لە سەقامگیربوونی نرخی وزە لە دنیا و كردنەوەی دەرگەی وەبەرهێنانی بۆ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی.
سەبارەت بە مانای رێككەوتنەكە بۆ محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، وەك خواردنەوەی ژەهرە بە كەوچكێكی زێڕ، چونكە دەبێت قوربانی بە ئایدۆلۆجیا بدات بۆ رزگاركردنی بوونی دەوڵەتەكەی، قالیباف گرەو لەسەر بڕگە ئابوورییەكان دەكات، بەوەی گڕی شۆڕشی ناوخۆیی وڵاتەكەی بۆ خامۆش بكەن، بڕگە سیاسییەكانی رێككەوتنەكە پارێزبەندی بە رژێمەكەی بەرانبەر بە كودەتای ناوخۆیی و هێرشە دەرەكییەكان بدەن.
عوجەیلی دووپاتی كردەوە كە 15 بڕگەكە وەك وەفاتنامەی بەرەی موقاوەمەیە بە ستایلە كۆنەكەی، هاوكات بڕوانامەی لەدایكبوونی ئێرانێكی نەتەوەیی براگماتییە، سەركەوتنی قالیباف لە تێپەڕكردنی بڕگەكانی رێككەوتنەكە لە ناوخۆی وڵاتەكەی پشت بە خێراكردن لە جێبەجێكردنی بڕگەی حەوت پێوەست بە كەرتی كارەبا دەبەستێت، چونكە ئەوكات هاووڵاتیی ئێرانی لە بەرانبەر دابینكردنی رووناكی و نان بۆیان لە فرۆشتنی یۆرانیۆم لە لایەن قالیبافەوە خۆش دەبێت.