هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە پێنجەم هەفتەی نزیك دەبێتەوە و بەردەوامە، تا ئێستە تەنیا قسە و باسی مەرجدار لەبارەی وەستانی شەڕەكە هەیە، هاوكات تا ئێستە هاتوچۆی دەریاوانی بە گەرووی هورمز وەستاوە و ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی بابولمەندەبیش دەكات، عێراق یەكێكە لەو دەوڵەتانەی زیانی گەوەری بەهۆی ئەو شەڕەوە پێ گەیشتووە، لەوانە زیانی ئابووری بەهۆی وەستانی بەشێكی زۆری نەوتەكەی و وەستانی هاتوچۆی ئاسمانی لە بوارە ئاسمانییەكەی.
بەهۆی شەڕ و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە ئابووریی عێراق زەرەرێكی زۆری كردووە، لە لایەك ئاسمانەكەی داخراوە و گەشتە ئاسمانییەكانی وەستاون و كەرتی گەشتیاری و وەبەرهێنان و هەناردنی نەوتەكەی وەستاوە، جیا لە لاوازبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران، بەهۆی نەبوونی شوێنگرەوە و چارەسەریش، دۆخەكە زیاتر بەرەو ئاڵۆزییە و گوشارەكانی سەر ئابووری عێراق روو لە هەڵكشانن.
فارس جەواری راوێژكاری فڕۆكەوانی دەڵێت، لە ناوەی 22 رۆژ شەڕی ئەمەریكا و ئێران زیانی زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلاری لە كەرتی فڕۆكەوانی مەدەنیی عێراق گەیاندووە، ئەوەش بەهۆی داخرانی تەواوەتیی ئاسمانی عێراق و وەستانی گەشتە ئاسمانییەكان.
ئەو شارەزایەی فڕۆكەوانی باسی دۆخی فڕۆكەوانی لە عێراق و ناوچەكە دەكات و دەڵێت، ئێستە بواری ئاسمانی لە ناوچەكە بەسەر سێ بەشی سەرەكی دابەش بووە، یەكەم بوارە تەواو داخراوەكان كە جموجۆڵی فڕۆكەوانیی مەدەنی بەتەواوەتی تیادا وەستاوە و بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان كەڵكی بەكارهێنانی نییە، ئەوانەش ئاسمانی هەریەك لە عێراق و ئێران و سووریا و ئیسرائیل دەگرێتەوە.
دووەم بوارە ئاسمانییە نیوچە كراوەكان، بەڵام زۆر مەترسیدار، واتە بە فەرمی دانەخراون، بەڵام بە كۆت و رێوشوێنی توندەوە بەكاردەهێنرێن، فڕۆكەكان بە مەرجی توند تیایدا هەڵدەفڕن لەوانە ئوردن و كوێت و بەحرێن و قەتەر و ئیمارات و بەشێك لە ئاسمانی كەنداو، بەشی سێیەم بواری ئاسمانی كراوەن و ئێستە گوشاری زۆریان لەسەرە و بوونەتە شوێنگرەوەی بوارەكانی تر وەك توركیا و سعوودیە و میسر، ئەو شارەزایە سەرسڕمانی خۆی پێشان دا بەوەی وەك جاری پێشووی هێرشەكانی سەر ئێران، عێراق بواری ئاسمانیی خۆی نەكردووەتەوە، بەتایبەتی فڕۆكەخانەی مووسڵ.
لای خۆیەوە عەبدولرەحمان مەشهەدانی شارەزای ئابووری دەڵێت، لە سەرەتای تەنگژەكەوە عێراق رۆژانە 21 بۆ 22 ملیۆن دۆلار لە كەرتی فڕۆكەوانی و خزمەتگوزاریی فڕۆكەوانی پێوەست بە ئاسمانەكەی زەرەر دەكات، ئەو داهاتەش نانەوتی حسێبە، هاوكات داخرانی ئاسمانی عێراق و وەستانی گەشتە ئاسمانییەكان راستەوخۆ كار لە وەبەرهێنان و گەشتیاری دەكەن.
سەبارەت بە كاریگەریی و زیانەكان بەهۆی گەشتیاری دەڵێت، لە ساڵانی رابردوو لە كاتی پشووەكانی جەژنی رەمەزان هەرێمی كوردستان پێشوازی لە 700 بۆ 900 هەزار گەشتیار دەكرد، بەڵام بەهۆی وەستانی جموجۆڵی گەشتیاری بەهۆی دۆخەكەوە، زیانێكی گەورە بە كەرتەكانی هوتێل و گواستنەوە و چێشتخانەكان گەیشتووە، ساڵانی رابردوو ملیۆنان سەردانیكاری بۆنە ئاینییەكان هەبوو، ئێستە ئەوە نییە، ئێستەش بەهۆی نادیاریی ساتی كۆتاهاتنی شەڕەكە زیانەكان زیاتر دەبن و رەنگە زیانی عێراق لەو وڵاتانەی شەڕكە دەكەن گەورەتر بێت.
سەبارەت بە زیانە نەوتییەكان، پێش شەڕەكە هەناردنی نەوتی عێراق لە رێگەی بەسرە 3.4 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بوو، ئێستە ئەوە بە تەواوەتی وەستاوە و ئەو بڕەی لە هەرێمی كوردستان بەرەو توركیا هەناردە دەكرێت 200 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە و شتێكی وا نییە، چونكە داهاتی رۆژانەی 20 ملیۆن دۆلارە، ئەگەر نرخی بەرمیلێك نەوت 100 دۆلار بێت، لەوكاتەی داهاتی نەوتی بەسرە كە نەوت بە 60 دۆلار بووە دەگەیشتە 6.5 ملیار دۆلاری مانگانە، بۆیە دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە 4.5 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بۆ 1.5 بەرمیل ئێستە، كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی غازی هاوەڵی نەوتەكەش دەبێت، كە پێشتر 50%ی پێویستیی وێستگەكانی كارەبای پڕ دەكردەوە، جیا لە دروستبوونی كێشە لە هاتنی غازی ئێرانی.
ئەمڕۆ چوارشەم چەند بەرپرسێك لە كەرتی وزەی عێراق بە ئاژانسی "رۆیتەرز"یان راگەیاند، هاوكان بەهۆی بەردەوامیی شەڕی ئێران و پڕبوونی خەزانەكانی نەوت و وەستانی هەناردن لە رێگەی گەرووی هورمز، بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق زیاتر دابەزیوە، لە كێڵگە سەرەكییەكانی باشوور بەرهەمهێنان 80% كەمی كردووە و بەرهەمی رۆژانەیان گەیشتووەتە 800 هەزار بەرمیل.
بەپێی بەڵگەنامەیەكی كۆمپانیای نەوتی بەسرە، ئاراستەی دەستەی بەگەڕخستنی كێڵگەی نەوتی رمێلە كراوە، داوای كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەكات بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی نەوتی ئەمباركراو لە وێستگەكان و گەیشتنی بە ئاستێكی بەرز، بۆیە داوا كراوە لە سەعات 9:00ی بەیانی 24س ئاداری 2026، بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی رمێلە بۆ 350 هەزار بەرمیلی رۆژانە كەم بكرێتەوە.