داوا لە سەركردایەتیی كوردستان دەكرێت میلیشیاكان لە سنووری هەرێم دوور بخەنەوە

:: AM:10:06:29/03/2026 ‌
شەوی رابردوو هێرشی درۆنی كرایە سەر (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، سۆران، چیای كۆڕەك، بەستۆرە، بەحركە، پیرمام، مەخموور، كۆیە و ئاكرێ، كانی وەتمان، خەبات، شارەدێی رزگاری، تۆپزاوە). بە كۆی گشتی ژمارەی هێرشەكان زیاد لە 41 هێرش بوون و گرووپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی، بەرپرسیارێتیی خۆیان لە هێرشەكان راگەیاند.

بەپێی راگەیەنراوی گرووپە تیرۆرستییە شیعییەكان، هێرشەكان ئەوان ئەنجامیان داوە، ئەمە لە كاتێكدا بوو دۆستەكانی كوردستان دژی هێرشەكەی سەرماڵی سەرۆكی هەرێم بەتوندی سەركۆنەیان دەكرد.

هێرشەكان بەم شێوەیە بوون، بە دوو درۆن هێرش كرایە سەر فڕۆكەخانەی هەولێر و هێرشەكە لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە تێكشكێنران، دواتریش دوو درۆنی تر لە ئاسمانی هەولێر تێكشكێنران، ئەو ناوچانەی تریش كە كرانە ئامانج چیای مەقلووب لە سنووری دهۆك، سۆران و چۆمان، بەردەڕەش، جارێكی تر سنووری سۆران و بە دیاریكراوی ناوچەی سپیلك كرایە ئامانج.

دواتر هێرشەكان كۆیەشیان گرتەوە و لە چەند سەعاتی دواتردا چەندان درۆنی تر ئاراستەی فڕۆكەخانەی هەولێر و چیای كۆڕەك و سلێمانی و تۆپزاوە كران، هەروەها بارەگایەكی پێشمەرگەش لە مەخموور كرایە ئامانج، دوای هێرشەكانی ئێوارەی رابردوویش بۆ سەر دهۆك هێرش كرایەوە سەر ئاكرێیش، لە عەنكاوەی سنووری هەولێریش درۆنێك كەوتە خوارەوە و زیانی بە ماڵێك گەیاند.

ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و پەروەردەی هەرێم دەستپێكردنەوەی دەوامیان لەمڕۆدا ڕاگەیاند، بەڵام بەهۆی ناجێگیری دۆخی تەناهی، بڕیار درا ئەمڕۆ یەكشەمەش لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن و زانكۆ و پەیمانگەكان پشوو بێت.

ئێستە كوردستان بەتەواوی كەوتووەتەبەر هێرشی میلیشیاكانی سەربە سوپای پاسدارانەوە لە عێراق، لە شەقامی عێراقیش كەمن ئەوانەی دژی هێرشی سەر كوردستان قسە دەكەن.

بەشێكی زۆری ئەو پۆستانەی بەرپرسانی عێراق دوێنێ شەو لە توڕە كۆمەڵایەتییەكان دژی هێرشەكەی سەر ماڵی سەرۆكی هەرێم كردیان، لەلایەن هاووڵاتییان و خەڵكی ئاسایی عێراقەوە سووكایەتییان پێ دەكرا و پێیان وابوو پێویستە كوردستان بكرێتە ئامانج.

چاودێرانی سیاسی لەبارەی پاراستنی هەرێمی كوردستانەوە پێشنیار دەكەن ئێستە ئەو گرووپانە لە نزیك سنوورەكانی كوردستان بەتەواوی دوور بخرێنەوە، بۆ ئەمەش داوا لە سەركردایەتیی كوردستان دەكەن كاری رژد بكەن.

ئەوان پێیان وایە دەبێت ئێستە كورد دەرفەتەكە بقۆزرێتەوە و داوا بكات لە سنووری مووسڵ و كەركووك، هێزێكی هاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگە پێكبهێنرێت و ئەوان ئەو ناوچانە بپارێزن و میلیشیاكان بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا دوور بخرێنەوە.

ئەم پێشنیارە لە كاتێكدایە ئەمەریكا بەچڕی بۆردمانی میلیشیاكان لەو سنوورانە دەكات و پێی باشە ئەوان لە ناوچەكە نەمێنن.



وشە - سۆران عەزیز