له‌تبوون دروست بوو..پاسدار و حكوومه‌ت دژی یه‌كتر وه‌ستاونه‌ته‌وه‌

:: AM:10:36:29/03/2026 ‌

ڕۆژنامەیەكی ئیسرائیلی ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و باس لە دابەشبوون و لەتبوون لە ڕیزی ڕژێمی ئیسلامی ئێران دەكات و دووپات لەوە دەكاتەوە، مەسعوود پزیشكیانی سەرۆك كۆماری ئێران ڕەخنەی لە شێوازی جەنگی سوپای پاسداران لە بە ئامانجگرتنی وڵاتانی دراوسێ گرتووە و هەردوولایش ناكۆكن لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی جەنگ و وڵات.

ڕۆژنامەی جۆرشەلیم پۆست لە زاری سەرچاوەكانەوە بڵاوی كردووەتەوە، ناكۆكیی قووڵ لە نێوان مەسعوود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران لەگەڵ فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران ئەحمەد وەحیدی لەبارەی لێكەوتی ئابووری و كۆمەڵایەتی جەنگ لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەیە.

ڕۆژنامەكە لە پێگەی ئێران ئینتەرناشناڵ گواستوویەتیەوە كە پزیشكیان ڕەخنەی توندی لە شێوازی سوپای پاسداران لە بەهێزكردنی گرژییەكان لە ناوچەكە و هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ گرتووە و هۆشداری داوە، ئەمە شوێنەواری درێژ لەسەر ئابووری ئێران و پێوەندیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە جێدەهێڵێت. هاوكات سەرۆك كۆمار داوای كردووە كە حكوومەتی ئێران بڕیاری جێبەجێكارییەكانی پێوەست بە جەنگ دەربكات، نەك سوپای پاسداران، بەڵام ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی سوپای پاسداران ئەمەی ڕەت كردووەتەوە.

لە بەرانبەر ئەو ڕەخنانەی سەرۆك كۆماری ئێران، سەرانی سوپای پاسداران ڕەخنە لە پزیشكیان و حكوومەتەكەی دەگرن، بەوەی شكستی هێناوە و دەستەوەستانە لە جێبەجێكردنی چاكسازی لە پەیكەری كارگێڕیی كۆماری ئیسلامیی ئێران و چارەسەركردنی زۆر لە كێشە هەڵپەسێردراوەكان، كە ڕژێمی ئێران بەر لە دەستپێكی جەنگ هەوڵی جێبەجێكردنیانی دەدا، بۆ جێبەجێكردنی داواكارییە ئابووری و گوزەرانییەكانی خۆپێشاندەران.

دروستبوونی ئەو لەتبوون و ناكۆكییانە لە ناو سەرانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران لە كاتێكدایە، نرخی كەلوپەلی خواردەمەنی ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕوو لە بەرزبوونەوەی زیاتر دەكەن و بەهای كەلوپەلە بنەڕەتی و سەرەكییەكانی خواردن بە ڕێژەی 50% بە بەراورد بە ڕۆژانی پێش دەستپێكردین جەنگ بەرز بووەتەوە.

جیا لەوەیش پچڕانی ئینتەرنێت ژمارەیەكی زۆر خزمەتگوزاری وەستاندووە و كارگەكانی بەرهەمهێنان تووشی كورتهێنانی زۆر لە گەیشتنی مادەی خام بوونەتەوە، ئەمەیش وایكردووە سیستمی كارگێڕیی وڵات تووشی پەككەوتنێكی گەورە ببێتەوە. بەگوێرەی ئەو داتایانەی كە دامەزراوە حكوومییەكان و بەشێك لە ئابووریناسان بڵاوی دەكەنەوە، ڕێژەی زیاتر 40%ی خەڵكی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدان، لەو ژمارەیەیش نیوەی زیاتری ئەو خەڵكە هەژارە لە تارانی پایتەخت دەژین.

كارمەندێكی كەرتی گشتیی حكوومەتی ئێران لە نامەیەكدا كە بۆ میدیاكانی ناردووە دووپات لەوە دەكەنەوە، ماوەی سێ مانگە حكوومەتی ئێران مووچەی كارمەندانی دابەش نەكردووە، ئەمەیش بار و گوزەرانی كارمەندانی كەرتی گشتیی بە تەواوی خراپ كردووە و زۆرینەی ڕەهای كارمەندانی حكوومەت ئێستە لەوپەڕی هەژاریدان، ناچارن ئیشی دووەم و سێیەم بۆ دەسكەوتنی قووتی ڕۆژانەی خۆیان بكەن.

ژمارەی دانیشتووانی ئێران نزیكەی 90 ملیۆن كەس دەبێت و یەكێك لە سەرچاوە سەرەكییەكانی داهاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران هەناردەكردنی نەوتە بۆ وڵاتانی دەرەوە، بەڵام بەهۆی جەنگەوە ئەمەیش پەكی كەوتووە، جیا لەوەیش سزا و گەمارۆ ئابوورییەكان كە ئەمەریكا و ئەوروپا بەسەر ئێرانیان سەپاندووە، ڕێژەی هەڵئاوسانی لەو وڵاتە زۆر بەرز كردووەتەوە، بەهای تمەنی ئێرانیش ڕۆژ دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت، بەرانبەر بە دۆلار و دراوە بیانییەكان، ئەمەیش وایكردووە پارەی ئێران بەهای نەمێنێت و بۆ كڕینی ڕێژەیەكی كەمی كەلوپەل بە ملیۆنان تمەن پێویست بێت كە به كڕیار بە فرۆشیاری بدات.

هەرچەندە ئەو دۆخە نەخوازراوە خەڵكی بە تەواوی تووڕە و بێزار كردووە و لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو و سەرەتای ئەمساڵ خۆپێشاندان تاران و شارەكانی تری ئێرانی گرتەوە، بەڵام هێزەكانی تەناهی پاسدار و بەسیج بە زەبری ئاگر و ئاسن ڕووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە و دەیان هەزار خەڵكی بێتاوانی خۆپێشاندەریان كوشت و بە دەیان هەزاری تریشیان خستە گرتووخانەوە، ئەمە وایكردووە دۆخی گوزەرانی خەڵك زۆر خراپ بێ و حكوومەتیش بەهۆی جەنگ و خراپی دۆخی ئابووری وڵاتەوە نەتوانێ هیچ هەوڵێك بۆ باشكردنی دۆخی گوزەران و ژیان لە ئێران بدات، ئەمەیش لە سەرەتاوە ئەمەریكا و ئیسرائیل هیوایان لەسەر هەڵچنیبوو كە خەڵك دژی ڕژێم بڕژێنە سەر شەقام و كۆتایی بە دەسەڵاتی ڕژێمەكە بهێنن، بەڵام خەڵكی تا ئێستە بێدەنگن و هیچ هەنگاوێكیان بەو ئاراستەیە نەناوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د