نیویۆرك پۆست: هەزار چەكداری نهێنی پاسداران لە كەنەدا هەن

:: AM:10:20:30/03/2026 ‌
بەرپرسان و سیاسەتوانان هۆشداریی بە ئەمەریكا دەدەن، ئەگەری زۆرە نزیكەی هەزار چەكداری نهێنی پاسداران لە كەنەدا هەبن و بچنە ناو ئەمەریكاوە، كردەی تیرۆریستی و هێرش بۆ سەر شوێنە گرنگ و هەستیارەكانی ئەمەریكا ئەنجام بدەن.

لە ڕاپۆرتێكی پێگەی نیویۆرك پۆستی ئەمەریكی، میشێل ریمبل گارنەر وەزیری كۆچبەرانی حكوومەتی سێبەری كەنەدا لە بەرەی بەرهەڵستكاران گوتی، حكوومەتی لیبراڵەكانی كەنەدا هەوڵی تەواوی خۆی نەخستووەتەگەڕ، تا ئەو كەسانەی بە نهێنی سەر بە پاسدارانن و لە كەنەدا مافی مانەوەیان پێدراوە، چارەسەریان بكات، ئەمە كێشەیەكی گەورە و مایەی نیگەرانی خەڵكی كەنەدا و هاوپەیمانان و هاوبەشە تەناهییەكانیشمانە.

گارنەر ئاماژەی بەوەیش دا، كەسانی سەربە ڕژێمی ئیسلامی ئێران سوود لە سیاسەتی كۆچی كەنەدا وەردەگرن، كە سیاسەتێكی زۆر ئاسانە بۆ گەیشتنە وڵات و پێشكەشكردنی داوای مانەوە، ڕەوانەكردنەوەی دواتریان بۆ وڵاتانی خۆیان كارێكی زۆر قورسە، بۆیە پێویستە كەنەدا بە وریاییەوە مامەڵە بكات و پێویستیشە به هەر جۆرێك بێت ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بگۆڕێت.

لەلایەكی ترەوە جۆ ئادەم جۆرج توێژەر لە كۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە فیلادلفیا گوتی، ئامانجی سەرەكی و ستراتیجی ئێران بریتییە لە ئەمەریكا نەك كەنەدا، تاران ئەمەریكا بە شەیتانی گەورە و ئیسرائیل بە شەیتانی بچووك ناو دەبات، كۆماری ئیسلامیی ئێران ناسراوە بەوەی شانەی نوستووی لە وڵاتانی دنیادا هەیە و لەوانەیە بە دەركردنی فەرمان و ئاماژەیەك ئەو شانە نوستووانە دەست بە كردەی تێكدان و ئاژاوەگێڕی لە ناو ئەمەریكا و ئیسرائیل بكەن، دامەزراوەكانی ئەمەریكایش پەیامێكی كۆدكراویان لەوبارەیەوە پێگەیشتووە.

ئەو هۆشدارییانە دوای ئەوە دێت كە لە 10ی ئادار/مارس، دەستڕێژی فیشەك لە كونسوڵگەری ئەمەریكا لە تۆرێنتۆ كرا، كاتێك دوو چەكدار بە چەك دەستڕێژی فیشەكیان لە خەڵكی بەردەم كونسوڵگەكە كرد، بەڵام ڕووداوەكە بێ هیچ قوربانییەك كۆتایی هات، ئەمەیش بە تەواوی دەریدەخات كە شانە نوستووەكانی سەر بە ڕژێمی ئیسلامی لە كەنەدا بوونیان هەیە.

كریستیان لۆبریخت پسپۆری زانستی سیاسی لە كۆلێژی سەربازی شاهانە و زانكۆی كوینز گوتی، كەنەدا بەشێك لە بەرپرسیاریەتی ئەو هێرشە چەكدارییەی دەكەوێتە ئەستۆ، ئەگەر پەنابەرێكی هەڵگری مافی مانەوە لە كەنەدا كردەیەكی تیرۆریستی لە ناوخۆی ئەمەریكا ئەنجام بدات، كەنەدا خۆی بە سەرمەشقی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ دادەنێت، بەڵام ڕێ بە مانەوەی كەسانێك دەدات كە تۆماری ژیانیان پڕە لە خوێن و كوشتاری.

بەگوێرەی ئاژانسی خزمەتگوزارییەكانی سنووری كەنەدا تا ئێستە 32 بەرپرسی باڵای ئێران ناویان تۆمار كراوە كە هاتوونەتە ناو كەنەدا و مافی مانەوەیان پێدراوە، ئەو بەرپرسانەیش ناویان تۆمار كراوە تا دیپۆرت بكرێنەوە، كە بریتین لە عەباس ئومێدی جێگری بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پیشەسازی و كانەكان و بازرگانی ئێران كە چاوەڕوانی دیپۆرتكردنەوە دەكات، ئەفشین بیرنون بەڕێوەبەری گشتیی پێشوو لە وەزارەتی ڕێگەوبانی ئێران لە 2025 ڕەت كرایەوە كە دیپۆرتی ئێران بكرێتەوە، سەید سەلمان سامانی گوتەبێژی پێشوو بە ناوەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران فەرمانی دیپۆرتكردنەوەی بۆ دەرچووە و تا ئێستە جێبەجێ نەكراوە. مەجید ئێرانمنش بەرپرسی پێشوو لە سەرۆكایەتیی كۆماری ئێران بۆ كاروباری زانست و تەكنەلۆجیا، تا ئێستەیش لە كەنەدایە سەرەڕای ئەوەی فەرمانی دیپۆرتكردنەوەی بۆ دەرچووە،  هاوكات سینا ئەردەشێر لاریجان كوڕی برای عەلی لاریجانی ئەمینداری باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران كە لە ماوەی ڕابردوو بۆردمان كرا، ئەو برازایەی لاریجانی بەڕێوەبەری پارەداركردنی كەرتی خانووبەرەیە لە بانكی كەنەدای شاهانە لە شاری ڤانكۆڤەری كەنەدا.

ساڵی 2022 كەنەدا قەدەغەی هاتنی بەرپرسانی ئێرانی بۆ وڵاتەكەی كرد، لە پەراوێزی خۆپێشاندانەكان بەهۆی كوشتنی ژینا ئەمینی و لە 2024 ئەو قەدەغەكردنە بە تەواوی فراوان كرا و سەرجەم ئەو بەرپرسانەی گرتەوە كە لە 2003ەوە پۆستیان لە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران هەبووە.

سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەكی زۆری بەرپرسانی ئێران لە كەنەدا بوونیان هەیە، بەڵام وەك ڕۆژنامەی تۆرێنتۆ ستار بڵاوی كردووەتەوە، تا ئێستە توانراوە تەنیا یەك بەرپرسی ئێرانی دیپۆرتی وڵاتەكەی بكرێتەوە.

كاتێك لەبارەی بوونی كەسایەتی و بەرپرسانی ئێران لە ناو كەنەدا پرسیار لە ئاژانسی خزمەتگوزاری سنوور كرا، نە بە ئەرێنی و نە بە نەرێنی وەڵامی پرسیارەكانیان نەدایەوە و دووپاتیان كردەوە، داتاكانی تایبەت بە كۆچبەران و دەروازەكانی سنوور زانیاری تایبەتن و بە گوێرەی یاسا بە نهێنی دەهێلرێنەوە.

گاری ئەنانداسنگاری وەزیری سەلامەتی گشتیی كەنەدا هەفتەی ڕابردوو گوتی، ئەو ژمارانەی لەبارەی بوونی چەكدارانی سەربە پاسداران لە كەنەدا باسیان لێوە دەكرێ جێگیر نین، هاوكات وەزیری كۆچ و كۆچبەران و هاووڵاتییانی كەنەدا ئاشكرای كرد، تا پێنجی ئادار/مارسی ڕابردوو 239 داوای ڤیزەی كەنەدا لەلایەن بەرپرسانی ئێران ڕەت كراوەتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د