لە دوای دەستپێكردنی جەنگ لە دژی ئێران لەلایەن ئەمەریكا و ئیسرائیلەوە، تاران بە بەردەوامی ڕۆژانە وڵاتانی كەنداو بە تایبەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی بە مووشەك و درۆن بۆردمان دەكات، ئەمەیش ناڕەزایی زۆری وڵاتانی لێ كەوتووەتەوە كە بەشێك نین لە جەنگەكە و كەچی تاران بۆردمانیان دەكات، بەڵام تواناكانی ئێران وردە وردە كۆتاییان دێ و مووشەك و درۆنی كەم دەبێتەوە، پاسدارانیش خۆكارانە بۆردمان دەكەن و بڕیار لە فەرماندەی ناوەندی وەرناگرن و جۆرێك لە ئاڵۆزی و پەرتەوازەیی و سەرلێشێواوی بە ڕژێمەوە دیارە.
پێشتر دانی دانوون باڵوێزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕەخنەی توندی لە ئێران گرت و گوتی، ڕژێم هاوشێوەی گیانەوەرێكی دڕندە پەلاماری وڵاتانی ناوچەكە دەدا و هەڕەشەی لەسەر هەموو وڵاتانی دەوروبەری دروست كردووە، ئەمە ستراتیجی وەڵامدانەوەی جەنگی نییە، بەڵكو بێتوانایی و بێهیوابوونە.
بێهیوایی و نائومێدی هانی ئێران دەدات كە زۆرتر و زیاتر ئەو ستراتیجی شێواندنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەبەر، تا وەك كارتێكی فشار لە دژی ئەمەریكا بەكاری بهێنت و ناچاری بكات جەنگ بوەستێنێت، رۆبێرت مالی نێردەی پێشووی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران لە حكوومەتی بایدن گوتی، لە ڕۆژی یەكەمەوە ئێران بە ئەنقەست شوێنە مەدەنی و دیپلۆماسییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە دەكاتە ئامانج، چونكە بە ئاسانی دەستی بەوانە دەگات و خاڵی لاوازی ئەمەریكان لە ناوچەكە.
زیاتر
گوتی، بەهۆی كەمی بژارەكانی دەستییەوە، ئەمە دەرفەتێكە و لەو ڕێگەیەوە دەتوانێ تواناكانی خۆی لە وەڵامدانەوە پێشان بدات و درۆن و مووشەكەكانی ئێران نۆ وڵاتی ناوچەكەی گرتووەتەوە، لە كەنداوی عەرەبییەوە تا قوبرس لە دەریای ناوەڕاست، ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی كوژرانی دەیان هاووڵاتی سڤیل، جیا لەوەی درۆنەكانی باڵوێزخانە و كونسوڵگەی ئەمەریكایان لە ڕیاز و دوبەی و شاری كوێت كردووەتە ئامانج و ئاگری لێ كەوتووەتەوە.
زۆرینەی وڵاتانی دراوسێی ئێران فشاریان لەسەر ئەمەریكا دروست كردووە بۆ كۆتاهێنان بە جەنگ، نەك وەك هاوسۆزییەك لەگەڵ ڕژێمی ئێران، بەڵكو بۆ ڕێگرتن لە كەوتنەوەی قوربانی لە ڕیزی هاووڵاتییانی سڤیلی ئەو وڵاتانە.
گالیپ دالای پسپۆری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوچەی تچام هاوس بۆ توێژینەوەكان لە لەندەن دەڵێ، ئامانجی ئێران بریتییە لە گەیاندنی زیانی تەواو بە وڵاتانی ناوچەكە، چونكە هەرچەند زیانەكانیان زۆرتر بێت، پەستانەكانیان بۆ سەر دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا زۆرتر بێت، بۆ ئەوەی هێرشەكان بوەستێنێت.
زیاتر گوتی، تاكە كەسێك كە بتوانێ جەنگ بوەستێنێت بریتییە لە دۆناڵد ترەمپ، ئێرانیش ئەمە دەزانێت و لە ڕێی هاوپەیمانەكانی ئەمەریكاوە لە ناوچەكە دەیەوێ پەستان لەسەر ترەمپ دروست بكات.
پلانێكی تری ئەو سەركردانەی ئێران كە تا ئێستە لە ژیان ماون، ناچاركردنی ئەمەریكا و ئیسرائیلە لە بەكارهێنانی مووشەكی زۆر گرانبەها بۆ خستنەخوارەوەی درۆنی شاهیدی ئێرانی كە تێچووەكەی یەكجار كەمە. ئەو درۆنانە دەتوانن تەقەمەنی بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەزار كیلۆمەتر هەڵبگرن و بفڕن، دەتوانرێ بە جۆرێكیش پرۆگرام بكرێن كە ئامانجی دیاریكراو بكەنە ئامانج، ئەمەیشە بووەتە هۆی زیانی گەورە بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە.
ئێران یەكەم وڵاتە كە ئەو جۆرە درۆنەی پەرە پێداوە، ڕووسیایش زۆر پشتی پێ بەستووە لە جەنگی دژی ئۆكراینا و سەركەوتنی گەورەی لە بەرەكانی جەنگ بەهۆی ئەو درۆنەوە تۆمار كردووە.
كەمی تێچووی درۆنەكان بووەتە ئاڵنگارییەكی گەورە بۆ ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی، دروستكردنی درۆنێك دوو تا پێنج هەزار دۆلاری ئەمەریكی تێدەچێت، لە كاتێكیش یەك مووشەكی پاتریۆتی بەرپەرچدانەوەی ئاسمانی نرخەكەی دەگاتە نزیكەی چوار ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی.
كەیلی گریكۆ توێژەر لە ناوەندی ستیمسۆن بۆ توێژینەوەكان ئاشكرای كردووە، ئەوە كرۆكی ستراتیجی ئێرانە، لە بەرانبەر هەر دۆلارێك كە ئێران لە دروستكردنی درۆنێكی خەرج دەكات، ئیمارات وەك نموونە پێویستە 20 تا 28 دۆلار خەرج بكات.
ئەمەریكا لەمدواییە كۆپییەكی ئەو جۆرە درۆنەی دروست كرد و ناوی لوكاسی لێ نا و بە خێرایی پەرەی پێدرا، هاوكات بەردەوامە لە دۆزینەوەی جێگرەوەی هەرزانتر بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەك و درۆنەكانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەكە.
جەستن كرامپ سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای سیبیلین كە كۆمپانیایەكی ڕاوێژكاری بەریتانییە لە بواری مەترسی و هەواڵگری دەڵێ، درۆنەكانی ئێران بە ئاسانی دەگوازرێنەوە و دەتوانرێ لەسەر ئۆتۆمبێلی ئاساییشەوە هەڵبدرێت.
لەبارەی مووشەكی درێژمەودایش كرامپ دەڵێ، ئێران خاوەنی زۆرترین مووشەكە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و 20 جۆری جیاجیای مووشەكی دروستكراوی ناوخۆ و بیانی هەیە، زۆری لەمجۆرە مووشەكانە ئاراستەی ئیسرائیل كردووە، بە گوێرەی خەمڵاندنەكانیش ئێران خاوەنی دوو هەزار مووشەكی درێژمەودایە و بەهەمان بڕیش مووشەكی مەوداكورتی هەیە، بە ڕوانین لە ڕێژەی گشتی هاوێشتنی مووشەك كرامپ دەڵێ، ئێران خاوەنی كۆگەیەكی مووشەكییە كە دەتوانێ بۆ ماوەی 10 تا 12 ڕۆژ مووشەك بهاوێژێت.
بەهۆی نەمانی مووشەكی ئاساییش، ئێستە ئێران مووشەكی هێشوویی ئاراستەی ئیسرائیل دەكات، كە ئەم جۆرە چەكە هێشووییانە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قەدەغە كراوە.
هێرشه بەردەوامەكان و لەدەستدانی سەركردایەتی لەلایەن ئێرانەوە كاریگەریی نەرێنیی گەورەیان لەسەر تاران هەیە، بە تایبەت درزكەوتنە ناو ڕیزەكانی سوپای پاسداران و زۆر لە یەكەكانی سوپا، بڕیارەكان تەنیا خۆیان لەبارەی كات و شوێن و ئامانجە دیاریكراوەكان دەریدەكەن و بە هیچ شێوەیەك بڕیاری ناوەندی بوونی نییە.
سوپای پاسداران خەریكە لە فەرماندەیی ناوەندی هێزە چەكدارەكان جیا دەبێتەوە و ئامانجە سەرەكییەكانی خۆی لە دەست داوە، بۆیە كەوتنەوەی ڕووداو و هەڵە بۆردمانكردن بە زۆری لە هێرشەكانی ئێران دەبینرێت.
رۆبێرت مالی دەڵێ، ئێستە ڕژێم زۆر سەرلێشێواو و پەرتەوازە دەردەكەوێت و ئامانجیەتی لەو قۆناغەدا هەرچۆنێك بێ بەسەر پێوە بمێنێتەوە، بۆیە سەرەڕای فرە بڕیاری و فرەجەمسەری لە ناو ڕژێم، بەڵام تا ئێستە ماوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی زۆر لاواز و سەرلێشێواو بووە.