جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی ئاشكرای كرد، 27ی ئادار شاندی ئیمراڵی و ئۆجەلان و دەوڵەت كۆبوونەوەیەكی فەرمییان ئەنجام داوە.
سەزایی تەمەلی ئاشكرای كرد، كۆبوونەوەكە بەفەرمی بووە و دانوستان بووە لەبارەی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی، بەڵام وردەكارییەكانی ئەو كۆبوونەوەیە و ناوی بەرپرسانی دەوڵەتیشی ئاشكرا نەكرد.
سەزایی تەمەلی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەم لە پەرلەمانی توركیا ڕای گەیاند، ئەو كۆبوونەوەیەی لە 27ـی ئاداری 2026 لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجام درا، دانوستانێكی فەرمیی دەوڵەت بووە.
تەمەلی دەڵێت، هێشتا ئێمەش وردەكاریی كۆبوونەوەكەمان لا نییە، بەڵام وەك دەڵێن: باس لە چۆنیەتیی رێگریكردن بووە لەو مەترسییانەی رووبەڕووی توركیا دەبنەوە.
بەپێی زانیارییەكان، شاندی ئیماراڵی ئاشكرایان كردووە، شوێنی ئۆجەلان لە ئیمراڵی گۆڕاوە و پێشتر شوێنەكە وەك گرتووخانە بووە، بەڵام ئێستە كراوەتە میوانخانە، باس لەوە دەكرێت شوێنی ئێستەی فراوانە و هەموو پێداویستییەكانی تێدایە و هاتوچۆش بۆ لای ئۆجەلان ئاسایی بووەتەوە.
توركیا بەتەواوی لە تێگەیشتن و پەیامە نوێیەكانی ئۆجەلان رازییە و پێیان وایە، بەم شێوەیە رۆڵی گرنگ لە پاراستنی یەكێتیی توركیا دەگێڕێت، توركە نەژادپەرستەكان بەبۆچوونەكانی سەرۆكی پەكەكە دڵخۆشن.
لەبارەی هەنگاوەكانی داهاتوو، تەمەلی ڕوونی كردەوە، تا ئێستە هیچ ڕەشنووسێكی كۆتایی بۆ پرۆسەی ئاشتی ئامادە نەكراوە.
عەبدوڵا ئۆجەلان لە كۆتا پەیامیدا دووپاتی كردبووەوە، كێشەی ئەوان لەگەڵ خودی كۆماری توركیا نییە، بەڵكو كێشەی سەرەكییان نەبوونی دیموكراسییە لە ناو كۆمارەكەدا.