تیمی ئەمەریكی بۆ بەكارخستن و چاككردنەوەی فڕۆكەكانی ئێف 16ی عێراق، بنكەی ئاسمانی بەلەدیان جێهێشت، ئەمەیش دوای ئەو هێرشانەی كە گرووپە چەكدارەكانی ئێران كردیانە سەر بنكەی سەربازییەكە، ئێستەیش لەسەر بەغدا پێویستە بەكارخەر و تیمی تەكنیكی تر بۆ فڕۆكە جەنگییەكانی دەستەبەر بكات، بە پێچەوانەوە فڕۆكە جەنگییە پێشكەوتووەكان دەبن بە ئامێری بێسوود.
ئەو گرووپە چەكدارانەی سەربە ئێران، ماوەی 10 ساڵە خەریكی سیخوڕیكردن و زانینی تەكنیكی ئەمەریكی بۆ چاككردنەوە و بەكارخستنی فڕۆكە جەنگییە ئێف 16ە ئەمەریكییەكان كە عێراق كڕیویەتی، گەیشتن بەو ئامانجەیشیان بە ناوی پڕۆژەی "سیناریۆی قیامەت" ناوناوە، بۆ ئەوەی بتوانن تەكنیكی ئەمەریكی بدزن و دەست بەسەر فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا لە عێراق بگرن.
حكوومەتی عێراق هەوڵەكانی چڕ كردەوە بۆ ئەوەی بڕوا بە تیمی كۆمپانیای ڤی دوو ئێكسی ئەمەریكی بهێنێت كە لە بنكەی ئاسمانی بەلەد بمێننەوە، سەرەڕای هێرشە بەردەوامەكان بۆ سەر بنكەكە، بەرپرسێكی باڵای عێراق لەوبارەیەوە بۆ "شەرق ئەوسەت" گوتی، سەرەڕای ئەو هێرشانەی كرانە سەر بنكەكە، بەڵام هیچ زیانێكی پێ نەكەوتووە، بەڵام كارمەندانی كۆمپانیا ئەمەریكییەكە سوور بوون لەسەر جێهێشتنی، بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان.
بەڵێندەرێكی بیانی و پیاوانی تەناهی و كارمەندان دەڵێ، "بڕیاری چۆڵكردنی بنكەكە لەلایەن تیمە ئەمەریكییەكەوە بۆ شەپۆلێكی چڕی دۆنی بۆمبڕێژكراو دەگەڕێتەوە، كە لەو ماوەیەی ئاگربەست لەلایەن میلیشیاكان ڕاگەیەنرابوو، وایكرد كە كارمەندەكان بە گەشتێكی پڕ لە مەترسی تێپەڕ بن و بەرەو ئەمەریكا بگەڕێنەوە.
لە دوای دەستپێكی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران، بنكەی ئاسمانی بەلەد كە ئێستە ناوەكەی بۆ "شەهید علی فلەیح" گۆڕاوە، ڕووبەڕووی سێ هێرشی فراوان بووەوە و تەواوی هێرشەكان نەیانتوانی زیان بە بنكە سەربازییەكە بگەیەنن.
لە سەردەمی حوكمی ویلایەتی یەكەمی دۆناڵد ترەمپ، گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێران سەركەوتوو بوون لە دەركردنی تیمی تەكنیكی كۆمپانیایەكی ئەمەریكی، لە پەراوێزی هێرشی ئەمەریكا كە كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیسی سەرۆكی دەستەی گشتیی حەشدی شەعبیی لێ كەوتەوە.
دوای هەڕەشە مەترسیدارەكان، زۆر لە كارمەندانی كۆمپانیای "سالی پۆرت"ی ئەمەریكی ناچار بوون بنكە سەربازییەكە جێبهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ ئەمەریكا، ئێستە خەریكە هەمان سیناریۆ لەگەڵ كارمەندانی كۆمپانیای ڤی دوو ئێكسی ئەمەریكی لە ویلایەتی دووەمی ترەمپ دووبارە دەبێتەوە، بەهۆی ئەو جەنگەی كە ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستیان پێ كردووە.
ڕۆژی دووی ئادار/مارس هێرش كرایە سەر بنكە سەربازییەكە، لە كاتێكدا سێیەم ڕۆژی جەنگ بوو دژی ئێران، دواتر هێرشەكان بەردەوامییان هەبوو و لە ناوەڕاستی شەو و بەرەبەیان دووبارە دەبنەوە، بەشێك لە هێرشەكان بریتی بوون لە هەڵدانی چەندان درۆن لە یەك كاتدا بۆ ئاسمانی بنكەكە. بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانە كە خەڵكی ناوچەكە گرتوویانە و بڵاویان كردووەتەوە، لە ئەنجامی هێرشەكان دووكەڵ لە ئاسمانی بنكە سەربازییەكە بەرز بووەتەوە.
یەكێك لە جووتیاران كە لە نزیك بنكەی ئاسمانی بەلەد نیشتەجێیە، بۆ
شەرق ئەوسەت گوتی، زۆرینەی درۆنەكان لە دەوروبەری بنكەكە یان لە ناوی پەرژینی تەناهی بنكەكە دەكەوتنە خوارەوە.
سەرچاوەیەكی تەناهی لە ناو بنكە سەربازییەكە گوتی، لە ماوەی مانگی یەكەمی هێرش بۆ سەر ئێران، 10 جار هێرش كرایە سەر بنكەی ئاسمانی بەلەد و هیچ زیانێكی گیانی و مادی لێ نەكەوتەوە، فڕۆكەی ئێف 16ی عێراقیش هیچ زیانێكیان بەرنەكەوت.
بنكەی ئاسمانی بەلەد كە كەوتووەتە ناوچەیەكی كشتوكاڵی نێوان شارەكانی بەغدا و دیالە و سەڵاحەدین و لەسەر ڕووبەری 28 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە، دەوروبەری بە تاوەری چاودێری و پەرژینێكی تەناهی بە درێژایی 20 كیلۆمەتر پارێزراوە، زۆرجار لە كاتی هێرشەكان، سەربازانی ناو تاوەرەكانی چاودێری بە چاو درۆنەكانیان دەبینی كە لە دەوروبەری بنكەكە دەخرانە خوارەوە.
سەرەڕای ئەوەی بنكەكە سیستمی بەرگریی ئاسمانی تێدا جێگیر كراوە و سیستمەكە توانیویەتی زۆربەی هێرشەكان پووچەڵ بكاتەوە، بەڵام سێ كارمەندی سڤیلی ناو بنكەكە دووپات لەوە دەكەنەوە، لە ئەگەری هێرشیش ئەستەمە زیان بە فڕۆكە جەنگییەكان بگەیەنێت، چونكە لەو بنكە ئاسمانییە زیاتر لە 30 مۆڵگەی پارێزراوی فڕۆكە جەنگییەكان بوونیان هەیە كە فڕۆكەی ئێف 16 و فڕۆكەكانی تریش تێیدا وەستێنراون.
لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو گەمارۆیەی هێرشەكان خستبوویە سەر بنكەكە، ڕێگەی لە كارمەندانی تیمەكەی كۆمپانیای ڤی دوو ئێكسی ئەمەریكی دەگرت، كە بە كارەكانی ڕۆژانەی خۆیان هەستن و فڕۆكە جەنگییە ئێف 16ەكان بۆ هەر ئەگەرێك ئامادە بكەن و كێشە تەكنیكییەكانیان چارەسەر بكەن، دەنگی درۆنەكان بە بەردەوامی بە ئاسمانەوە خشتەی كار و ئەركەكانی بە تەواوی تێكدان.
بەڵێندەرێكی مەدەنیی كۆمپانیاكە دەڵێ، هێرشەكان لە سێ لاوە بە ئاراستەی بنكەكە دەهاوێژران و ناچار دەبن لە ژوورە پارێزراوەكانی خۆیان بۆ چەندان سەعات بمێننەوە، كارمەندانی بیانی بەردەوام بە ترسەوە داوای گەڕانەوەیان بۆ ئەمەریكا دەكرد، ترسیان هەبوو كە سیناریۆی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە لیبیا لە 2012 دووبارە ببێتەوە، كە سەرەتای ئەو هێرشانە بە مووشەك و درۆن دەست پێ دەكات و دواجار ئاگر لە هەموو لایەكەوە بەرز دەبێتەوە و دەست بەسەر بنكە سەربازییەكە دەگیرێت.
كارمەندانی عێراق و سەربازانی ناو بنكەكە مەترسییەكانی ئەو كارمەندە ئەمەریكییانەیان كەم دەكردەوە و یەكێك لەو كارمەندانە دەڵێ، دۆخی تەناهی لە ناو بنكەكە بە تەواوی ئارام بوو و كارەكانی وەك هەر ڕۆژێكی تری ئاسایی بەڕێوە دەڕۆیشتن.
لەگەڵ ئەوەیشدا گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێران لە دەرەوەی بنكەكە بەردەوام دەیانویست هێڵی سووری ناوچەكانی دەوروبەری بنكەكە تێكبشكێنن. ئەفسەرێكی خانەنشینكراوی سوپا كە چەندان ساڵ لەو بنكە سەربازییە كاری كردووە، دەڵێ: ئەو جۆرە توندوتیژییەی گرووپەكان دەستیان داوەتێ، پلانی كاركردن بۆ هەر شتێك تێكدەدات و مەترسی لەسەر ژیانی كارمەندانی ناو بنكەكە دروست دەكات.
لە دەوروبەری بنكەی ئاسمانی بەلەد كێڵگەی كشتوكاڵی و گوندی هۆزەكانی عەرەبی جیاجیا بوونیان هەیە، لە ئەنجامی چەندان ساڵی جەنگی ڕزگاركردنەوەی عێراق لە دەستی داعش، چەند لیوایەكی گرووپە چەكدارەكان لە ژێر ناوی حەشدی شەعبی لە دەوروبەری ئەو ناوچەیە جێگیر بوون. بۆیە قورسە سەرچاوەی هێرشەكان بۆ سەر بنكە سەربازییەكە دیاری بكەین، بەڵام سەرچاوەكانی ناوخۆ دەڵێت، دوو ڕێگە هەبوون كە لەوێوە هێرشەكان دەكرانە سەر بنكەكە یەكەمیان لە دەوروبەری بەغدا و دووەمیشیان لە دەوروبەری پارێزگەی دیالە.
حكوومەتی عێراق هەوڵی داوە كارمەندانی تیمی كۆمپانیاكە ئەمەریكییەكە بهێنێتە سەر ئەو باوەڕەی كە بنكە سەربازییەكە جێنەهێڵن، بەرپرسێكی عێراقی دەڵێ، پرۆگرامی پشتیوانی لۆجستی بۆ فڕۆكەكانی ئێف 16 پشتیوانی سەرەكین بۆ بەكارخستنی ئەو فڕۆكانە، بەڵام هەوڵەكانی حكوومەتی عێراق شكستیان هێنا و تیمەكە بۆ ئەمەریكا گەڕانەوە.
دوای شكستهێنان، ئەندامانی تیمەكە لە درەنگانی شەودا لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی جەنگی جۆری سی 130 بەرەو وڵاتێكی دراوسێی عێراق فڕیون و لەوێوەیش بەرەو ئەمەریكا گەڕاونەتەوە.
ئێستە عێراق خاوەنی تیمێكی پسپۆری بەكارخستنی فڕۆكەكی ئێف 16ی ئەمەریكی لە عێراق نییە و ئێستە حكوومەتیش پارەی پێویستی نییە كە فڕۆكەكان دووبارە چاك بكاتەوە، بەرپرسێكی عێراق دەڵێ، ئێستە بژارەكان لە پەراوێزی جەنگ زۆر سنووردارن، بەڵام هیچی ترمان بەدەستەوە نەبوو، جیا لە پەستان خستنە سەر كۆمپانیاكە تا لە بنكەی ئاسمانی بەلەد بمێننەوە.
لە ئەنجامی نەبوونی تیمی بەكارخستن و چاككردنەوە، فڕۆكەكانی ئێف 16ی عێراقی، تەنیا دەبن بە پەیكەرێك لە ناو مۆڵگەكانی پاراستنی فڕۆكەی جەنگی لە ناو بنكەی ئاسمانی بەلەد. عەقیدی خانەنشینكراو سەلام ئەسعەد كە هاوكات پسپۆری سەربازیشە دەڵێ، بێ پسپۆرانی ئەمەریكی قورسە تیمی ناوخۆی عێراق شارەزایی پێویستیان هەبێ بۆ بەكارخستنی ئەو چەكە پێشكەوتوو و ستراتیجییە.