بەهۆی ئەوەی ئێران خاوەنی هەزاران مینی چێنراوە لە گەرووی هورمز و كەنداو، جووڵەی كەشتییەكانی ئەمەریكا بە ئاراستەی كردنەوەی گەرووی هورمز بە تەواوی پڕە لە مەترسی، مینی چێنراوی ناو دەریا بە درێژایی مێژوو سەلماندوویەتی كە چەكێكی زۆر هەرزانە و دەتوانێ كەشتیگەلێكی جەنگی پەكبخات، ئێستەیش بەهێزترین سوپای دنیای دەستەوەستان كردووە و ناتوانێ هەنگاو بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز بهاوێژێت.
جەنگ هیچ كاتێك پرسی هێز و زۆریی بۆردمان و ئاگر نەبووە، بەڵكو پرسی چۆنیەتیی بەكارخستنی تواناكان بووە لە بواری ململانێكاندا، ئیدوارد لوتواك ئەمە دەڵێ و لۆجیكی یەكتربڕەكان دێتە ئاراوە، كە هاووڵاتییان لە سەرچاوەی هێزە دەبن بە خاڵی لاواز و بە پێچەوانەیشەوە، بە ئامرازی زۆر سادە، ئەگەر بیخەیتە شوێنی گونجاوە دەتوانی پێوەرەكانی هێزی گەورە بگۆڕیت، گەرووی هورمز یەكێك لە دیارترینی ئەو لۆجیكانەیە لە سەردەمی ئێستە دەگوزەرێت كە ڕێڕەوێكی ئاوییە و پانییەكەی دەگاتە نزیكەی 34 كیلۆمەتر مەتر، بەڵام بووەتە بۆمبێكی جێگیر لە ناو دەریا و بەسە بۆ هەڕەشەكردن لەسەر تەواوی ناوچەكە و دنیا.
ئەو واقیعە نوێیە تەنیا پێوەست نییە بە سادەیی ئەو ئامرازانەی لە بەردەستن بۆ پەكخستنی دەریاوانی، بەڵكو پێوەستە بە كاریگەریی فراوان و چالاك لە ژینگەی ئەو گەرووەدا، لە هورمز جیۆگرافیا و ئامرازەكان كارلێكیان كردووە، ڕێڕەوێكی تەسكە بۆ مانۆری سەربازی و قووڵییەكەیشی زۆر نییە و زیاتر نییە لە 60 مەتر، ئەمەیش زۆر نموونەییە بۆ چاندنی بۆمب لە ناو ئاودا. لە كەناراوەكانی ئێران بە كەشتی بچووك دەتوانرێ تەواوی گەرووەكە بۆمبڕێژ بكرێت. قورسە چاودێری ئاوەكە بكرێ و بپشكنرێت لە بوونی بۆمب، بۆیە لەو دۆخەدا تاران پێویستی بە ئاگر و بۆردمانی زۆر نییە، جیا لەوەی پێویستی بە كاری زیرەك و ژیرانە لە ناو ئەو ڕێڕەوە ئاوییە هەیە، سوودمەندی سەرەكی لە هاوكێشەكان و بەردانەوەی تێچووی یەكجار زۆر لەسەر بەرەی نەیاری، بۆیە گەرووی هورمز بووە بە چەكێكی زۆر هەرزان كە زیانێكی زەبەلاح و گەورە بە نەیارانی ئێران و تەواوی دنیا دەگەیەنێت.
ئەو چەكە لە 1988 بە كردەیی گرنگی خۆی سەلماند، كاتێك كەشتی جەنگی ساموێل بی رۆبەرتس ئێف ئێف جی 58 خۆی بە مینێكی ئێرانی لە كەنداو كێشا، بووە هۆی ئەوەی كونێكی گەورە لە پەیكەری كەشتییەكە دروست بێ و تووشی كارەساتێكی گەورە بێت، لە كاتێكدا تێچووی مینە چێنراوەكە نەدەگەیشتە هەزار دۆلاری ئەمەریكی، بەڵام تێچووی چاككردنەوەی كەشتییەكە گەیشتە 90 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی.
بەگوێرەی خەمڵاندنی هەواڵگریی
ئەمەریكا، ئێستە ئێران خاوەنی پێنج هەزار مینی دەریاییە و بە كردەیی لە گەرووی هورمز ئەو مینانەی چاندووە، بەوهۆیەشەوە توانیویەتی جووڵەی كەشتیوانی لە گەرووەكە پەكبخات و تێچووی دەستوەردانی سەربازی لە دژی تاران لەسەر ئەمەریكا و ئیسرائیل زۆر بەرز بكاتەوە، بێ ئەوەی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ جەنگ لە نێوان هەردوو ڕوو بدات.
لە بەرانبەردا واشنتن خاوەنی گرووپێكی گەورە و تەواوی هەڵگرتنەوەی مینە لە پێش هەموویانەوە كەشتی ئێل سی ئێس، كە وەك ئامرازێكی مەركەزی بۆ شكاندنی ئەو جۆرە مینانە هەژمار دەكرێ و بە تایبەت بۆ ئاوی كەم قووڵ و ژینگەی كەناراوی زۆر ئاڵۆز دروست كراوە، سیستمی دژەمینی هەیە و پشت بە درۆنی لە كەناراوەكان و ژێر ئاو بۆ ئاشكراكردنی مینە چێنراوەكان دەبەستێت، بە ئامانجی تەقاندنەوەی مینەكان و كردنەوەی ڕێڕەوە ئاوییە تەنگەبەرەكان.
لەگەڵ ئەوەیشدا هەڵگرتنەوە یان تەقاندنەوەی مینە چێنراوەكانی گەرووی هورمز لە دۆخێكی بێلایەن و بێ كێشە نییە، بەڵكو لە ژێر هەڕەشەی فراواندایە كە مووشەك و درۆن لە كەناراوەكانەوە لەلایەن هێزەكانی ئێران ئاراستە دەكرێن، جیا لەوەی بەلەمی خێرایی هێزەكانی ئێران دەتوانێ هێرشی خێرا و كتوپڕ ئەنجام بدات. جیا لەوەی درۆن و پرۆسەی ژاوەژاو خستنەسەر تۆڕەكان و كۆكردنەوەی زانیاری لەبارەی جووڵەی كەشتییەكان تواناكانی ئێرانیان بۆ زاڵبوون بەسەر گەرووەكە زۆر بەهێزتر كردووە.
لە پەراوێزی ئەو دۆخەدا پرۆسەی هەڵگرتنەوە و نەهێشتنی مینە چێنراوەكان زۆر هێواش و لەسەرخۆ دەبێت، لەگەڵ ئەوەیشدا لایەنی بەرانبەر واتە تاران دەرفەتی ئەوەی دەبێت كە بە خێراییەكی زۆرەوە دووبارە مینەكان لە دوای هەڵگرتنەوەیان بچێنێتەوە، بۆیە پرسیاری ئەوە دروست بووە، ئایا دەكرێ ئەو كەشتییانە لە ڕێڕەوەكە بە ئارامی و جێگیری جووڵە بكەن و كاری خۆیان ئەنجام بدەن؟ یان سروشتی جەنگەكە دەبێتە هۆی ئەوەی پەلە بكرێ لە كردنەوەی گەرووی هورمز ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیش بێت؟
مینی دەریایی لە سەدەی چواردەیەمی زاینی پەرەی پێدرا و سەرەتایش چینییەكان بۆمبی لكێنەری سەرەتاییان دروست كرد، لە 1777 دەیڤد بۆشنلی ئەمەریكی یەكەم مینی دەریایی مۆدێرنی دروست كرد و لە ڕووباری دیلاوێر بەرمیلێك بارووتی دانایەوە و بە تەلێك بەستایەوە كە بەركەوتنی هەر تەنێكی قورس وایدەكرد كە مینەكە بتەقێتەوە، بۆ بە ئامانجگرتنی كەشتی بەریتانی لە میانەی جەنگی سەربەخۆیی ئەمەریكا، هەرچەندە ئەو مینە نەبووە هۆی تەقاندنەوەی هیچ كەشتییەك، بەڵام ئەوەی بە تەواوی دەرخست كە دانانی مینێكی بچووك لە ژێر ئاو دەبێتە هۆی پەكخستنی جووڵەی كەشتیگەلێكی جەنگی.
لەوكاتەوە مین یان بۆمبی ئاوی بەردەوام گەشەی پێدراوە، لە جەنگە گەورەكان بە تەواوی پشتی پێ بەستراوە، لە جەنگی یەكەمی جیهانی ئەڵمانییەكان سەتان هەزار لە مینی ئاوییان چاند تا بەربەرستێك لە دەریای باكور دروست بكەن، جیا لەوەیش هاوپەیمانان كێڵگەی مینیان لە ژێر ئاو لە نێوان بەریتانیا و نەرویج دروست كرد، بەو ئامانجەی جووڵەی كەشتییە ئەڵمانییەكان پەكبخەن.
لە جەنگی دووەمی جیهانی مینی دەریایی بووە چەكێكی كوشندە كە بەوهۆیەوە ژمارەیەكی یەكجار زۆری كەشتی جەنگی ژێر ئاوكەوتن، سەرجەم ئەو وانانەی مێژوویش سەلمێنەری ئەوەن كە مینی دەریایی بە تێچوویەكی كەم دەتوانێ زیانی یەكجار گەورە و زەبەلاح بە دوژمن بگەیەنێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكانی كۆنگرێسی ئەمەریكا، كۆگەی ئێران لە مینی دەریایی تێكەڵەیەكە لە مینی لكێنراو كە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوو پەرەی پێدراوە، لە ڕێگەی هاوردەكردنی پێویستییەكان و دروستكردنی لە ناوخۆ هاتووەتە بەرهەم، سەرچاوەی مینی كلاسیكین و بە هەزار مین دەخەملێنرێن كە لە جۆرەكانی سەدەف و ئێم هەشتن، ئەوەی دووەمیان بووە هۆی تێكشكاندنی كەشتی ساموێل بی رۆبەرتسی ئەمەریكی لە 1988.
هەروەها ئێران خاوەنی مینی ئێم دی ئێم 6ی ڕووسییە كە خاوەنی سەرێكی تەقەمەنی زۆر قورسە، قورسییەكەی دەگاتە هەزار و 100 كیلۆگرام، هەروەها مینی ئێم سی 52ی دروستكراوی ناوخۆ كە بە بەرگێكی ناموگناتیسی دروستكراوە و ئەگەری ئاشكراكردنی زۆر كەمە، هەروەها خاوەنی مینی ماهام 2ی دروستكراوی ناوخۆیشە.
جیا لەوانە باس لەوە دەكرێ، ئێران خاوەنی مینی ئی ئێم 52ی چینیشە، كە لە قووڵایی دەریا جێگیر دەكرێ و بە تەقینەوەی، بەشێوەیەكی ستوونی تا 200 مەتر كاریگەری گەورە دروست دەكات و دەبێتە هۆی كونكردنی كەشتییەكان لە ژێرەوە تا سەرەوەی و بە تەواوی دەتوانێ كەشتییەكان ژێر ئاو بخات.
سەرەڕای ئەوەی ئێران خاوەنی ئەو هەموو جۆرە مینە زۆرەیە، بەڵام هێزەكانی ئەمەریكا تا ئێستە ئامادەكارییەكی تەواویان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو هەڕەشەیە نییە، بەڵكو خەریكی دووبارە ڕێكخستنەوەی توانای كلاسیكی خۆیانن، بێ ئەوەی كاریان بۆ دروستكردنی جێگرەوەی نوێ بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو هەڕەشە مەترسیدارانە كردبێت.