كاریگەریی شەڕی ئێران لەسەر عێراق و كوردستان بەتەواوی دەركەوتووە، غاز و نەوت و بەنزینی گران كردووە و پێداویستییەكانی رۆژانەش نرخیان چووەتە سەرەوە.
پێش شەڕ نرخی هەر بوتڵێك غازی ماڵان 8,500 دینار بوو، بەڵام ئێستە نرخەكەی 33,000 دینارە و زۆرجاریش دەست ناكەوێت.
بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانە ئەهلییەكان نرخی گەیشتووەتە 950 دینار، هەندێ رۆژیش بەنزینی پاڵپشتیكراوی حكوومەت دابەش ناكرێت، ئەمەش وایكردووە ئەو رۆژانەی دابەش دەكرێت، قەرەباڵغییەكی زۆر دروست بێت، نۆرەی بەنزین چەندان كیلۆمەتر درێژ بێت.
گرانی و كەمیی سووتەمەنی كاریگەری راستەوخۆی لەناو بازاڕی كوردستاندا دروست كردووە، بەتایبەت كاریگەرییەكە بۆ سەر فڕن و نانەواخانە، رێستۆرانت و چێشتخانەكانە دەردەكەوێت.
بەهۆی ئەوەوە نرخی نان، چێشتخانەكان و خواردنگەكان لە تەواوی شارەكانی كوردستان گران بوون.
حكوومەتی هەرێمیش رای گەیاندووە، هۆكاری هەموو ئەمانە هەڕەشەكانی ئێران و گرووپە میلیشیاكانی عێراقە لە كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی غازی هەرێمی كوردستان، بەڵام بڕوایان وایە ئەم دۆخە كاتی دەبێت، هەركاتێك مەترسییەكان نەمان دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە.
حكوومەتی هەرێم بەشێكی زۆری ئەو پێداویستییانەی وەك غاز و نەوت و بەنزین لە ناوخۆ دابین دەكات، ئەمە بەبڕوای ئابووریناسان باشترین كارە، بەڵام هەڕەشەكان وایانكرد كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان لە كوردستان كارەكانیان رابگرن.
دوای دەستپێكردنی شەڕی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوبات، دابەشكردنی بەنزینی حكوومی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك راگیرا، تەنیا دوو رۆژ دابەش كرا و ژمارەی بەنزینخانەكان كەمتر بوون لە پێشوو، ، بەڵام حكوومەتی هەرێم شەوی رابردوو لیستی بەنزینخانەكانی بڵاو كردەوە و ژمارەی بەنزینخانەكانی هەولێری دوو هێندە زیاد كردووە.
ئەگەرچی دۆخەكە بەگشتی لە وڵاتاندا هەڵاوساوە و نرخی پێداویستییەكان سەركەوتووە، بەڵام هاووڵاتییان رەخنە لە حكوومەت دەگرن كە دەبوو زیاتر هیمەت بكات تا پێداویستی خەڵك بەو شێوەیە ئەستەم نەبێت، بەتایبەت غاز و بەنزین كە لە ناوخۆ بەرهەم دێت.