هەڵمەتی ڕزگاركردنی فڕۆكەوانە ئەمەریكییەكە لە ناو خاكی ئێران لە تاریكی شەو دەستی پێ كرد و لەگەڵ گزەنگی هەڵاتنی خۆر كۆتایی پێ هات، سەتان سەرباز و فڕۆكەی جەنگی و هەلیكۆپتەر بەشداریی ئۆپراسیۆنەكەیان كردووە و ڕووبەڕووبوونەوەیش لە نێوان هێزەكانی ئەمەریكا و چەكدارانی ئێرانی ڕووی داوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی
سەرچاوەكان بۆ میدیاكان ئاشكرایان كردووە، سەتان لە ئەندامانی هێزی تایبەتی ئەمەریكا بەشداریی ئۆپراسیۆنی ڕزگاركردنی فڕۆكەوانەكەیان كردووە، لە ناو قووڵایی خاكی ئێران دابەزیون و چەندان سەعات ماونەتەوە و دواتر بە سەلامەتی سەرجەمیان خاك و ئاسمانی ئێرانیان جێهێشتووە.
هەڵمەتی رزگاركردنەكە كە ترەمپ بە "موعجیزە" ناوی بردووە، لە ژێر هەڕەشەی هێرشی چەكداری و مووشەكی و درۆنی ئێران ئەنجام داوە، هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا هەلیكۆپتەری جۆری ئێچ ئێچ 60 دەبلیو گولی گرین 2 و فڕۆكەی هێرشبەی ئەی 10 و فڕۆكەی دابەشكەری سووتەمەنیی جۆری ئێچ سی 130 و فڕۆكەی ئێف 35 ئەمەریكی لە مەودایەكی سەلامەت، لە ئۆپراسیۆنەكەدا بەكار هاتووە، جیا لە سەربازانی هێزی تایبەت و یەكەكانی تایبەت بە هەڵمەتی گەڕان و رزگاركردن و هێزی تایبەتی شەڕكەر.
هەلیكۆپتەری سیكۆرسكی ئێچ ئێچ 60 دەبلیو گولی گرین2 ڕۆڵێكی بەرچاوی لەو ئۆپراسیۆنە هەبووە، كە نوێترین هەلیكۆپتەری گەڕان و رزگاركردن لە هێزی ئاسمانی ئەمەریكی و بە "وەحش" ناسراوە و شوێنكرەوەی ئێچ ئێچ 60 جییە، ئەو هەلیكۆپتەرە تانكی سووتەمەنی بە ئۆتۆماتیكی دادەخرێ و بڕێكی زۆر سووتەمەنی هەڵدەگرێ، توانای فڕینی ماوەیەكی زۆری هەیە و تەكنەلۆجیای بینینی شەو و كاركردن لە شەودا لەو هەلیكۆپتەرە زۆر پێشكەوتووە، دەتوانێ لە كەشوهەوای سەخت بفڕێ و بەرزكەرەوەیەكی خێرا و بەهێزی هەیە، تا بە خێرایی ئەمەریكییەكان لە ژێر فیشەك و هەڕەشەی دوژمن بەرز بكاتەوە. لە هەردوو لایەوە ڕەشاشی پێشكەوتوو هەن و خاوەنی بەشێكی فراوانە بۆ دانیشتن و هەڵگرتنی پەڕەشووتەوان و تیمەكانی ڕزگاركردن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئەكسیۆس لە دوو سەرچاوەوە دەستی كەوتووە، ئەو فڕۆكەوانە دوای كەوتنی فڕۆكەكەی و نەدۆزینەوەی، دەستبەجێ لە ڕێگەی ئامێری پێوەندیكردنی تایبەت بەخۆیان گفتوگۆی لەگەڵ هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژی هەینی كردووە.
لە سەرەتا هێزەكانی ئەمەریكا دەیانتوانی ڕزگاری بكەن، بەڵام بەهۆی تەقەی هێزەكانی ئێران لە هەلیكۆپتەری جۆری بلاك هۆك و پێكرانی یەكێك لە ئەندامانی، شوێنی وردی فڕۆكەوانەكە نەدۆزرایەوە، بۆیە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام فڕۆكەكانی ئەمەریكا لە گەڕان و پشكنیندا بوون، تا زۆر بە وردی شوێنی فڕۆكەوانەكە دیاری بكەن.
بەر لەوەی ئۆپراسیۆنەكە ئەنجام بدرێ و شوێنی فڕۆكەوانەكە بدۆزرێتەوە، هەواڵگریی ناوەندی ئەمەریكا هەڵمەتێكی فراوانی لە ناوخۆی ئێران دەست پێ كردووە و زانیاری درۆی بڵاو كردووەتەوە، بەوەی كە فڕۆكەوانەكە ئازاد كراوە، بۆ ئەوەی خەڵك سۆراخی نەكەن، دوای ئەوەی حكوومەتی ئێران بڕی 66 هەزار دۆلاری وەك دیاری بۆ هەر كەسێك دانا كە فڕۆكەوانە ئەمەریكییەكە دەگرێت.
بەم هەنگاوە هەواڵگریی ئەمەریكا توانی سەرنجی خەڵك لەسەر ئەو فڕۆكەوانە تا ئاستێكی زۆر لابەرێت، لەگەڵ ئەوەیشدا توانی بە وردی شوێنی فڕۆكەوانە ئەمەریكییەكە دەستنیشان بكات، ئەو ماوەیەك بە پێ ڕۆیشتووە و لە ناو شاخەكانی ئێران بووە، ویستوویەتی لە ئاوەدانی و خەڵك دوور بكەوێتەوە بۆ ئەوەی بە دیل نەیگرن و ڕادەستی هێزەكانی ئێرانی نەكەن.
دوای دۆزینەوەی شوێنەكەی، سی ئای ئەی كۆشكی سپیی لەم پێشهاتە ئاگادار كردووەتەوە و دەستبەجێ فەرمانی دەستپێكردنی هەڵمەتی ڕزگاركردن بە سوپای ئەمەریكا دراوە، شەوی ڕابردوو یەكەیەكی هێزە تایبەتەكان لە نزیك شوێنی جیۆگرافی فڕۆكەوانەكە دابەزیون، فڕۆكەی هێرشبەری جۆری ئەی 10 پارێزبەندی ئاسمانی چڕوپڕی بۆ دەستەبەر كردوون، هەروەها هەلیكۆپتەرەكانی بلاكهۆك ڕووبەڕووی تەقەی دوژمن بوونەتەوە و سەرەنجام دۆخەكەیان كۆنترۆڵ كردووە، توانیویانە فڕۆكەوانەكە و تیمی ڕزگاركردنی لە ئێران بەرنە دەرەوە.
وۆل ستریت جۆرنال وردەكاریی زیاتری خستووەتە ڕوو و دەڵێ، دوو فڕۆكەی جەنگی ئەمەریكی پەكیان كەوتووە لە میانەی ئۆپراسیۆنەكە، لە وەزارەتی بەرگرییەوە فەرمانیان پێكراوە كە هەردوو فڕۆكەكە بتەقێننەوە و خاكی ئێران جێبهێڵن، دوای ئەوە سەرجەم هێزەكانی ئەمەریكا لە ئێران ڕۆیشتوون.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە پۆستێكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكەی ترووس سۆشیال نووسیویەتی، ئەو هیچ كات بە تەنیا نەبوو و سەربازێكی بوێر بوو لە پشت هێڵی دوژمنەوە لە چیاكانی ئێران لەلایەن دوژمنانەوە ڕاو دەنرا و سەعات دوای سەعات زیاتر لێی نزیك دەبوونەوە، فەرماندەی باڵا و وەزیری جەنگ و سوپاسالار و تەواوی سەربازانی ئەمەریكا، بە بەردەوامی لەگەڵیدا بوون و پلانیان بۆ ڕزگاركردنی دادەنا.
لە بەشێكی تری قسەكانی سەرۆكی ئەمەریكا دەڵێ، ئەوە یەكەمجارە لە مێژووی ئەمەریكا فڕۆكەوانێكی ئەمەریكی لە قووڵایی خاكی دوژمن ڕزگار بكرێ، دەستبەرداری هیچ سەربازێكی ئەمەریكی نابین و ئەو ئۆپراسیۆنەمان ئەنجام دا، بێ ئەوەی هیچ سەربازێكی ئەمەریكی بریندار یان بكوژرێت، ئەمەیش سەلمێنەری ئەوەیە كە بە تەواوی بەسەر ئاسمانی ئێران زاڵین.