یەكێك لەو چەكانەی لەناو ململانێیەكانی یەكێتی بەكار هاتووە، چەكی ژەهرخواردكردبووە، كە دوای ساڵێ 2021 ئەو دۆسیەیە بە تەواوی ئاشكرا بوو، چونكە هەر ئەو كاتە بە ئاشكرا هەریەكە لە مەلا بەختیار و چەندان بەرپرسی تری یەكێتی رایانگەیاند لەناو حزبەكەیاندا ژەهرخوارد كراون.
ژەهر وەك چەكی ململانێ
لە مێژووی حزبەكاندا زۆر كەرەستە و شەڕی میدیای بۆ یەكلا كردنەوەی كێشە ناوخۆییەكان بەكار هێنراون، بەڵام بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2021 یەكێتی ژەهری هێنایە ناو ململانێیەكانی و لەو ساڵەدا چەندان بەرپرسی باڵای ئەو حزبە دوای پشكنینیان لە دەرەوەی وڵات بۆیان دەردەكەوت كە ژەهرخوارد كراون.
ئەوكاتە ململانێیەكە بە تەواوی لە نێوان لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بوو، بەڵام روون نەبوو ئەو بەرپرسانی یەكێتی لەلایەن كامیانەوە ژەهر خوارد كراون.
وەستا حەسەن
یەكێك لەو بەرپرسانەی كە لە دۆسیەی ژەهرخواردكردنی یەكلا بوویەوە، وەستا حەسەن نووری ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی و بەرپرسی ئاسایشی سلێمانی بوو، كە وەكخۆی چەندان جار لە لێدوانەكانیدا دووپاتی لەوە كردووەتەوە بە گوێرەی پشكنینەكانی ژەهرخوارد كراوە.
سەرچاوەیەكی نزیك لە حەسەن نووری، ناسراو بە وەستا حەسەن، بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی سلێمانی، بە"وشە"ی راگەیاند، وەستا حەسەن بە مەبەستی ئەنجامدانی پشكنین لە رۆژی 1-10-2021 سەردانی ئەڵمانیای كرد و لەوێ پشكنینەكانی بۆ كراوە و دەركەوتووە ژەهرخوارد كراوە.
زانیارییە نوێیەكە
هەرچەندە دوای ژەهرخواردكردنی وەستا حەسەن دۆخی تەندروستی ئاسایی بووەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" ماوەی چەند رۆژێكە بە كاریگەری ئەو ژەهرەی كە لە رابردوودا پێی دراوە دۆخی تەندروستی تێكچووە و لە بێهۆشیدایە.
سەرچاوەكەی نزیك لە وەستا حەسەن بە تەواوی زانیارییەكانی "وشە"ی پشڕاستكردەوە و دووپاتی كردەوە كە دۆخی زۆر خراپە و بە گوێرەی هەموو راپۆرتە پزیشكییەكانیش كاریگەری ئەو ژەهرە بووە كە لە رابردوودا سەلمێنرایەوە.
هەمان سەرچاوە گوتی، هیچ بەرپرسێكی یەكێتی لەوانەی ئێستە سەردانی وەستا حەسەنیان نەكردووە و لە تەندروستیان نەپرسیوە، لەكاتێكدا ئەو بەهۆی ململانێییەكانی ناو ئەو حزبە رووبەڕووی ئەو دۆخە بووەتەوە كە ئێستە تێی كەوتووە.
كاتەكەی دیار نەبوو
ئەوكاتەی لە ساڵی 2021 ئاشكرا بوو كە ژەهرخوارد كراوە، حەسەن نووری ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكێكە لەو سەركردانەی حزبەكەی كە كەیسی ژەهرخواردكردنی یەكلابووەتەوە، رای گەیاند، ناتوانم بە دیاریكراوی بڵێم كەی ژەهرخواردكراوم، دكتۆرەكانیش نەیانتوانی دیاری بكەن كەی و بە چی ژەهرخواردكراوم.
هەر ئەوكاتە كە خۆی تەندروستی جێگیر بوو گوتی، كەیسەكە جێدەهێڵین بۆ ئەو دۆخە سیاسیی و یاساییەی هەیە، بەڵگەكان لەسەر هەر كەسێك ساغ ببنەوە سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەین، ناتوانم لە خۆمەوە سكاڵا لەسەر كەس تۆمار بكەم.
حەسەن نووری
حەسەن نووری محەمەد ئەمین ناسراو بە وەستا حەسەن لەدایكبووی 1954 لە كەركووك، خێزانی ناوی فاتمەیە و خاوەنی پێنج منداڵە.
لە 1978 پێوەندیی بە ڕیزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە كردووە و لە 1979 بووە بە پێشمەرگە و یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی دەزگای زانیاری.
بەشداریی لە ھەموو كۆنگرەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردووە و لە كۆنگرەی سێ و چوارەوە تا ئێستە بووە بە ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
لە سەرەتای دامەزراندنی ئاسایشی سلێمانی، وەك لێكۆڵەر دامەزراوە و ھەموو پلە ئەفسەرییەكانی بڕیوە تا پلەی لیوا، 2007 تا 2021 بووە بە بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، دوای 44 ساڵ، خانەنشین كراوە.
"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە كوڕەكەی وەستا حەسەنەوە كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.