ڕۆژنامەیەكی فڕەنسی ڕاپۆرتێكی لەبارەی دەسەڵاتی سیاسی ئێران و چۆنیەتیی دووبارە خۆڕێكخستنەوەی ڕژێمی ئێران و ناوەندی دەسەڵات و بڕیار لەو وڵاتە، بڵاو كردووەتەوە و دووپات لەوە دەكاتەوە كە دابەشبوونی دەسەڵات لە نێوان هۆزەكان و دامەزراوەكانی تەناهی و وەلائی ئایدۆلۆجی، گەرەنتی بەردەوامی كۆنترۆڵكردنی ئێران و مانەوەی ڕژێمی دەسەڵاتن لەو وڵاتەدا.
لە ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی "
میدیاپارت"ی فڕەنسیدا هاتووە، دوای لەناوبردنی زۆرینەی سەركردەكانی ڕژێمی ئێران، ئێستە محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمان ڕووی دیاری دەسەڵاتی نوێیە لە تاران، بەڵام زانیارییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە كە ناوەندی ڕاستەقینەی بڕیار و هێز و دەسەڵاتی ئێران، تا ئێستەیش لە دەست نووسینگەی ڕێبەری ئێران و دەزگەی هەواڵگرییە.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئەو كەسەی كە پێشتر ترەمپ ئاماژەی پێ كرد كە گفتوگۆ و دانوستاندنی لەگەڵ دەكەن، ئەگەری زۆرە محەمەد باقر قالیباف بووبێت، چونكە ئەو لە دوای كوشتنی زۆرینەی سەرانی ڕژێم، بەردەوام لەسەر شاشەی كەناڵەكانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران و یەكێكە لە بچووكترین سەركردەكانی سوپای پاسداران لە میانەی جەنگی ئێران و عێراق، كە دواتر سەركردایەتیی هێزی ئاسمانی پاسدارانی وەرگرتووە و دوا هەڵۆی ناسراوی ڕژێمە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە، بۆیە تاران كردوویەتی بە ڕووخساری فەرماندەیی ناوەندی ئێران.
فەرزان سابت توێژەر لە پەیمانگەی باڵای توێژینەوەی نێودەوڵەتی و گەشەپێدان دەڵێ، بە ئەگەری زۆرەوە ئەو بەرپرس و سەرپەرشتی هەوڵەكانی جەنگ و ستراتیجی تاران دەكات، هاوكات دیپلۆماتكارانی پاكستان بۆ ڕۆیتەرز پێشتر دووپاتیان كردەوە، ئیسلام ئاباد سەركەوتوو بوو لەوەی گەرەنتی دانەنانی محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمان و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە لیستی ئەو ئامانجانە بكەن، كە ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی سەركردەكانی ئێران دایانڕشتووە و چاوەڕوانیش دەكرێ، ئەو پارێزبەندییە لەگەڵ كۆتاهاتنی ئەگەری دانیشتن و دانوستاندن لە نێوان ئەمەریكا و ئێران كۆتایی بێت.
لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئێران بە فەرمی پێشنیازەكانی ئەمەریكای بۆ ئاگربەست ڕەت كردووەتەوە، تاران دەیەوێ سەروەریی تەواوی خۆی بەسەر گەرووی هورمز بسەپێنێت و باج لەو كەشتیانە وەربگرێت كە بە گەرووەكە تێپەڕ دەبن. ئەمەیش ئەگەری دانوستاندنی یەكجار ئاڵۆز كردووە.
میدیا فڕەنسییەكە دەڵێ، قالیباف كەسایەتییەكی جێی سەرنجە لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران و نێودەوڵەتیشدا كە تەمەنی 64 ساڵە، مێژوویەكی پڕ لە خوێنی هەیە بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئاماژەی بۆ دەكەن، لە ساڵی 1999 سەرۆكی پۆلیسی نیشتمانی بووە، بەر لەوەی ڕاپەڕینی خوێندكارانی ئێران دەست پێ بكات، لە كاتی ئەو ڕاپەڕینە فەرمانی بە هێزەكان كرد تەقە لە خۆپێشاندەران بكەن، دواتر سەرۆكی شارەوانیی تاران بووە و بەردەوام بووە لە ڕەشبگیریی خەڵكی تاران و بە گەندەڵی و پێوەندی گومانلێكراوی لەگەڵ گرووپە تاوانبارەكان تۆمەتبار كراوە، كە ئەو گرووپانەی بۆ پشتیوانیكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەكار هێناوە، لەگەڵ ئەوەیشدا دەركەوتنی وەك خاوەن بڕیاری ئێران تەنیا ڕووكەشییە.
شرۆڤەكاران دووپات لەوە دەكەنەوە، قالیباف كاریگەرییەكی زۆر كەمی لەسەر بڕیارە سیاسی و ستراتجییەكانی ئێران هەیە، دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە ئێران بەسەر كۆمەڵێك گرووپی بەرپرس دابەش بووە، دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە ئێران ئێستە بە دەستی نووسینگەی ڕێبەری باڵاوەیە كە دامەزراوەیەكی شاراوەیە، لە هەزار و 700 بەرپرس پێكدێ و وەك حكوومەتی سێبەر لە دەوری عەلی ئەسغەر حیجازی پیاوی باڵای ئاینی و خاوەن پێگە و جێی متمانەی هەواڵگری ئێران دانراوە.
سەرۆكی ئێستەی پەرلەمانی ئێران تەنیا سەركردایەتی بارەگای فەیلەقی خاتەمولئەنبیای سەربە سوپای پاسداران دەكات، ئەو نزیك بوو لە عەلی خامنەیی و فەرماندەی فڕۆكەی تایبەتی خامنەیی بوو، بەڵام ئێستە سەرۆكی پەرلەمانە كە لاوازترین دامەزراوەی دەسەڵاتە لە ئێران. لە كاتێكدا لە تەك قالیباف، عەلی لاریجانی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و جەنەراڵ محەمەد باقر زولقەدر بەهێزتر كران و هێنرانە پێشەوە.
لیمان تیرم نووسەری كتێبی "هزرە باوەكان لەبارەی ئێران: دەسەڵات لە پەراوێزی ڕووخاندا" دەڵێ، قالیباف لە باشترین حاڵەتدا تەنیا هاوئاهەنگیكار و ڕێكخەری نێوان دامەزراوەی سیاسی و دەوڵەتی قووڵی سەربازییە، بەڵام خاوەنی هەژموونی ڕاستەقینە نییە و بگرە دەسەڵاتی لە مەسعوود پزیشكیانی سەرۆك كۆماری ئێران كەمترە.
زیاتر گوتی، قالیباف كەسێكی بكوژە و شكستخواردوویەكی ڕاستەقینەیە، چونكە ڕژێمی ئیسلامی پشت بەو كەسانە نابەستێ كە جەماوەری نین و خەڵك پشتیوانیان ناكات، ڕژێمێكی زیرەكە و دەزانێ ژیانی سەركردەكانی فشەڵن، لەبەرئەوە پشت بە ستراتیجی مانەوە لە ڕێگەی دەرخستنی كەسانی پلە دوو دەكات، ئەگەر قالیباف بكوژرێت، كاریگەریی گەورە لەسەر ڕژێم دروست ناكات، چونكە ئەو كات تەنیا گۆڕاوێكی تر لە چوارچێوەی میكانیزمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دروست دەبێت.
تیرم دەڵێ، ئەو شرۆڤانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەیكەن، دەیسەلمێنن كە تا ئێستە لە سروشتی سوپای پاسداران تێنەگەیشتوون، ئەوان سوپایەكی ئایدلۆجین، خزمەتی كەسێك و دەوڵەتێك ناكەن، بەڵكو خزمەتی بیر و ئایدلۆجیا دەكەن كە بریتییە لە ویلایەتی فیقـهی، كار لەسەر زاڵبوونی ئاین بەسەر سیاسەت دەكاتەوە، بە پشتبەستن بەو ڕاستییە هەڵەیە هەڵسەنگاندنی ڕژێمی ئێران بكرێ لە ڕێگەی كەسە دیارەكانی ناو ڕژێمەوە، چونكە سەرجەمیان پابەند بە بیر و ئایدلۆجیای ویلایەتی فیقـهییەوە.
ستراتیجی ئەو ئایدلۆجیا و ڕژێمەیش بریتییە لە گرنگیدان و بەردەوامیدان بە مانەوەی هۆزەكان و گرووپە جیاجیا لە پشتی بەرپرسان و ڕووە دیارەكانی ڕژێمەوە، لە ئەگەری دوورخستنەوە یان كوشتنیان، ئەوا مردنیان بە شەهیدبوون هەژمار دەكرێ و مانایەكی گەورە بەو هۆزە دەبەخشێت كە بەرپرسێكی سەر بە هۆزەكەیان لە ناو ڕژێم بكوژرێت و هەژموونی سیاسی زیاتریان پێ دەبەخشێت.
وەك دەردەكەوێ هۆزی لاریجانی لە دوای مردنی عەلی لاریجانی، هەژموون و دەسەڵاتی فراوانتر بووە لە هۆزی قالیباف، هاوكات مردنی خامنەیی و ماڵباتەكەی پێگەی موجنەبای كوڕی زۆر بەرزتر كردەوە. بەوهۆیەشەوە وەك ڕێبەری باڵا دیاری كرایەوە، سەرەڕای ئەوەی باوكی دژی بڕیارەكانی لەمجۆرە بوو.
ئێستە هۆزی ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی نوێی سوپای پاسداران، سەركردایەتیی ڕاستەقینەی بەڕێوەبردنی جەنگ دەكات، وەحیدی پێشتر جێگری بەڕێوەبەری هەواڵگریی پاسداران بووە و دەستی لە دامەزراندنی حزبوڵای لبنان و دامەزراندنی فەیلەقی قودس و یەكەی بژارەی دەستوەردانی دەرەكی سوپای پاسداران هەبووە.
لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، بەرزكردنەوەی پێگەی ئەحمەد وەحیدی بەردەوامیدان بە بەرزكردنەوەی پێگەی ئاسایش و هەواڵگری لە ئێران، بەڵام ئێستە پۆلیسیش هاتووەتە ڕیزی ئەوانەوە، چونكە مەترسی هەیە كە خۆپێشاندان لە ناوخۆ دژی ڕژێم دەست پێ بكاتەوە، بۆیە پۆلیس شارەكانی كۆنترۆڵ كردووە و خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەك.