بۆ ئێران خۆگیڤكردنەوە و بۆ ئیسرائیل بەردەوامبوون و بۆ ئەمەریكاش پارە گرنگە

:: AM:11:39:08/04/2026 ‌
سەرۆك وەزیرانی پاكستان رای گەیاند، ئەمەریكا و ئێران و لایەنە هاوپەیمانەكانیان لەسەر ئاگربەست رێككەوتوون لە سەرجەم ناوچەكان لە ناویشیاندا  لبنان، نەتەنیاهۆ گوتی لبنانی تێیدا نییە، چاودێرێكیش دەڵێت: بۆ ئێران ئێستە خۆگیڤكردنەوە گرنگە.

دوای بڵاوبوونەوەی خاڵی ئاگربەستەكە، بەیانی ئەمڕۆ خاڵێكی لەلایەن ئیسرائیلەوە شكێنرا و پەلاماری لبنانی دایەوە، هێرشی چڕی كردە سەر گوندەكانی سەر سنووری نێوان ئیسرائیل و لبنان.

سەرەڕای بەردەوامبوونی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەكانی میلیشیای حزبوڵا، كەچی بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەم میلیشیایە ئاگربەستی راگەیاندووە.

ئەگەرچی بەیانی ئەمڕۆ نەتەنیاهۆ گوتی، پابەندین بە بڕیارەكەی سەرۆك ترەمپ بۆ راگرتنی شەڕ، بەڵام رازی نابین لبنان بەشێك بێت لە ئاگربەست.

بە بڕوای د. سەردار عەزیز كە چاودێری شەڕەكە بوو، بە گشتی داواكانی ئێران دەتوانرێت لە دوو داوای گشتیدا كۆ بكرێتەوە، ئەویش ئاسایش و دارایی.

سەردار دەڵێت: ئێران دەیەوێت جارێكی تر هێرش نەكرێتە سەری، هەروەها كارئاسانی بۆ بكرێت هەتا داهاتی دەست بكەوێت، ئەمەش خۆی لە هەڵگرتنی ئابڵۆقەكاندا دەبینێت. داوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، داوایەكی ڕووكەشە چونكە ئەو هێزانەی بۆ شەڕەكە هاتوون، ئەگەر شەڕ بوەستێت دەكشێنەوە.

بەبروای د. سەردار، داواكاری گۆڕینی تەنگەی هورمز لە تەنگەبەرێكی نێودەوڵەتییەوە بۆ تەنگەبەرێكی دەوڵەتی، بە ئاسانی بۆ ئێران نابێت. یەكەم، ئێران بنەمای یاسایی نییە. دووەم، دەبێت وڵاتی عومان بەم داوایە ڕازی بێت. سێیەم، داواكەی ئێران گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، ئێستە بۆ رەواییدانی دەیبەستێتەوە بۆ قەرەبوەوە، ئەمەش مانای وەهایە كاتییە. بەڵام سەرباری ئەمە سەختە.

سەدرا عەزیز دەڵێت: یەكەم، وەك بەشێك لە ئیدارەدانی جەنگەكە، لەم ڕووەوە دەرفەت دەدات بە لایەنەكانی شەڕ هەتا پشوویەك و پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بكەن بە پلانەكانیان و هەنگاوی داهاتوویان دیاری بكەن. دووەم، پێدانی دەرفەتێك بە بازاڕ و بۆ دەستگەیشتنی زۆر وڵات بە وزە، هەروەها هەرزانبوونی وزە. سێیەم، لە رووی ئیدارەدانی كێڵگەكانی نەوت و غازەوە زۆر گرنگە، هەندێك كێڵگە هەیە ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆر بەرهەمهێنان تێیدا بوەستێ، ئەوا هەستانەوەی ئەگەر پەكی نەكەوێت ماوەی زۆر زیاتری دەوێت. چوارەم، لە ڕووی ئاسایشی خۆراكەوە بۆ دنیا گرنگە. پێنجەم، بۆ ترەمپ پشوویەكە كاتێك لە ناوەوە فشار زۆر زیاتر دەبوو، بە تایبەتی بە ناو هەوادارانی خۆی.

د. سەردار ئەوەشی گوتووە، ئەمەریكا لەم شەڕەدا لە رووی پاڵپشتی و چیرۆكەوە هەر لە سەرەتاوە لاواز بوو. ئەمەش دەرئەنجامی دنیابینی ئەم ئیدارەیەیە كە بڕوای وەهایە ئەمەریكا بەهێزە چونكە بەهێزە، ئیتر پێویست بە هیچ شتێكی تر ناكات. لە هەمان كاتدا بڕوانەبوون بە هاوپەیمانی و دروستكردنی هێزی نێودەوڵەتی. جگە لە ئیسرائیل. پێوەندیی سەربازیی ئەمەریكا و ئیسرائیل بە ئاستێك نزیكە بۆ یەكەمجار ئیسرائیل لە سینتۆكم نوێنەری هەیە.

لە كۆتاییشدا ئاماژەی بەوە كردووە، بۆ ئێران خۆ گیڤكردنەوە گرنگە، چونكە ئێران زۆر زیاتر لە نەیاری دەرەكی لە خەڵكەكەی دەترسێت. بۆیە پەیمانی سەرەكی ئەوەیە كە من ماوم و دنیا بە سەنگەوە مامەڵەم لەگەڵدا دەكات سەرباری هەموو لاوازییەكان. لە هەمان كاتدا زۆر سەختە جگە لە ئاگربەستێك هیچی تر بێت. ئەوەی كە ئێرانییەكان نایانەوێت. 



وشە - سۆران عەزیز