ترەمپ ترازانی قووڵی لە نێوان كۆماری و دیموكراتەكان لە كۆنگرێس دروست كردووە

:: PM:01:05:08/04/2026 ‌
سەركردە سیاسییەكانی ئەمەریكا و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە ئێوارەی سێشەم بە كاتی ئەمەریكا، توانیان هەناسەیەكی ئارام هەڵبمژن، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ ڕێككەوتنی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی كاتی و بۆ ماوەی دوو هەفتەی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، دوای چەند سەعات لە هەڕەشەكردنی بە لەناوبردنی شارستانییەتی ئێران، ئەگەر تاران گەرووی هورمز تا كۆتایی مۆڵەتەكە نەكاتەوە.

ڕۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی ڕاپۆرتێكی له‌وباره‌وه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ڕێككەوتنی ئاگربەست 90 خولەك پێش كۆتایی مۆڵەتی ترەمپ بۆ بۆردمانكردنی ئێران ڕاگەیەنرا، كە سەعات هەشتی ئێوارە بوو بە كاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریكا، ترەمپ هەڕەشەی بۆردمانكردنی وێستگەكانی وزە و پردەكانی لە ئێران كردبوو كە بە بڕوای پسپۆرانی یاسا و سەربازی ئەو كارە ڕووی بدایە، تاوانی جەنگ بوو، ئەگەر پاكستان دەستوەردانی لە دواساتەكان نەكردایە و هانی ترەمپی بۆ پاشەكشە ئەگەر بە كاتیش بێ لە هەڕەشەكانی نەكردایە، چونكە هەڕەشەكانی ترەمپ زەنگی كۆمەڵكوژكردن بوو.

ئێوارەی سێشەم بە كاتی ئەمەریكا ترەمپ لە پۆستێكدا نووسی، لە بەرانبەر ڕازیبوونی ئێران بە كردنەوەی تەواوەتی و ڕاستەوخۆی گەرووی هورمز، ڕازی دەبم بە وەستانی بۆردمان و هێرشەكان بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە. دواتر وەزیری دەرەوەی ئێران بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و نووسیویەتی، تێپەڕین بە گەرووی هورمز ڕێگەپێدراوە بۆ ماوەی دوو هەفتە لە ژێر سەرپەرشتیی هێزی سەربازیی ئێران.

ئەمەیش لە كاتێكدا بوو، پێشتر ترەمپ هەڕەشەی لەناوبردنی یەكجارەكی شارستانییەتی ئێرانی كردبوو كە چیتر وەك خۆی لێ نایەتەوە، ئەگەر ڕێگە بە تێپەڕینی كەشتییە بازرگانییەكان بە سەلامەتی بە گەرووی هورمز نەدات، ئەمەیش لێدوانی ناڕەزایی دیموكراتەكان و تەنانەت پاپای ڤاتیكان پاپ لیۆ كە بە ڕەگەز ئەمەریكییە لێ كەوتەوە.

چاك شومەر سەرۆكی كەمینەی دیموكراتەكان لە ئەنجوومەنی پیران لەبارەی ئاگربەست بۆ ماوەی دوو هەفتە گوتی، من دڵخۆشم بە پاشگەزبوونەوەی ترەمپ، كە بەردەوام لە هەوڵی دۆزینەوەی دەرچەیەك بوو بۆ پاشگەزبوونەوە لە هەڕەشە گاڵتەجاڕەكانی. پێش ئەو قسانەیشی شومەر ترەمپی بە كەسێكی نەخۆش ناوبرد كە دەیەوێ جەنگێكی بێ كۆتایی دەست پێ بكات.

بەهۆی ئەو قسە نەشیاوانەی كە بۆ هەڕەشەكردن لە ئێران بەكاری هێنا و هەڕەشەی لەناوبردنی شارستانییەتێك، زۆر لە دیموكراتەكانی كۆنگرێس لە ناویشیاندا سەرۆكی پێشووی كۆنگرێس نانسی پیلۆسی، داوای متمانە سەندنەوەیان لە ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمەریكا كرد، ئەمەیش بە هەمواركردنی 25ەمین هەمواری دەستووری ئەمەریكا كە ئەمە ڕێوشوێنێكی دەستوورییە، ئەگەر سەرۆك نەشیاو بوو لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی.

لەلایەكی ترەوە میدیاكاری توندڕۆ كاندێس ئۆینز هەڕەشەكانی ترەمپی بە شەڕانگێز و شێتانە ناوبرد، ئەلیكساندەریا ئۆكاسیۆ كۆرتێز كۆنگرێسمان و نوێنەری ویلایەتی نیویۆرك گوتی، ڕێككەوتنی ئاگربەستی دوو هەفتە هیچ شتێك ناگۆڕێت، سەرۆك هەڕەشەی كۆمەڵكوژی دژی گەلی ئێران دەكات و بەردەوامیش بانگەشە بۆ ئەو هەڕەشەیەی دەكات، بۆیە پێویستە چیتر دنیا نەخەینە مەترسییەوە و خوشگوزەرانی گەلەكەیشمان نەشێوێنین و سەرۆك لە دەسەڵات بهێنینە خوارەوە.

هاكیم جێفریز كۆنگرێسمان دەڵێ، دیموكراتەكان داوا لە سەرۆكی كۆنگرێس مایك جۆنسن دەكەن، دانیشتنێكی دەسبەجێ بۆ پێشكەشكردنی بڕیارێك لەبارەی سنوورداركردنی دەسەڵاتەكانی جەنگ بە دەستی سەرۆك و كۆتاهێنانی ململانێكان ڕابگەیەنێت.

كۆنگرێسمانانی كۆماری لە بێدەنگییەكی ئاشكرابوون لە بەرانبەر هەڕەشەكانی پێشووی ترەمپ، زۆر پێشوازییان لە ڕازیبوونی ترەمپ بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست كرد و ئەمەیشیان بە هەنگاوێكی تاكتیكی و زیرەكانە ناوبرد.

سیناتۆر ریك سكۆت نوێنەری فلۆریدا دەڵێ، ئەمە هەواڵێكی زۆرباش بوو و ئەوە هەنگاوێكی بەهێزە بۆ لێپێچینەوە لە ئێران، ئەوە ڕوو دەدات كاتێك سەرۆك ئاشتی بە زەبری هێز دەسەپێنێت و ڕووبەڕووی ئاڵۆزییەكان و سیاسەتی ڕازیكردنی كاتی دەبێتەوە.

نانسی پیلۆسی كە توندترین ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانە دژی ئێران گوتی، ئەو هاوڕایە لەوەی كۆتایی بە سەردەمی تیرۆر بهێنریت كە ڕژێمی ئێرانی دروستی كردووە، بەڵام پێویستە ئەوەمان لە بیر بێت كە دوای ئەوەی بۆردمان كرا، ئێران گەرووی هورمزی داخست و ناكرێ پاداشتی ئێران بكرێ لە بەرانبەر ئەو كارە دوژمنكارییەی دژ بە دنیا ئەنجامی داوە. 

دان كرینشۆ كۆنگرێسمانی كۆماری لە ویلایەتی تێكساس كە بە بەرهەڵستیكردنی ترەمپ ناسراوە، زۆر لە ڕەخنەگران زێدەڕۆییان كرد لە بەرانبەر پەیامە ئاگرینەكەی ترەمپ، ئێستە پێویستە هێور ببنەوە، ترەمپ بە زمانی هێز قسە دەكات كە دوژمنەكەمان تەنیا لەو زمانە تێدەگات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د