ده‌یڤد ئەگناتیۆس: واشنتن ستراتیجی دەستپێك و كۆتایی جەنگی نییە

:: PM:12:08:09/04/2026 ‌

دەیڤد ئەگناتیۆس نووسەر و ڕۆژنامەوانی ئەمەریكی و ستووننوس له‌ ڕۆژنامه‌ی واشنتن پۆست، بابەتێكی بە ناونیشانی "دەرچەی جەنگ لەگەڵ ئێران بووەتە گاڵتەیەكی دیپلۆماسی"  بڵاو كردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەكات، ئەمەریكا چووە ناو جەنگ دژی ئێران بێ ئەوەی ستراتیجێكی روونی بۆ سەركەوتن هەبێت، ئێستەیش لە جەنگ دێتە دەرەوە بێ ئەوەی ڕەشنووسێكی سنوورداركراو بۆ ئاشتی بوونی هەبێت، دیپلۆماتكاران حەز بە شاراوەیی كارەكانیان دەكەن، بەڵام ئەوەی ترەمپ و ئەمەریكا دەیكات جۆرێكی ترە.

نێردەكانی سەرۆك ترەمپ بۆ داڕشتنی خاڵەكانی ڕێككەوتنی ئاگربەست لە جەنگی دژ بە ئێران، پێویستیان بە دڵنیابوونەوەیە لە وردەكاریی تاكە بنەمایەك، ئەویش تێپەڕینی سەلامەتی كەشتییەكانە بە گەرووی هورمز، ئەمەیش تا ئێستە تەنیا هەڵم و سەرابێكە و نەبووەتە ڕاستی.

ترەمپ بە خەندەوە بەیانی چوارشەم، باسی لە ئاگربەستێكی فشەڵ كرد و بە هەمان شێوازی گوتارەكەی چەند ڕۆژێك كە هەڕەشەی مەرگی شارستانییەتێكی كردبوو، ئەگەر تاران ڕادەست نەبێ و گەرووی هورمز نەكاتەوە، بەڵام ڕۆژێك دوای ئەوە گوتی، ئەمە دەبێتە سەردەمێكی زێڕین بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران پارەیەكی زۆری دەست دەكەوێت.

بەڵام ئەمە بەو خێراییە نەبوو كە چاوەڕوان دەكرا، ئێوارەی دوێنێ چوارشەم ئاژانسی فارس نیوز، داخستنی یەكجارەكی گەرووی هورمزی ڕاگەیاند و محەمەد باقر قالیبافی سەرۆكی پەرلەمان گوتی، ئێران لە دانوستاندنەكان دەكشێتەوە ئەگەر جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر لبنان كۆتایی نەیەت. ئەمەیش ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە ئەمەریكا جەنگی بێ ستراتیجێكی ڕوونی سەركەوتن دەست پێ كرد و ئێستەیش كۆتاییەكەی بە هەژاری لە داڕشتن و گەیشتن بە ڕێككەوتنی ورد كۆتایی دێت.

چۆن گەیشتینە ئێرە؟ ئەوە بەشێكی بۆ شاراوەیی دەگەڕێتەوە كە دیپلۆماتكاران حەزی پێ دەكەن،  پێشتر ترەمپ دەسپێشخەرییە 10 خاڵەكەی ئێرانی وەك بنەمای سەرەكی گفتوگۆكان ناوبرد، هاوكات ئێران باسی لە تاوتوێكردنی پلانی ئاشتی ئەمەریكا كرد كە لە 15 خاڵ پێكدێت. خاڵەكانی هەردوو دەسپێشخەرییەكە بەشێوەیەكی ڕیشەیی لە یەكتر جیاوازن، بەڵام كێشە نییە و ترەمپ بیری چووەتەوە و ماندووە بەهۆی جەنگەوە. چونكە لە شەشی ئادار/مارسەوە داوای خۆڕادەستكردنی بێ مەرجی ئێران دەكات.

جووڵەی دیپلۆماسی زۆر چڕ هەن، بەرپرسانی نزیك لە تیمی دانوستاندن بەشێك لە بنەماكانی دانوستاندنەكەیان بۆ ڕوون كردمەوە كە پاكستان بە پشتیوانی چین سەركردایەتی دەكات، ئەوان هاوپەیمانێكی نێودەوڵەتی پێكدەهێنن، كە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ كار لەسەر نووسینەوەی چوارچێوەیەكی كاركردن بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان دەكەن، پێوەندییەكان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی ئاشتی لە نێوان واشنتن و تاران زۆر ئاڵۆز بوو، بەرپرسان بۆیان ڕوون كردمەوە كە بە یەكگەیاندنی هەر پەیامێكی ئەمەریكا بە ئێران و ئێران بە ئەمەریكا، سەرەتا دوو سەعات تا سێ سەعاتی دەخایاند، بەڵام دواتر بۆ 24 تا 36 سەعاتی پێویست بوو.

پاكستان وەك ناوەندگیرێكی بەهێز دەركەوت، بەهۆی پێوەندییە باشەكانی لەگەڵ لایەنە سەرەكییەكانی جەنگ، بە یارمەتی چین و توركیا و سعوودیە و ئیمارات، ئیسلام ئاباد دەڵێ، چاوەڕوان دەكرێ بە دیپلۆماسییەكان لە داهاتوویەكی نزیك كۆتایی بە جەنگ بهێنێت، دیپلۆماسی پاكستانیش ناسراون زۆر حەز بە شاراوەیی و كاركردنی نهێنی دەكەن.

ئاماژەی دیپلۆماسی پێشوەختە بەر لە گەیشتن بە ڕێككەوتن بوونیان هەبوو، لەوانە دەسپێشخەری 31ی ئادار/مارس كە چین و پاكستان بە ناونیشانی "گێڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری لە كەنداو" كە خۆی لە پێنج خاڵ دەبینییەوە، ترەمپ پێشتر لەگەڵ شی جین پینگی سەرۆكی چین لەبارەی ئەجێندای ئاشتی قسەی كردبوو، كە خۆی لە وەستاندنی جەنگ و دەستكردن بە دانوستاندن و كردنەوەی گەرووی هورمز دەبینییەوە.

دەسپێشخەرییەكەی چین و پاكستان لە پەراوێزی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی سعوودیە و میسر و توركیا و پاكستان هات كە لە ئیسلام ئاباد كۆبوونەوە، گفتوگۆیان لەبارەی هەوڵەكان بۆ كەمكردنەوەی گرژی و پێكدادانەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد.

هاوكات داوایەكی كاركردنی بە كۆمەڵ بۆ دووبارەكردنەوەی گەرووی هورمز لەلایەن 46 وەزیری دەرەوە ئەنجام درا، كە تێیدا هەمان دەسپێشخەریی دەریای ڕەش لە 2022 دووبارە بكرێتەوە، لە پەراوێزی جەنگی ئۆكراینا - ڕووسیا كە جووڵەی كەشتیوانی لەلایەن هیچ یەكێك لەو دوو وڵاتە كێشەی بۆ دروست ناكرێ و ئاسایی دەبێت.

ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانە پێشڤەچوونیان بەخۆیەوە دەبینی، بەڵام ترەمپ دووبارە هەڕەشەكانی بەرز كردەوە دژی ئێران، دوای ئەوەی لە جەژنی هەستانەوە پۆستی كرد، گەرووەكە بكەنەوە گەمژە و شێتەكان، بە پێچەوانەوە دەتاننێرم بۆ دۆزەخ. پاپ لیۆی چواردەیەم ئەمەی بە قبووڵنەكراو ناوبرد.

ترەمپ بە جۆرێك كەوتە مامەڵە وەك ئەوەی چیرۆكی فیلمێكی جەنگ دەگێڕێتەوە كە خۆی نووسیویەتی،  چەند ڕۆژێك دوای ئەوە هەڕەشەی لەناوبردنی شارستانیی ئێرانی كرد، گوتی: كێ دەزانێ، ئەمشەو چی ڕوو دەدات، ئەمە یەكێكە لە گرنگترین چركەساتەكان لە مێژووی درێژ و ئاڵۆزی دنیا.

ئەو قسانە پشتیوانی و ڕاستگۆیی ترەمپ لە كۆنگرێس و لای هاوپەیمانە ئەوروپییەكان خستە ژێر پرسیارەوە، لە كاتێكدا ئەوان هێشتا بە كردەیی دەستیان بە هەوڵدان بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز نەكردبوو، لە كاتێكدا بەشێك لە پایتەختی ئەو وڵاتانە چاوەڕوانی سیاسەتەكانی ترەمپیان دەكرد وەك نمایشێكی خۆدەرخستن لێیان دەڕوانی و بەرپرسی یەكێك لەو وڵاتانەیش ئەمەی بۆ دووپات كردمەوە.

یەكێك لە كێشەكانی ترەمپ كە ڕووبەڕووی بووەوە، گەڕان بوو بە دوای دەرچەیەك بەهۆی ئەگەری جیاوازی ئامانجی كۆتایی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە جەنگەكە، ئەمەریكا ئەوەی باش بوو كە ژێرخانی ئێرانی پاراست و دووریش كەوتەوە لە پڕچەككردنی هەڵگەڕاوەكانی دژ بە ڕژێم لە پێكهاتە نەتەوەییەكی تر كە ئەمە دەبووە ئاڵۆزییەكی گەورە لە ناوخۆی ئێران. لە كاتێكدا ئیسرائیل بە توندی هەوڵی ئەوەی دەدا كورد و بەلووچ و ئازەری و عەرەب بخاتە جووڵە، سەرەڕای ئەوەی بەردەوام بوو لە بۆردمانكردنی حزبوڵا لە لبنان.

چاوەڕوان دەكرێ گفتوگۆی ئاشتی لە ئیسلام ئاباد ئەنجام بدرێت، بەشداریی گفتوگۆكان ماوەتەوە، ئایا جێگری سەرۆك جەی دی ڤانس و سەرۆكی پەرلەمانی ئێران محەمەد باقر قالیباف بەشدار دەبن، بەندەكان و خشتەی كاری دانوستاندنەكان چی و چۆن دەبێت؟ گرنگتر لە هەموو ئەمانەیش ئایا دۆخی داهاتووی گەرووی هورمز چۆن دەبێت، وەك ئەو كاتە كراوە دەبێتەوە كە جەنگ دەستی پێ نەكردبوو، كە تا ئێستە بە داخراوی ماوەتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د