دوای نزیكەی 40 رۆژ لە شەڕ و هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەم بە ناوەندگیریی پاكستان ئاگربەستێكی كاتیی دوو هەفتەیی و كرانەوەی گەرووی هورمز هاتە راگەیاندن، بڕیارە شەمووی داهاتوو لە ئیسلام ئاباد یەكەم گەڕی دانوستانی دوای شەڕ لە نێوان ئێران و ئەمەریكا بەڕێوە بچێت، بۆ ئەوەی ئاگربەستە كاتییەكە ببێتە وەستانێكی هەمیشەیی شەڕ.
دوای وەستانی شەڕ، تەواوی دنیا چاوی لەسەر پاكستانە، كە بڕیارە شەمووی داهاتوو شاندی ئەمەریكا و ئێران راستەوخۆ لەوێ دەست بە دانوستان بكەن، كاتێك دی جەی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، سەرۆكایەتیی شاندی وڵاتەكەی و محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، سەرۆكایەتیی شاندی وڵاتەكەی بۆ دانوستانەكە دەكات، رەنگە شەڕەكە بۆ یەكجاری بوەستێنێت و ئەگەریش هەیە وەك گەڕەكانی تری دانوستانی هەردوو وڵات بە گەڕێكی تری شەڕ تر كۆتای بێت.
مارك فایفڵ جێگری راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی پێشووی ئەمەریكا لە باسی داهاتووی دۆخی شەڕ و دانوستانەكان ئاماژە دەكات كە لە حاڵەتی نەگەیشتن بە ئەنجامێكی داواكراو و باش لە دانوستانەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە دوو هەفتەی داهاتوو كە نەتوانێت دۆخەكە هێور بكاتەوە، دۆخەكە بەرەو مەترسیدارتر لەوەی هەبوو دەچێت، واتە بە شكستهێنانی ئاگربەست و دانوستانەكان.
زیاتر گوتی، ئاگربەستەكە كێشەی نییە، بەڵام گوشاری لەسەرە و رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، بەتایبەتی جۆراوجۆری سەرچاوەی بڕیار لە ئێران دانوستانەكان تێك دەدات، برینداربوونی موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئەو وڵاتە كێبەركێیەكی بەهێز لە ناو رژێمەكە دروست دەكات، ئەو لە باسی ئاگربەستەكە دەڵێت، كۆتایی شەڕ نییە، بەڵكو وەستانێكی كاتییە لەژێر گوشار، بابەتەكە پێوەست بوو بە خۆسازدانەوە و بەدەستهێنانی دەسەڵات نەك بەدیهێنانی ئاشتی، هەردوولای شەڕكەر پێویستیان بەو هەلە هەبوو.
ئەو لە باسی ئاگربەستەكە دەڵێت، بۆ واشنتن تاقیكردنەوەیەكە بۆ زانینی ئاستی كاریگەریی گوشارەكان بۆ سەر ئێران بۆ پاشەكشەكردن لە چالاكییە ئەتۆمی و مووشەكی و پاڵپشتیكردنی میلیشیاكانی بێ شەڕێكی تر، هەرچی ئێرانە، كاتی رێكخستنەوەی ریزەكانیەتی، بەتایبەتی لە رووی سەربازییەوە، بۆیە لەگەڵ دەست پێكردنی ئاگربەستەكە هەردوولا خۆیان رێك دەخەنەوە، بەڵام هەوڵە دیپلۆماسییەكانیش بەردەوامن، بۆیە دانوستانەكان لەژێر گوشارن و هەردوولا هاوكات لە رووەكانی سەربازی و دیپلۆماسییەوە جموجۆڵ دەكەن.
فایفڵ پێی وایە ئێران یەك سەرچاوەی بڕیار نییە و ئەوەش دانوستانەكانی ئاڵۆز كردووە، لە ئێران رابەری باڵا و سوپای پاسداران و سەركردایەتیی سیاسی هەیە، ئێستە مەترسییەكی رژد بەهۆی لاوازیی رابەر و برینداربوونی و بێتوانایی لە ئیدارەدانی بڕیارەكان بە تەواوەتی هەیە، بۆیە ململانێیەكی هێواش لەبارەی هەنگاوی داهاتوو لە ئێران هەیە، بەتایبەتی ئاخۆ كێ دەتوانێت بڕگەكانی هەر رێككەوتنێكی گریمانكراو لەگەڵ ئەمەریكا جێبەجێ بكات، ئەوەش كێشەیەكی گەورەیە.
سەبارەت بە چارەنووسی ئاگربەستەكە خالید عەرداوی مامۆستای زانكۆ پێی وایە گۆڕانی ئاگربەستە كاتییەكە بۆ وەستانێكی بەردەوامی شەڕ، بێ جێبەجێبوونی ئامانجە راگەیەندراوەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، وا دەكات وەك شەڕێكی بێمانا لێی بڕوانن، هاوكات وەك سەركەوتنێكی بەئازار و شایستە بۆ ئێران.
ئاماژەی كرد، ئێستە لە ماوەی دوو هەفتەی ئاگربەستەكە هەردوو وڵات هەوڵی گەیشتن بە ئامانجەكانیان لە رێگەی مێزی دانوستان دەدەن، ئەگەر ئێران بە مەرجەكانیان رازی بێت، بە سەركەوتن بۆ ئەمەریكا و ئیسرائیل تۆمار دەكرێت، بەڵام ئەگەر ئێران مەرجەكانیان رەت بكاتەوە، دوو ئەگەر هەیە، دەست پێكردنەوەی شەڕێكی بەهێزتر، یان ئەوان رێككەوتنێكی نوێ بكەن و ئاستی داواكارییەكان كەم بكرێتەوە، هەردوولایەنی شەڕەكە براوە دەربكەون.
لای خۆیەوە تاریق ئەبو زەینەب توێژەری سیاسی دەڵێت، ئەوەی رووی دا، واتە شەڕە 40 رۆژییەكە، داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێزە لە ناوچەكە، بۆیە قۆناغی داهاتوو لەسەر بنەمای ئەو گۆڕانكارییانە بنیات دەنرێت كە بە زەبری هێز سەپێنراون بۆیە بۆ زانینی لایەنی براوەی شەڕەكە، دەبێت دیمەنەكە بە تەواوەتی بخوێندرێتەوە.
ئاماژەی كرد، ئەمەریكا بە چوار ئامانج دەستی بە شەڕەكە كرد، لێكهەڵوەشانەوەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، كۆتاهێنان بە بەرنامەی مووشەكیی بالیستیی ئەو وڵاتە و لێكهەڵوەشانەوەی میلیشیاكانی لە ناوچەكە و كاریگەری خستنە سەر ناوخۆی ئەو وڵاتە، ئەو زیاتر لە 17 هەزار گورزی ئاسمانی لە ژێرخانی پیشەسازیی بەرگری و بنكە سەربازی و ناوەندەكانی توێژینەوە و پەرەپێدان و سەكۆ و ئەمباری مووشەكە بالیستییەكان و دامەزراوەكانی دروستكردنی درۆن و فەرماندە و بارەگەی سوپای پاسداران و توانا ئابوورییەكانی ئێران وەشاندووە، كەچی ئێران دەستكەوتێكی وای نییە باس بكرێت، تەنیا هەوڵی ئەو سەركردانەی سوپای پاسداران بوو كە ماونەتەوە بۆ پاراستنی خۆیان و مانەوە بە زیندوویی، ئەوەش پرسیارە راستەقینەكە دەرووژێنێت، ئاخۆ كێ لە شەڕەكە براوە بووە؟
ئەو شرۆڤەكارە دووپاتی كردەوە، ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران رادەستی لایەنێكی تر یان ئەمەریكا دەكرێت، جیا لە لێكهەڵوەشانەوەی میلیشیاكان و سەپاندنی چاودێرییەكی توندی نێودەوڵەتی بەسەر ئێران، سەرەڕای ئەوە سوپای پاسدارانی ئێران هەوڵ دەدات خۆی وەك سەركەوتوو پێشان بدات.