هۆتێلی سیرینا لە ئیسلام ئاباد لە شوێنی گەشتیارانەوە بۆ ناوچەی هێڵی سوور

:: PM:01:04:11/04/2026 ‌

ئەمڕۆ شەموو لە هۆتێلی سیرینا لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاكستان، شاندی ئەمەریكا و ئێران بە فەرمی كۆ دەبنەوە، هەزاران ڕۆژنامەوان لە سەرانسەری دنیاوە لەوێن و 10 هەزار لە سوپا و پۆلیس و هەواڵگریش لە دەوروبەری هۆتێلەكە بڵاو كراونەتەوە، تا ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە بە پارێزراوی بهێڵرێتەوە و ناشزانرێ لەو هۆتێلەوە ئاڵای سپی و ئاشتی هەڵدەكرێت، یان دووبارە پێكدادان و گرژییەكان تەشەنە دەسەننەوە.

هۆتێلی سیرینا لە ئیسلام ئاباد لە شوێنێكی گەشتیارییەوە گۆڕاوە بۆ میوانداریكردنی شاندی ئەمەریكا و ئێران، لە ئامانجێكی گەشتیاری شاهانەوە بۆ ناوەندی ڕووداوێكی گەورەی دیپلۆماسی گۆڕاوە و حكوومەت بۆ ماوەیەكی كاتی تەواوی هۆتێلەكەی بەكرێ گرتووە.

پێشتر كارگێڕیی هۆتێلەكە داوای لە سەرجەم ئەو كەسانە كرد كە لە ژوورەكانی هۆتێلەكە ماونەتەوە و ئاگەدارتان دەكەینەوە، لەوەی حكوومەتی پاكستان هۆتێلەكەی بەكرێ گرتووە بۆ ئەنجامدانی چالاكییەكی گرنگ، هۆتێلەكە لە ڕۆژی شەموو تا ئێوارەی یەكشەم پێشوازی لە هیچ میوانێك ناكات، سەرجەم ئەو میوانانەیشی كە لە هۆتێلەكەن دەبێ ژوورەكان چۆڵ بكەن و بۆ شوێنی تر بیگوازنەوە.

هۆتێل سیرینا یەكێكە لە نایابترین هۆتێلەكانی پایتەختی پاكستان و پێنج ئەستێرەیە، بەشێك لە زنجیرە هۆتێلەكانی سیرینای جیهانی كە كۆمپانیایەكی برەودانی گەشتیاری سنووردار بەڕێوەی دەبات، هاوكات سندووقی ئەلئاغاخان بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدان خاوەنی گەورەترین پشكی ئەو هۆتێلەیە كە سەرۆكی پێشووی پاكستان پەروێز موشەرەف لە 2002 كردوویەتیەوە.

هۆتێلەكە كەوتووەتە ناوچەیەكی ئارامی شارەكە و نموونەییە بۆ ئەنجامدانی دانوستاندنی هەستیار و چالاكی دیپلۆماسی لە ئاستی باڵا، بەشێوەیەكی گشتی بۆ میوانداری دیپلۆماتكاران و سەردانی شاندە فەرمییەكان بۆ پاكستان بەكار دەهێنرێت و سوودی لێ وەردەگیرێت.

ڕووبەرەكەی لەسەر 25 هەزار و 205 مەتری چوارگۆشەیە و بە باخچەی گەورە و فراوان و دیمەنی سورشتی دڵڕفێنەوە دەورە دراوە، هاوكات بەجۆرێك دروست كراوە كە بەرگەی بوومەلەرزە بە پلەی 7.5 پلەی ڕێختەر بگرێ و هیچ بەسەر نەیەت، شوێنی سەرۆكایەتیی تایبەت و هۆڵی كۆبوونەوە و گفتوگۆكردنی تایبەتی تێدایە، چاوەڕوان دەكرێ كە سەركردەی شاندی ئەمەریكا و ئێران ئەو هۆڵانە بۆ گفتوگۆ و دانوستاندنەكانیان بەكار بهێنن.

هاوكات هۆتێلەكە بەوە جیا دەكرێتەوە كە بە مەڕمەڕی دەستی نەخشێنراوە و كەلوپەلی خۆشگوزەرانی لە قەنەفەی دانیشتن و سیسەم و كورسی و مێزی تایبەت بە تەنیا بۆ ئەو هۆتێلە دروست كراوە، تێیدا دانراون، قوماشی چنراو بە دەست تێیدا بەكار هاتووە و هەزاران تابلۆی دارینی  بە دەست نەخشێنراو لە بنمیچەی هۆتێلەكە هەن، بە پێشكەوتووترین تەكنەلۆجیا و خزمەتگوزاری لە ئاستێكی باڵا لە خزمەتكردن بەردەوام دەبێ و سیستمێكی تەناهیی پێشكەوتوو و بەهێزی هەیە.

شوێنی مانەوە لەو هۆتێلە بریتییە لە 105 ژووری نایاب و پلە یەك كە تەلەڤزیۆن و هێڵی ئینتەرنێت لە هەموو ژوورێك هەن، خاوەنی شەش چێشتخانە و هۆڵێكی گەورەی ئاهەنگ و بۆنەكانە كە شوێنی هەزار كەسی لێ دەبێتەوە، هاوكات هۆڵی كۆبوونەوە و كۆنگرەی زۆری تێدایە، لەگەڵ شوێنی یاری ئاسنین و مەلەوانگەیەكی دەرەكی.

حكوومەتی پاكستان زیاتر لە 10 هەزار هێزی تەناهی لە سوپا و پۆلیس و هەواڵگریی وڵاتەكەی لە دەوروبەری ئەو هۆتێلە و ئیسلام ئابادی پایتەخت بڵاوە پێ كردووە،  تا دانوستاندنەكان لە كەشێكی زۆر ئارام و دوور لە هەموو كێشەیەك ئەنجام بدرێت.

هاوكات دەوروبەری هۆتێلەكە بە ناوچەی سوور و هێڵی سوور ناوی دەبرێت، بەهۆی ئەوەی سەرجەم ڕێگە و دەروازەكانی نزیكبوونەوە لەو هۆتێلە لەلایەن هێزەكانی تەناهی ئەو وڵاتەوە داخراون و تا دانوستاندنەكانیش بەردەوامیان هەبێت، بە داخراوی دەمێننەوە.

ئەوەی ماوەتەوە پرسیاری ئەوەیە كە ئایا لە تەلاری ئەو هۆتێلەوە، ئاڵای ڕێككەوتن و سپی لە نێوان شاندی ئەمەریكا و ئێران بەرز دەبێتەوە، كە ئەمڕۆ شەموو بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ دەست بە گفتوگۆ و دانوستاندن دەكەنەوە؟ یان دواجار ئەمەیش بۆ بارەگای سەرۆك وەزیرانی پاكستان دەڕوات و لەوێوە ڕێككەوتنی نێوان ئەمەریكا و ئێران بۆ وەستاندنی جەنگ و گەیشتن بە ڕێككەوتنی ئاشتی ڕادەگەیەنرێت.

لە هەشتی نیسان/ئەپریل بە ناوەندگیریی پاكستان ئاگربەست بۆ ماوەی دوو هەفتە لە نێوان ئەمەریكا و ئێران ڕاگەیەنرا، بەو مەرجەی كە دەسبەجێ گەرووی هورمز بە ڕووی كەشتییەكان بكرێتەوە، بەڵام تا ئێستەیش گەرووەكە بە تەواوی نەكراوەتەوە، ئەمڕۆ ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردەوە كە ئێران ناتوانێ گەرووی هورمز بكاتەوە، بەهۆی ئەوەی كە شوێنی مینە دەریاییە چێنراوەكان نادۆزێتەوە كە پێشتر بەشێوەیەكی هەڕەمەكی چاندوونی.

لەگەڵ ئەوەیشدا ئیسرائیل ئامادە نییە كە هێرش و بۆردمانەكان بۆ سەر حزبوڵای لبنانی بوەستێنێت كە داوایەكی سەرەكی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ئەمانە دوو خاڵی سەرەكین كە ئەگەری دروستكردنی كۆسپیان لە بەردەم دانوستاندنەكان هەیە.

28ی شوبات/فێبرایەر، ئەمەریكا و ئیسرائیل دەستیان بە بۆردمانكردنی ئێران كرد، جەنگەكە 40 ڕۆژی خایاند، لەو ماوەیە بە چڕی بۆردمانی ئێران كرا و ژێرخانی سەربازی و هێزی دەریایی و ئاسمانی ئێران بە تەواوی تێكشێنرا، لە بەرانبەردا ئێران بۆردمانی ئیسرائیل و ئامانجەكانی ئەمەریكای لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د