لە گۆڕانێكی چاوەڕوانكراوی شانۆی سیاسی، سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی هەنگاریا پیتەر
ماگیار توانی لە هەڵبژاردنی وڵاتەكەی، سەركەوتنێكی گەورە بە دەست بهێنێت و كۆتایی بە 16 ساڵ حوكم و هەژموونی ڤیكتۆر ئۆربانی سەرۆك وەزیرانی ئێستەی وڵاتەكە بهێنێت، ئەمەیش پێشوازیی گەرمی ئەوروپای لێ كەوتەوە و بەرپرسانی برۆكسل دەڵِێن، هەنگاریا ئەوروپای هەڵبژارد.
زۆر لە خەڵكی دەرەوەی بازنەی سیاسەت لە هەنگاریا، ناوی ماگیاری تەمەن 45 ساڵیان بیستووە، تا دوای دەركەوتنی و ڕەخنەگرتنی توندی لە حكوومەت، دوای ئەوەی تۆمارێكی دەنگی لە جودیت فارجای وەزیری دادی حكوومەت و هاوسەری خۆی پێگەیشت كە باسی لە دۆسیەیەكی گەندەڵی لە ناو حكوومەت كردبوو، ئەو دۆسیەیە ماگیاری لە كارمەندێكی ئاساییەوە بۆ هێزێكی سیاسیی گەورە گۆڕی و ڕێگەی بۆ خۆشكرد تا كۆتایی بە حوكمی ئۆربانیش بهێنێت.
ماگیار لە ژینگەیەكی سیاسی و یاسایی گەورە بووە و باوكی پارێزەر و دایكیشی بەرپرسێكی پایەبەرز بووە لە دادگای باڵای وڵات و لە ماڵباتی سەرۆكی پێشووی هەنگاریا "فیرێنتس مادل"ن. لە تەمەنێكی كەمەوە تێكەڵ بە ڕەوتە هزرییەكانی دیموكراتی كریستیان بووە و دژی شیوعییەت بیری كردەوە، ئەمەیش وایكرد كە حەزە سیاسییەكان بەو شێوەیە ئاراستە بكات، دواتر چووە ناو حزبی فیدس كە ڤیكتۆر ئۆربان سەرۆكایەتی دەكات و پێوەندیی تۆكمەی لەگەڵ كەسایەتییە باڵاكان دروست كرد، لەوانە جێرجلی جولیاس سەرۆكی نووسینگەی سەرۆك وەزیران. پێش ئەوەی بە تەواوی لە بازنەی دەسەڵات دوور بكەوێتەوە.
ماگیار لە 2006 لەگەڵ جودێت فارجا هاوسەرگیری كردووە، پێش ئەوەی هەردووكیان دەست بە گەشتی سیاسی و بەرزبوونەوەی پلەكانیان لە ناو پارتی فەرمانڕەوای وڵات بكەن، لە ماوەیەكی كەمدا سەرۆكی ئۆپۆزسیۆن وەك ڕووخسارێكی نوێ سیاسی لە هەنگاریا دەركەوت، كاتێك لە ناو حزبی فیدس دەستی لەكار كێشایەوە و بوو بە یەكێك لە سەرسەختترین رەخنەگرانی حكوومەت، بەتایبەت لە دۆسیەكانی گەندەڵی و پێوەندییەكان لەگەڵ ئەوروپا.
سەرەڕای ئەوەی توانی زۆربەی ڕەوتە جیاجیاكان لە پشتی خۆی كۆ بكاتەوە و بەڵێنی ڕیشەكێشكردنی گەندەڵی و گێڕانەوەی پێوەرەكانی دیموكراتی بۆ وڵات دا، بەڵام تا ئێستەیش كەسێكە جێی گومان و سەرنجە، بەهۆی شێوازی توندەكەی هێرش و ڕەخنەگرتن و دەستهەبوونی لە ناو حكوومەت و حزبەكەی ڤیكتۆر ئۆربان، بەتایبەتیش بۆچوونی لەگەڵ ئۆربان نزیك لەبارەی كۆچ و دۆسیەی ئۆكراینا.
پیتەر ماركی زای كاندیدی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنی 2022 ئەوی بە كەسێكی خۆپەرست و لووتبەرز ناوبرد، بەڵام ئەو سیفەتانەی بە پێویست ناوبرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەسێكی وەك ڤیكتۆر ئۆربان، ئێمە پێویستمان بەوەیە كۆتایی بە حوكمی ئۆربان بهێنین.
لە میانەی كەمپەینی هەڵبژاردن، ماگیار توانی خەڵك لە تەواوی ڕەوتە سیاسییە جیاجیاكان لە دەوروبەری خۆی كۆ بكاتەوە و بزووتنەوەی تێسای تازە پێگەیشتووی بۆ كۆتاهێنان بە حوكمی ڤیكتۆر ئۆربان ڕاگەیاند. سەركەوتنەكەی بەسەر ئۆربان تەنیا لە ناو هەنگاریا نامێنێتەوە، بگرە كاریگەریی لەسەر دەرەوەی وڵاتەكەیش هەیە، چونكە دووبارە هەنگاریا لە ناو یەكێتیی ئەوروپا پێناسە دەكاتەوە، لە ڕێگەی كەمكردنەوەی گرژییەكان لەگەڵ برۆكسل لە پرسی سەروەری یاسا و نزیكبوونەوەی زیاتر لە مۆسكۆ و دووبارە گێڕانەوەی وڵاتەكە وەك هاوبەشێكی جێگیر لە ناوخۆی یەكێتی ئەوروپا و هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ".