پسپۆرێكی ئیسرائیلی: توركیا دەبێتە ئێرانێكی نوێ و میحوەری سوننە دروست دەكات

:: AM:11:06:13/04/2026 ‌

پسپۆرێكی كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرای كرد، لێدوانەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە پشتییەوە هەوڵ و پلانێكی تۆكمە هەیە تا بەرەیەكی سوننە دروست بكات، كە شوێنی میحوەری شیعەی ئێران بگرێتەوە و بەمشێوەیەیش توركیا دەیەوێ خۆی بكات بە ئێرانێكی نوێ لە ناوچەكەدا.

یۆنی بن مناحیم پسپۆرێكی ئیسرائیلی و شارەزا لە كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەندی قودس، بۆ ئاسایش و كاروباری دەرەوە دەڵێ، توركیا ئێستە بەشێوەیەكی ستراتیجی هەڕەشە لە ئیسرائیل دەكات و ئاڵای دژایەتیی ئیسرائیلی هەڵكردووە، ئەو سیاسەتانە سەرۆك كۆماری توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هان دەدات كە سنوورەكان ببەزێنێت و هەڕەشەكان تەنیا لە گوتار و لێدوان نەهێلێتەوە، بەڵكو لە ژێرەوە پلانێكی تۆكمەی توركیا هەیە، بۆ ئەوەی ببێتە شوێنگرەوەی ئێران و تەنیا جیاوازییەكە ئەوەیە كە ئێران میحوەری شیعەی لە ناوچەكە دروست كردووە، بەڵام ئەردۆغان میحوەری سوننە دروست دەكات.

ئاماژەی داوە كە بە نهێنی توركیا كار بۆ دامەزراندنی میحوەرێكی سوننەی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، تا شوێنی ئێران بگرێتەوە، بەر لەوەی ئێران بڕووخێت یان بە تەواوی لاواز ببێت، ئەو پێشڤەچوونە بۆشاییەكی هەرێمی دروست دەكات بەهۆی نەمان یان پاشەكشەی میحوەری شیعە، توركیا دەیەوێ ئەو بۆشاییە لە تەك سعوودیە و میسر و پاكستان پڕ بكاتەوە و بەمشێوەیە هاوسەنگی هێز لە ناوچەكە دووبارە دابڕێژێتەوە.

ئەو بۆچوونانەی پسپۆرە ئیسرائیلییەكە، هاوتەریبە لەگەڵ هەنگاوەكانی توركیا لەم چەند ساڵەی ڕابردوو بە فراوانكردنی پێگەی خۆی وەك هێزێكی هەرێمی و بەرگریكاری سوننەكان و فەلەستینییەكان بە گشتی، بۆیە بەردەوام بەرهەڵستی ئیسرائیل دەكات و بە زمانی هەڕەشە لەگەڵ تەلئەبیب دەدوێت.

ڕۆژی یەكشەم ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە فەلەستین و لبنان تۆمەتبار كرد، هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرش و دەستوەردانی سەربازیی دژی دەوڵەتی جوو كرد، هاوشێوەی دەستوەردانەكانی پێشوویان لە هەرێمی قەرەباغ و لیبیا.

تا ئێستە ئەنكەرە بەهۆشیارییەوە مامەڵە دەكات و وریایانە لە باشووری سووریا نزیك دەبێتەوە، لە ترسی ئەوەی ببێتە هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل، ئەو لێدوانانەی بەمدواییەیش لە كاتێكدایە كە ماوەیەكی زۆرە پێوەندییەكانی ئەنكەرە و تەلئەبیب گرژ و ئاڵۆزە، ئەمەیش هانی هەردوو هێزەكە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، تا بە تەواوی پێوەندییەكانیان بپچڕێنن، وەك چۆن پێشتر ئەمیخای ئلیاهۆ پەرلەمانتاری ئیسرائیلی لە وەڵامی ئەردۆغان دووپاتی لەوە كردەوە و هەڕەشەی پچڕاندنی پێوەندییەكانی لە توركیا كرد.

لە تەك هەوڵە دیپلۆماسییەكان، توركیا بەهەمانشێوە لە ڕووی سەربازییەوە لە سووریا بوونی هەیە و هاوئاهەنگییەكی پتەوی لەگەڵ ئەحمەد شەرعی سەرۆكی سووریا هەیە، ئەو هەنگاوانە خواست و حەزی زۆری توركیا بۆ فراوانكردنی هەژموونی خۆی لە سووریا و وڵاتانی ناوچەكە دەردەخەن، دەیەوێ هەژموونی خۆی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بسەپێنێت، بۆ ئەمەیش ئاین و مەزەوی سوننە وەك ئامرازێكی بەهێز بەكار دەهێنێت و سیناریۆی ئێران دووبارە دەكاتەوە، بۆیە لەسەر ئیسرائیل پێویستە ئەم بابەتە زۆر بە ڕژدی وەربگرێت.

لە كۆتاییدا بن مناحیم دەڵێ، ئەردۆغان مەترسیدارترین كەسە كە بە ڕووی ئیسرائیل وەستاوەتەوە، هاكان فیدانی وەزیری دەرەوەیش یاریكەرێكی زۆر كاریگەرە لە ئەنكەرە و دەیەوێ خۆی بۆ شوێنی ئەردۆغان ئامادە بكات، ئەمەیش وایكردووە جۆرێك لە گرژی لە نێوان ئەردۆغان و فیدان دروست ببێت و تا ئێستەیش ڕوون نییە كە ئەو سیناریۆیە دێتەدی یان نا؟


وشە - باز ئه‌حمه‌د