ڕۆژنامەی
تایمزی بەریتانی، بابەتێكی مایك ئیڤانز نووسەر و ڕۆژنامەوانی جەنگ لە بەریتانیا بە ناونیشانی "چۆن گەمارۆی دەریایی ترەمپ بۆ سەر گەرووی هورمز كار دەكات" بڵاو كردووەتەوە، ئەمە بە پێشهاتێكی مەترسیدار لە گرژییەكان لە نێوان ئێران و ئەمەریكا ناو دەبات، ئامانج لێی ڕێگرتنە لە هەر كەشتییەك كە ئێران مامەڵەی لەگەڵ دەكات.
پێشتر ترەمپ لە تۆڕی "تروس سۆشیال" بڵاوی كردەوە، هەوڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنی گەرووی هورمز و گەمارۆ خستنە سەری لە داهاتوویەكی نزیك ڕوو دەدات، تەواوی ئەو كەشتییانەی دەچنە ناو كەنداو یان دێنە دەرەوە بە گەرووی هورمز كاریگەرییان لەسەر دروست دەبێت، كەشتیی جەنگی ئەمەریكا كار دەكات بۆ ڕێگرتن لە هەر كەشتییەك كە بە ئاوەكانی نێودەوڵەتی دەڕوات و باج بە ئێران دەدات.
لە بەشێكی تری قسەكانی ترەمپ نووسیویەتی، دەست بە وێرانكردنی مینە چێنراوەكان دەكەین كە ئێران لە ئاوەكانی گەرووی هورمز چاندوونی، هەر ئێرانییەك تەقەمان لێ بكات، ئەوا بە تەواوی وێرانی دەكەین، ئەو هەڕەشە و گرژییانە لە دوای شكستی هەوڵە دیپلۆماسییەكان دێ كە ڕۆژی شەموو ئەنجام دران و ئاگربەستیش بۆ ماوەی دوو هەفتە پێشتر ڕاگەیەنرا، وەك دەردەكەوێ كە ئەمەریكا بە ئاراستەی تیژترین بژارەی سەربازی دژی ئێران هەنگاو دەنێت، بە پشتیوانی بەشێك لە پسپۆرانی سەربازی كە ئەو بیرۆكەیان خستووەتە ڕوو و دووپات لەوە دەكەنەوە، وەڵامدانەوەی ئێران بە داخستنی گەرووی هورمز بەسەر كەشتییەكانی ئێران، گەمارۆیەكی دژ دەبێ و هەمان چەكی ئێرانە كە دژی خۆی بەكار دەهێنرێتەوە.
سەرەڕای بوونی نیازێكی سیاسی لەمجۆرە، بەڵام دیوی شاراوە لە چۆنیەتیی جێبەجێكردنی ئەو گەمارۆیە بەشێوەیەكی كردەیی بوونیان هەیە، بە تایبەت كە گەرووی هورمز زۆر تەسك و هەستیارە، هەر جووڵەیەكی سەربازی لە ناو گەرووەكە بە خێرایی سەردەكێشێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ.
سەرەتاكانی ئەو قۆرخكارییە بە تەواوی دەركەوتن، كاتێك كەشتیی جەنگیی ئەمەریكا چووەتە ناوچەكە و هۆشداریی ڕاستەوخۆی بە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران داوە، بۆیە دۆخەكە زۆر فشەڵ و لەرزۆكە و ئەگەری تەقینەوەی لە هەر چركەساتێك هەیە.
نووسەر ئاماژەی داوە، ئاڵنگارییە سەربازییەكان بەرانبەر بە ئەمەریكا گەورەن، بەهۆی ئەوەی ئێران سەرەڕای ئەوەی زیانی گەورەی بەركەوتووە، بەڵام تا ئێستەیش خاوەنی توانای بەهێزە كە خۆی لە مینی دەریایی و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و مووشەكی دژە كەشتی دەبینێتەوە، بۆیە گەمارۆدانی ڕاستەقینەی گەرووی هورمز پێویستی بە بڵاوەپێكردنی چڕی سەربازی هەیە كە تا نزیك كەناراوەكانی ئێران درێژ ببێتەوە.
سەرەڕای ئەوەیش هێزەكانی ئەمەریكا بە دەست نەبوونی كەشتی مینهەڵگرەوە لە ناوچەكە دەناڵێنن، بۆیە ناچارن پشت بە هاوپەیمانەكانیان ببەستن، بەڵام هەریەك لە بەریتانیا و فڕەنسا لە گرتنەبەری هەنگاوێكی لەم چەشنە دوودڵن و نایەوێ لەو ململانێیە تێوەبگلێن، چونكە ئەمە ڕاگەیاندنی چوونە ناو جەنگە.
لە میانەی سەردانەكەی كیەر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بۆ كەنداو، دووپاتی لە كردنەوەی گەرووی هورمز كردەوە، بەڵام گوتی گەمارۆی دەریایی كردەیەكی جەنگییە و بەریتانیا وەك بەڵێنمان داوە بەشداری لە جەنگ ناكات. فڕەنسایش دووپاتی كردەوە كە كەشتی جەنگی نانێرێتە گەرووەكە بۆ بەردەوامیدان بە ململانێكان.
ئیڤانز وریایی دەدات كە ئەو سیناریۆیانەی لە واشنتن خراونەتە ڕوو، خۆی تەنیا لە گەمارۆدان نابینێتەوە، بگرە ئەگەری هێرش و بە ئامانجگرتنی پێگەكانی نەوتی ئێرانی و ئەنجامدانی هەڵمەتی سەربازی وشكایی سنوورداریشی لەگەڵدایە. لە تەك ئەوەیش ڕێگرتن لە هەناردەی نەوتی ئێران لە ڕێی بەربەست دروستكردن بۆ كەشتییەكان، دەبێتە هۆی ئاڵۆزییەكی گەورە لە بازاڕی نەوت لە دنیا، بە تایبەت كە بەشێكی گەورەی نەوتی تاران بۆ چین دەڕوات، ئەمەیش ئەگەرێكی مەترسیدارتر دەهێنێتە ئاراوە، بەوەی چین كەشتی جەنگی بۆ پاراستنی كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی بهێنێتە ناوچەكە، ئایا ئەو كاتە ئەمەریكا ڕێگە بە دەربازبوونیان دەدات؟
لە كۆتاییدا مایكل ئیڤانز نووسیویەتی، لە هەموو دۆخەكاندا گرژییەكان زۆر ئاڵۆزن، لێكدانەوەی سەربازی و ئابووری و سیاسی لە ناوچەكە بە تەواوی هەستیارە، هەرچەند ئەمەریكا دەیەوێ واقیعێكی نوێ لە گەرووەكە بسەپێنێت، بەڵام ڕووبەڕووی دوژمنێك دەبێتەوە كە ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە، ئەمەیش ئەگەری كشان بۆ ململانێ و جەنگێكی فراوان كە بە زەبری هێز یەكلا دەبێتەوە.