نەریتی ئێزدییەكان لە چوارشەمی سوور چییە؟

:: PM:06:58:14/04/2026 ‌
"چوارشەمی سوور" بۆنەیەكی تایبەتی ئێزدییەكان و سەری ساڵی نوێیە لای ئەوان، دەكەوێتە دووەم چوارشەمی مانگی نیسان، ئەوەش بەپێی ڕۆژژمێری ڕۆژهەڵاتی كە 13 ڕۆژ دوای ڕۆژژمێری زاینییە.

لەو ڕۆژەدا ئێزدییەكان لە ناوچەكانی خۆیان لە عێراق و ئێران، سووریا و توركیا هەروەها ناوچە جیاوازەكانی ئازەربایجان و ئەفغانستان و ڕووسیا و چەند بەشێكی ئەوروپا بەتایبەت ئەڵمانیا، یادی چوارشەمی سوور دەكەنەوە، بەو بۆنەیەشەوە لە هەرێمی كوردستان پشووی فەرمی دەبێت.

ئێزدییەكان پێیانوایە، "لەم ڕۆژەدا /چوارشەمی سوور/ خودا خوێنی خستووەتە جەستەی ئادەمەوە، دواتر گۆشت جەستەكەی داپۆشیوە و خوێن لە لەشیدا هاتوچۆی كردووە، لەوێشەوە ژیانی بۆ هەسارەی زەوی ناردووە".

كچان و كوڕانی گەنج 12 هێلكەی كوڵاو ڕەنگ دەكەن، هەر سێ دانەیان و بە ڕەنگێك هەر ڕەنگێكیش ئاماژەیە بۆ یەكێك لە وەرزەكانی ساڵ، ئەوەش لە قاپێكدا لە ناوەڕاستی ژوورێكی ماڵەوە دادەنرێت.

هێلكەكە هێمایە بۆ خڕێتی زەوی، كوڵاندنەكەی وەك ئاماژەیەك بۆ بەستنی زەوی، توێكڵە سپییەكەش دوای كوڵاندنی وەك نیشانەیەك بۆ تواندنەوەی ئەو چینە سەهۆڵەی لەسەر زەوی بووە، ڕەنگكردنی هێلكەكەش هێمایە بۆ وەرزی بەهار و سەرەتای ژیان.

هەر بە بیروباوەڕی ئێزدییەكان، خودا لە دووەم چوارشەمی مانگی نیساندا لە دروستكردنی گەردوون تەواوبووە، بۆیە چوارشەمی سووریان ناوناوە ڕۆژی دروستكردن، تێیدا ئامادەكاری بۆ جەژن دەكەن.

هەروەها بۆچوونێكی تریان هەیە كە گوڵاڵە سوورە لە بەیانیی ڕۆژی چوارشەمدا ڕواوە، بۆیە تایبەتمەندی خۆی هەیە لە لایان و ماڵەكانیانی پێدەڕازێننەوە و ناویانناوە گوڵی نیسان.

ژنان و پیاوان بە گەڵای زەیتونەوە دەچنە پەرستگای لالش كە لای ئێزیدییەكان پیرۆزە، دواتر 365 چرا دادەگیرسێنن ئەوەش بەپێی ژمارەی ڕۆژەكانی ساڵ.

ئێزدییەكان چوارشەممەی سوور بە ڕۆژی دروستكردنی گەردوون دادەنێن، بۆیە زۆر لایان پیرۆزە، بەیانیی زوو هەڵدەستن جوانترین جلەكانیان لەبەردەكەن و خۆیان دەڕِِازێننەوە، گوڵاڵە سوورە و گڵۆپ بە ماڵەكانیاندا هەڵدەواسن، ئەوەی لەتوانایدابێت سەرێك ئاژەڵ دەكاتە قوربانیی.

بەیانیی ڕۆژی سێشەم واتە ڕۆژێك پێش جەژن، ئێزدییەكان دەچنەسەر گۆڕی كۆچكردووەكانیان، لەگەڵ خۆیان سەرجەم جۆرەكانی میووە و شیرینی دەبەن و بەسەر منداڵان و هەژاراندا دابەشی دەكەن، هەروەها لەم ڕۆژەدا ڕێگری لە كێڵانی زەوی دەكرێت بۆ ئەوەی گوڵ بگەشێتەوە و خونچە بپشكوێت.

بەدرێژایی ئەم مانگە ئێزدییەكان هاوسەرگیری ناكەن، چونكە پێیانوایە شوومە و خراپە دێنێت بۆ ژیانیان، هەروەها دەڵێن "مانگی نیسان بوكی ساڵە، هیچ بوكێكی دیكە پێیناگات".

ئەوان پێیان وایە "مەلەك تاوس" كە سەرۆكی فریشتەكانە، لەلایەن خوداوە نێردراوە بۆ زەوی بۆ ئەوەی ژیانی تێدا بڵاوبكاتەوە و لە خۆڵ و ئاو دروستی بكات‌ و ڕەنگە جیاوازەكان بوونیان هەبێت، بەڕای ئاینەكەی ئەوان ئەوەش لە ڕۆژی چوارشەممەدا بووە.

ئێزدییەكان جەژنەكەیان بە كۆنترین بۆنەی سەر زەوی دادەنێن، چونكە پەیوەندیی بە دروستبوون و ژیان و لەدایكبونەوە هەیە.

بەپێی ئاینی ئێزدییەكان چوارشەممەی سوور یادكردنەوەی چوار بۆنەی زۆر لەیەكتر نزیكە ئەوانیش بریتین لە:

تەقینەوەی ناوكی سپی: بەهۆیەوە خۆڵ و ئاو و هەوا و ئاگری پیرۆز بۆ دەستپێكی گەردون دروستبوون.

كوڵانی زەوی: كە بە كوڵاندنی هێلكە چوێندراوە، زەوی بەستویەتی، گوڵی گرتووە، سەوز بووە دوای تەقینەوەكە.

جەژنی دروستكەر: قۆناغی پاڵنانی خوێنە بۆ یەكەم جەستە كە ئادەمە و لەوەوە ژیان دەستیپێكردووە.

جەژنی پیتاندن: پیتاندنی یەكەم هێلكە بۆ دووبارە دروستبونی یەكەم بونەوەری زیندوو.

ئاگر لای ئێزدییەكان پیرۆزە چونكە حەزیان لە ڕووناكییە و دووردەكەونەوە لە تاریكی، هەر لەبەر ئەو هۆكارەشە لە جەژندا چرا دادەگرسێنن و ڕووناكی بڵاودەكەنەوە، لە كۆنیشەوە لەلایەن چەند گەل و ئاینێكی ترەوە تۆمەتباركراون بەوەی ئەوان ئاگر پەرستن، بەڵام ئەوە بنەمایەكی ڕاستی نییە و بەهۆی بە پیرۆز زانینی ئاگر لای ئێزدییەكان لەسەریان دروستبووە.



وشە - وشه‌