وڵاتانی ئەوروپا بیر لە دروستكردنی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" جێگرەوە دەكات، بۆ ئەوەی بتوانێ بەرگری لە خۆی بكات و هەمان پەیكەری سەربازیی ئێستەی ناتۆ بەكار بهێنێتەوە، لە ئەگەری كشانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هاوپەیمانییەكە، ئەمەیش دوای پشتیوانیكردنی ئەڵمانیا لەو بیرۆكەیە كە پێشتر بەرهەڵستكارێكی سەرسەختی پشتبەخۆبەستن بوو.
ڕۆژنامەی
وۆل ستریت جۆرنال لە زاری بەرپرسانی ئەوروپاوە بڵاوی كردووەتەوە، ئێستە وڵاتانی ئەوروپا كار لەسەر پلانێكی ورد بۆ ئامادەكردنی ناتۆیەكی جێگرەوەی ناتۆی ئێستە ئامادە دەكەن و ناویان ناوە "ناتۆی ئەوروپی"، لە هەوڵدان تەواوی وڵاتانی ئەوروپا بخەنە ناویەوە و ڕۆڵی سەركردە و فەرماندە لە ناو وڵاتانی ئەوروپا دابەش دەكەن، لەگەڵ ئەوەی توانا سەربازییەكانی ئەمەریكا زۆرە بە بەراورد بە تواناكانی ئەوروپا.
پلانی ئەوروپییەكان بۆ دروستكردنی ناتۆی ئەوروپی تا ئێستە بەشێوەیەكی نافەرمی و لە ڕێگەی گفتوگۆی لاوەكی و كۆبوونەوە و ژەمی ئێوارەی نانخواردنی سەرانی ئەوروپا باسی لێوە دەكرێت، بە هیچ شێوەیەكیش ئامانج لە دروستكردنی ناتۆی ئەوروپی كێبەركێكردن و كۆتاهێنان بە ناتۆی ئێستە نییە، بگرە ئامانج لێی ئامادەكارییە بۆ بەهێزكردنی تواناكانیان و وەڵامدانەوەی ڕووسیا و بەردەوامیدان بە ئۆپراسیۆنەكان لە پشتیوانیكردنی ئۆكراینا و ڕاستگۆیی مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی ناوكی، ئەمەیش تەنیا وەك خۆ ئامادەكردنێك بۆ ئەگەری كشانەوەی ئەمەریكا لە ئەوروپا و هاوپەیمانی ناتۆ ئەنجام دەدرێت.
ئەو پلانە بۆ یەكەمجار لە ساڵی ڕابردوو خرایەڕوو، دوای ئەوەی نیگەرانی قووڵی ئەوروپا بەرانبەر بە متمانەنەبوون بە ئیدارەی ترەمپ، دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوو ترەمپ هەڕەشەی داگیركردنی دوورگەی گرینلاندی كرد. ئێستەیش ترەمپ بەردەوام هێرش دەكاتە سەر ناتۆ، بەوەی هیچ كۆمەكێكی ئەمەریكای لە جەنگی دژ بە ئێران نەكردووە و دەیەوێ بە زۆر وڵاتانی ئەوروپی ڕابكێشێتە ناو جەنگەكەوە.
لە پێشڤەچوونێكی گرنگ و ناوازەیشدا كە وەك گۆڕانێكی سیاسیی گەورە لە بەرلین سەیر دەكرێت، نەمانی بەرهەڵستی هەمیشەیی ئەڵمانیایە لە پێشخستنی سەروەری بەرگریی ئەوروپا، بۆ ئەگەری نەمانی هێزەكانی ئەمەریكا لە وڵاتانی ئەوروپا. پێشتر بەرلین بە هەموو شێوەیەك دژی فڕەنسا بۆ بەهێزكردنی توانای بەرگری و سەربازی ئەوروپا دەوەستایەوە، بەڵام ئێستە پشتیوانی ئەو هەنگاوە دەكات، بەهۆی ئەوەی ئەڵمانیایش هیچ متمانەیەكی بە ترەمپ و بڕیارە لە ناكاو و سەرسوڕهێنەرەكانی نییە.
ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال نووسیویەتی، پەیكەری ئێستەی ناتۆ بە تەواوی لە دەستی فەرماندەكانی ئەمەریكادایە لە سەرجەم ئاستەكاندا، هەر لە لۆجستی و هەواڵگری و فەرماندەیی باڵای سەربازی سەرجەمی ئەو پۆستانە لە دەستی ئەمەریكادان. ئێستە ئەوروپییەكان دەیانەوێ بەرپرسیاریەتی زیاتریان لە ناو ناتۆ هەبێت و دواتریش مارك رووتە ئەمینداری هاوپەیمانی ناتۆ دووپاتی كردەوە، ئیتر لەمەودوا زۆرینەی سەركردەكانی ناتۆ لە وڵاتانی ئەوروپا دەبن.
ئەوروپییەكان ئەو دەسپێشخەرییەیان كردووە لە ئەنجامی زیادبوونی دوژمنكاریی ترەمپ بەرانبەریان، نەك وەك وەڵامدانەوەی فشارەكانی ئەمەریكا، لە ڕۆژانی ڕابردوو ترەمپ وڵاتانی ئەوروپای بە گەمژە ناوبرد و ناتۆیشی بە پڵنگێكی سەر كاغەز چوواند و گوتی، پوتین بە تەواوی پەی بەمە بردووە.
ئەلیكساندەر ستوب سەرۆكی فینلاند كە یەكێكە لە سەركردە بەشدارەكانی پلانی داڕشتنی ناتۆی جێگرەوە دەڵێ، گواستنەوەی ئەرك و ماندوویەتی لەسەر شانی ئەمەریكا بۆ ئەوروپییەكان بەردەوامی هەیە و وەك ستراتجێكی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرگری كاری لەسەر دەكرێت.
زیاتر گوتی، گرنگترین شت ئەوەیە كە كشانەوەی ئەمەریكا بە كردەیی ڕوو دەدات، بۆیە بەڕێوەبردنی ناتۆ بەشێوەیەكی ڕێكخراو دوای كشانەوەی لە ناكاوی ئەمەریكا ئامادەكاری پێویستە، ئێستە ژمارەیەكی كەمی سەركردەكانی ئەوروپا پێوەندییەكی باشیان لەگەڵ ترەمپ هەیە.
پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا هەڕەشەی كشانەوەی ئەمەریكای لە ناتۆ كرد، بەهۆی ڕەتكردنەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لە پشتیوانیكردنی ئەمەریكا لە هەڵمەتە سەربازییەكەی دژ بە ئێران، دووپاتی كردەوە كە كشانەوە لە ناتۆ لە دووبارە چاوپێخشاندنەوە تێپەڕیوە و سەرەڕای ئەوەی كشانەوەی ئەمەریكا پێویستی بە ڕەزامەندی كۆنگرێسە، بەڵام سەرۆك دەتوانێ هێزە سەربازییەكان لە ئەوروپا كەم بكاتەوە و بیانجووڵێنێت، بەهۆی ئەوەی فەرماندەی باڵای سەربازی وڵاتە.
دوای هەڕەشەكانی ترەمپ، ئەلیكساندەر ستوب دەسبەجێ دەستی بە پێوەندیكردن بە سەركردەكانی ئەوروپا كرد، تا پلانی جێگرەوە بۆ بەهێزكردنی بەرگری ئەوروپا دابڕێژن. سەرۆكی فینلاند دەڵێ، پەیامی سەرەكی هاوڕێ ئەمەریكییەكانمان ئەوەیە دوای دەیان ساڵ ئێستە كاتی ئەوەیە ئەوروپا بەرپرسیاریەتی گەورە بگرێتە ئەستۆ.
ئەو گۆڕانە سیاسییە لە بەرلین پاڵنەرێكی یەكلاكەرەوەیە تا ئەوروپا پەرە بە هێزی سەربازی خۆی بدات، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە ئەمەریكا چەكی ئەتۆمی و بنكە و هێزی زۆری لەسەر خاكی ئەڵمانیا هەیە.
سەرەڕای ئەو پێشهاتە نوێ و ئاڵۆزە، بەڵام ئەوروپییەكان لە ناو خۆیاندا دابەش بوون، فریدریش مێرتس ڕاوێژكاری ئەڵمانیا لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو داوای هەڵسەنگاندنی هەڵوێستەكانی كرد، دوای ئەوەی گەیشتە ئەو باوەڕەی كە ترەمپ ئامادەیە دەسبەرداری ئۆكراینا ببێت، چونكە ئێستە قوربانی و دەستدرێژیكاری لێ تێكەڵ بووە و چیتر بەها ڕوونەكانی ئەمەریكا لە ناو ناتۆ و بەرانبەر ئەمەریكا دیار نین و شێواون.
سەرەڕای ئەوەی ئەڵمانیا گومانی هەیە كە ئەمەریكا لە ناتۆ بكشێتەوە، بەڵام ئەوروپییەكان سوورن لەسەر ئەوەی كە زۆرترین بەرپرسیاریەتی ناتۆ بكەوێتە دەست وڵاتانی ئەوروپا، پێشتر بۆریس پستۆریۆس وەزیری بەرگریی ئەلمانیا گوتی، گفتوگۆكان لە ناو ناتۆ ئاسان نین، بەلام دەرفەتێك بە ڕووی ئەوروپا دەكەنەوە.
دوای ڕەزامەندی ئەڵمانیا بە پەرەپێدانی بەرگری تایبەت بە ئەوروپا، هەریەك لە بەریتانیا و فڕەنسا و پۆڵەندا و وڵاتانی باكوری ئەوروپا و كەنەدا، خەریكی پێداچوونەوە و ڕوانین لە پلانی لە ناكاو لە ناو هاوپەیمانی ناتۆ و خۆیان بۆ ئەگەری كشانەوەی ئەمەریكا ئامادە دەكەن.
ڤیرۆنیكا واند دانیلسن باڵوێزی سوید لە ئەڵمانیا ئاشكرای كرد، گفتوگۆی نافەرمی لە ناو گرووپێك لە هاوپەیمانان كە بۆچوون و بیركردنەوەیان لەیەكەوە نزیكە بوونی هەیە، تا ناتۆی ئەوروپی یان ناتۆی جێگرەوە دوای كشانەوەی ئەمەریكا بە تەواوی ئامادەسازی بۆ بكرێت.