لە یارییەكی نوێدا حكوومەتی كاتیی سووریا دەستوەردان لە عەشیرەتە عەرەبەكانی سنووری قامیشلۆ و ناوچە كوردییەكان دەكەن و سەرۆك هۆزەكان بە كەسانی سەربە خۆیان دەگۆڕن.
حكوومەتی كاتی سووریا بەسەرۆكایەتیی ئەحمەد شەرع، لە هەوڵێكی نوێیاندا بۆ كۆنترۆڵكردنی هۆزی ناوچەكانی قامیشلۆ و حەسەكە بەپارە و پۆست، سەرۆك هۆزەكان ناچار دەكەن كاریان لەگەڵدا بكەن، ئەوانەشی بەو كارە ناڕازین دێنە گۆڕین، بەمەش مەترسییەكی نوێ بۆ ناوچە كوردییەكانی كوردستانی رۆژئاوا دێتە پێشەوە.
لەمبارەیەوە راگەیاندنی رۆژئاوای كوردستان بەچەندان هەواڵ هۆشدارییان لەو مەترسییە نوێیانە داوە و باس لەوە دەكەن، یەكێك لە گفتوگۆكانی دوێنێی مەزڵووم عەبدی و بەرپرسانی سووریا لە دیمەشق ئەو خاڵە بووە.
بەپێی راگەیاندنی نزیكی هەسەدە، عەبدی داوای كردووە هۆزەكانیان لە دژ هان مەدەن و ئەوان چەندان ساڵە لەو ناوچەوە پێكەوە دەژین و كێشەیەكیان نەبووە، بەڵام ئێستە بەردەوام دژی كورد دەجووڵرێن.
لە دیمەشقەوە كەسانی نزیكی خۆیان وەك سەرۆك هۆز لەو ناوچانە دەستنیشان دەكەن و بەبێ ڕەزامەندیی زۆربەی كەسایەتییە دیارەكانی هۆزی شەمەر، سەیف جەربا وەك شێخی هۆزەكە ناسێنرا، كوردانی رۆژئاوا باس لەوە دەكەن كە ئامانجەكە دژایەتیی كوردە لە ناوچەكەدا.
سەرۆك خێڵەكانی پێشوو بەهۆی تێكەڵییان لەگەڵ كورد، كەمتر كێشە و پێكدادانیان هەیە، بۆیە دەسەڵاتی نوێی سووریا پێی وایە بەدانانی سەرۆك هۆزی نوێ، دەتوانێت ناوچەكە بەتەواوی كۆنترۆڵ بكات و فشاری زیاتریش لەكورد بكات.
لە هۆزی جبووریش كە یەكێكە لە گەورەترین هۆزەكانی ناوچەكە، هەوڵ هەیە بۆ گواستنەوەی پۆستی شێخایەتی لە ماڵی (ئال موسەڵەت) بۆ (ئال حەماد ئەلئەسعەد) ئەمەش لەلایەن دیمەشقەوە دەكرێت.