ئەمەریكا تا چەند لە لەناوبردنی میلیشیاكان رژدە؟

:: PM:06:11:15/04/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، میلیشیاكانی عێراق بەشدارییەكی گەورەیان لە هێرشی سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە هەبوو، بەتایبەتی كەتیبەكانی حزبوڵا، بەم دوتاییە ئەمەریكا 10 ملیۆن دۆلاری بەرانبەر بە پێشكەشكردنی زانیاری لەسەر ئەحمەد حمێداوی سەركردەی ئەو میلیشیایە تەرخان كرد، لەوكاتەی توانای لەناوبردنی ئەوی بە هاوشێوەی سەركردە و فەرماندە سەربازییەكانی ئێران و حزبوڵا هەیە.

ئەحمەد موحسین فەرەج حمێداوی كە بە "ئەبو حوسێن حمێداوی" ناسراوە، ناوی بە چەندان رووداو لە عێراق بەستراوەتەوە كە لە ساڵانی دوایی روویان داوە، ئەو وێنەشی نییە، جیا لەو وێنەی ئەمەریكا خۆی بڵاوی كردووەتەوە، لەدایكبووی 1971 و بەرەچەڵەك ماڵباتەكەی خەڵكی پارێزگای میسانە، براكانی و كوڕەكەی زەید خاوەنی لاپەڕەی ئەبو عەلی عەسكەرییە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەسەر ئەو گرووپەدا زاڵن، ئەو كەسێكی زۆر وریایە و كەس بە جموجۆڵەكانی نازانێت.  

ئەو لە لایەن ئەمەریكا تاوانبارە بە هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی لە عێراق و ناوچەكە، لە لایەن عێراقیەكانیش بە كوشتنی ژمارەیەك هاووڵاتی، لەوانە بەهۆكاری تایفەیی لە پێكهاتەی سوننە و كوشتنی سەتان خۆپێشاندەری راپەرینەكەی تشرین لە 2019 تۆمەتبار دەكرێت، جیا لە لایەنگری تەواوەتیی بۆ ئێران و دابڕینی ناوچەی جەرف سەخر و چۆڵكردنی و كردنی بە سەربازگە و حەشارگەی چەك و گرتووخانەی نەیارەكانی.

لە سەرەتای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی سەر ئێران، كەتیبەكانی حزبوڵا و چەند گرووپێكی تر، لەوانە نوجەبا و سەید شوهەدا و ئیمام عەلی، دەستیان كرد بە هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە وەك سعوودیە و كوێت و سووریا و ئوردن.

غانم عابد توێژەری سیاسی لەبارەی هەڵوێستی ئەمەریكا بەرانبەر بە میلیشیاكان دەڵێت، دیاریكردنی بڕە پارەیەكی زۆر لە لایەن ئەمەریكا بەرانبەر بە زانیاری لەسەر حمێداوی، واتە واشنتن شێوازێكی نوێی مامەڵكردن لەگەڵ میلیشیاكان دەگرێتە بەر، لەسەر بنەمای كردنەئامانجیان لە قۆناغی داهاتوودا، واتە ئەمەریكا مامەڵەی لەگەڵ میلیشیاكان و سەركردەكانیان دەگۆڕێت و بە دیاریكردنی بڕێك پاداشت بەرانبەر سەریان دەست پێ دەكات و دوای ئەوە گورزی سەربازییان لێ دەوەشێنێت.

زیاتر گوتی، ئەوەی جێی تێبینییە لەو بابەتە هەڵوێستی حكوومەتی عێراقییە، ئاخۆ چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات، بەتایبەتی كە حمێداوی و زۆرێك لە سەركردەی میلیشیاكان كە لە لایەن ئەمەریكاوە داواكراون، سەر بە دامەزراوە سەربازییەكانی عێراقین و لەژێر فەرمانەكانی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق كار دەكەن.

دووپاتی كردەوە، ئەوەی لێی دڵنیاین كە ئاگربەستەكەی نێوان ئەمەریكا و ئێران، وای كردووە واشنتن سەرنجی زیاتر بخاتە سەر دۆسیەی میلیشیا عێراقییەكانی سەر بە ئێرانن، ئەوەش بەهۆی هێرشەكانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە بەغدا و هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە، ئەوەش ئاماژە بۆ پەرەسەندنی زیاتر لە رۆژانی داهاتوو دەكات، بەتایبەتی ئەگەر شەڕ لەگەڵ ئێران دەست پێ بكاتەوە.

 لای خۆیەوە محەمەد سالم چالاكێكی عێراقی پێی وایە كە ئەمەریكا هەوڵ دەدات وا خۆی پێشان بدات كە بە رژدی راوەدووی میلیشیاكانی عێراقی و سەركردەكانی دەنێت، لەوكاتەی تا ئێستە چەتری یاسایی و پاڵپشتی بۆ رژێمی عێراق و پرۆسەی سیاسی دابین دەكات، كە لە سایەی ئەوانەوە میلیشیاكان و سەركردەكانیان، لەوانە حمێداوی باڵادەستن.  

ئەو چالاكە دەڵێت، كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی خاوەنی سێ لیوایە، 45 و 46 و 47، لە دەستەی حەشدی شەعبی، پۆستی سوپاسالاری حەشدی هەیە كە عەبدولعەزیز محەمەداوی ناسراو بە "ئەبو فەدەك" بەڕێوەی دەبات، جیا لە پۆستی بەرپرسی تەناهیی حەشد كە لای ئەبو زەینەب لامییە، بزاوی حقووق وەك باڵە سیاسییەكەی خاوەنی شەش كورسییە لە پەرلەمان و رۆڵی گەورەی لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە كە سەرۆكی حكوومەت و سیاسەتەكانی دەوڵەتی عێراق دیاری دەكات. 

ئەو چالاكە دووپاتی كردەوە، لەبری ئەوەی ئەمەریكا پاداشت لە بەرانبەر پێدانی زانیاری لەسەر حمێداوی دیاری بكات، دەبوایە كاری لەسەر كۆتاهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیاكان و باڵادەستیان لەسەر دەوڵەتی عێراقی بكردایە، ئەوەش بە مەبەستی لاوازكردنی كەتیبەكانی حزبوڵا و میلیشیاكانی تر كە خاوەنی دەسەڵاتن لە دامەزراوە تەناهی و مەدەنییەكانی عێراق، واشنتن تا ئێستەش پاڵپشتی لە حكوومەت و سیستمی سیاسیی عێراق دەكات كە میلیشیاكانی سەر بە ئێران بە روون و ئاشكرا بەسەریدا زاڵن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل