لە ڕاپۆرتێكی هۆبەی هەواڵگریی سەربازیی سوپای ئیسرائیل "ئامان"دا هاتووە، درزی گەورە لە ڕیزی سەركردەكانی ڕژێمی ئێستەی ئێران دروست بووە و ئەو درز تێكەوتنەیش، موژدە و ئاماژەی ڕوونە كە بەلایەنی كەمەوە ڕژێم ڕووی لە هەرەسهێنانە لە ئێران.
لە
ڕاپۆرتەكەی ئاماندا هاتووە، نەبوونی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی ئێران بۆشاییەكی گەورەی دروست كردووە و ئێستە كەس وەك ڕێبەر دەسەڵاتی تەواوی نییە، پێشتر ئەو خۆی یەكەم قسە و دوا قسەی دەكرد، موجتەبا كوڕی كە بۆ شوێنی ئەو هەڵبژێردرا، كەسایەتییەكی كارێزمای هاوشێوەی باوكی نییە و بەشێك بە كەسێكی ناپێگەیشتوو لە ڕووی ئاینی و سیاسییەوە ناوی دەبەن، سەرەڕای ئەو بریندارە و بڕیاردەری یەكلاكەرەوە و كۆتایی نییە.
میراتی خامنەیی باوك تا ئێستە بەكراوەیی ماوەتەوە. بەتایبەت كە شەقامی ئێران بیر ڕژێمی دێننەوە، یەكێك لە عەیبەكانی سیستمی پاشایەتی كە ئەو ڕژێمەی ئێستە ڕووخاندی، گواستنەوەی دەسەڵات بوو لە باوكەوە بۆ كوڕ، ئێستە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بە هەمان شێواز مامەڵە دەكات كە لە ڕابردوو هێرشی كردە سەر و كۆتایی بە ڕژێمی شاهەنشاهی هێنا.
لە ئەنجامی هێرشەكانی ئەمەریكا و ئێران زیاتر لە 55 سەركردە و بەرپرسی باڵای ڕژێم كوژران، ئێستە ئەوانەی سەركردایەتیی ئێران دەكەن بریتین لە موجتەبا خامنەیی ڕێبەر، حوسێن تائیب سەرۆكی پێشووی هەواڵگریی پاسداران و ڕاوێژكاری باڵای موجتەبا خامنەیی، محەمەد عەبدوڵاهی سەرۆكی نووسینگەی ڕێبەر كە كلیكی دەرگەی گەیشتن بە خامنەیی لایە و بەڕێوەبەری هاوسەنگی لە نێوان ڕەوتە كێبەركێكارەكان لە سەركردایەتی ئێرانیش دەكات. ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران كە پێشتر وەزیری بەرگری و ناوخۆیش بووە، یەكێكە لە سەركردە توندڕۆكانی ئێران و نوێنەرایەتیی باڵی پاسداران دەكات.
محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمان و گەورە دانوستاندكار لەگەڵ ئەمەریكا، كەسێكی كۆنەپارێزە، بەڵام گرنگی بە پێشخستنی ئابووری دەدا و دەیەوێ ڕێگری لە هەرەسی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە ناوخۆی وڵات بكات، لە ئەنجامی شەپۆلێكی تری خۆپێشاندان دژی ڕژێم، لەگەڵ ئەوەیش كەناڵی پێوەندیی لەگەڵ ڕەوتی توندڕۆكان بەكراوەیی هێشتووەتەوە.
گرووپی چاكسازیخوازان كە مەسعوود پزیشكیانی سەرۆك كۆمار سەرپەرشتیان دەكات و خاوەنی ڕەوتێكی نەرم و میانڕۆن، دەیانەوێ سزا ئابوورییەكان لەسەر ئێران هەڵبگیرێت و دەسەڵاتی سوپای پاسدارانیش سنووردار بكرێت، لەلایەن توندڕۆكانەوە ئەو ڕەوتە بە خیانەتكردن لە بەهاكانی شۆڕش تۆمەتبار دەكرێن. عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و دانوستاندكاری ئێران بۆ ڕێككەوتنی ناوكی 2015، ئەو دیپلۆماتكارێكی بەهێزە و لەو دەرچانە دەگەڕێت كە سازش بۆ ئەمەریكا بكات، بێ ئەوەی وای پێشان بدات كە ئێران خۆی ڕادەستی ئەمەریكا كردووە.
عەلی ئیفتیخاری سەركردایەتیی ڕەوتی دەستگرتن بە هێڵەكان دەكات و كەسێكی كاریگەرە لەسەر هەواڵگریی ئێران و ڕەوتە ئاینییەكان، هەر ئەویش بوو خامنەیی كوڕی بۆ شوێنگرەوەی باوكی دیاری كرد، ئەو گرووپە خاوەنی ئایدلۆجیای ئاینی شۆڕشن كە كۆڵەگەیەكی سەرەكیی ڕژێمی ئیسلامیی ئێرانە. عەلی رائیدین پیاوێكی تەناهی باڵادەستە لە ناوەندەكانی بڕیاردان و جەنەراڵێكی ئیسرائیلی بە سەركردایەتیكردنی بەهێزترین شانەی هێشتنەوەی ڕژێم و وەستانەوەی لە ناوخۆ و دەرەوە ناوی دەبات و ئێستە خەریكی ڕێكخستنەوەی هێزەكانی بەسیجە، دوای ئەوەی لە ئەنجامی بۆردمانەكان ژمارەیەك لە سەركردەكانی ئەو هێزە كوژران.
خاڵی لاوازی سەركردایەتیی ئێستەی ئێران ئەوەیە، هیچ كەسێك بوونی نییە كە قسەی كۆتایی بكات و هەر بڕیارێك ئێستە لە ئێران دەردەچێت، گومان و بەرهەڵستی بۆ دروست دەبێت، سەرەتای لەرزینی بناغەی متمانە لە نێوانیان كەمتر و كەمتر بووەتەوە، هاوكات گرژی و ناكۆكی لە نێوان سەركردەكان هەیە، تەنانەت لە كاتی وەستانی جەنگیشدا.
ڕاستییەكانی جەنگ و زیانە زۆرەكانی بەر ئێران كەوتوون و هەڵمەتی لەناوبردنی سەركردەكان و نەبوونی عەلی خامنەیی و پچڕانی پێوەندیی لە نێوان سەركردەكان، هەموو ئەوانە هۆكارن بۆ دەركەوتنی درز و بۆشاییەكی گەورە لە ناو دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆیە زۆرجار كۆسپیان لە بەردەم دروست دەبێ لە كاتی بڕیارداندا.
سەرەڕای ئەوەی سەركردەی نوێ لە شوێنی كوژراوان دانراون، بەڵام جۆرێك لە ئاڵۆزی و تەنگژە لە فەرمانڕەوایەتیی ئێران هەیە، دوو دانوستاندكاری ئێرانی دیارن كە تواناكانیان سنووردارە و بۆیان دیاری كراوە كە حكوومەت ئامادەیە لە چی سازش بكەن و چیش داوا بكەن، توندڕۆكان سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیە دەكەن، ئێستە هەژموون و باڵادەستییان لە ناو دەسەڵاتی ئێران هەیە، بۆیە بە دوور نازانرێ ئەگەر دیپلۆماتكارەكانی ئێران بگەن بە ڕێككەوتنیش، مەترسی هەیە سوپای پاسداران قبووڵی نەكەن و ڕەتی بكەنەوە.