ئەمەریكا بە 13 هەزار درۆن بەرگریی ئاسمانی دژ بە شاهیدی ئێرانی بەهێز دەكات

:: PM:12:22:20/04/2026 ‌
سوپای ئەمەریكا دەست بە ئاراستەی بڵاوەپێكردنی درۆنی بەرپەرچدانەوەی تێچووی كەم، بۆ پاراستنی هێز و بەرژەوەندییەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، بۆ ئەو مەبەستەیش 13 هەزار درۆنی ئامادە كردووە تا لە ئاسمانەوە درۆنی شاهید 136 ئێرانی تێكبشكێنن.

ئەو گۆڕانكارییە دەبێتە هۆی پڕكردنەوەی بۆشاییەكی گەورە لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی كورتمەودا و كاریگەری ئەرێنی گەورە دادەنێت، لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی ئێران، ئەمەیش لە كاتێكدایە ئەو درۆنانە بە نرخێكی كەمتر لە درۆنی ئێرانی بەرهەم هێنراون.

ئەو سیستمە نوێیەی درۆن بە جۆرێك دیزاین كراوە، بە خێرایی بەرپەرچی هێرشی دوژمن بداتەوە و خێراییەكی زۆری هەیە و دەتوانێ مەودایەكی فراوان دابپۆشێت، ئەمەیش یارمەتی هێزەكانی ئەو وڵاتە دەدات كە هەڕەشەكان لە دوورەوە بزانن و بە درۆنی كەمتێچوو بیخەنە خوارەوە، لە بری ئەوەی مووشەكی چوار ملیۆن دۆلاری لە درۆنی 30 هەزار دۆلاری ئێرانی بگرن.

ئەو هەنگاوە بریتییە لە فراوانكردنی توانای بەرگریی ئاسمانی و پەرەپێدانی، بە وانە وەرگرتن لە شەڕی ئۆكراینا، كە توانیویانە بە فراوانی ڕێگری لە پێكانی ئامانجەكان لەلایەن درۆنی ئێرانی بكەن كە ڕووسیا بەكاریان دەهێنێت، ڕووبەڕووی هەڕەشەی فراوان بە خێرایی دادەپۆشێت و وەڵامی دەستبەجێی بۆ هەر جووڵەیەكی درۆنی ئێرانی لەو ناوچەیە دەبێت كە تێیدا دانراوە.

سیستمە درۆنییە نوێكەی ئەمەریكا ناوی مێرۆپسە كە جیا لە درۆنی كەمتێچوو، سیستمی شوێنی جیۆگرافی ئای ئێن ئێس و مانگی دەستكردی بۆ دەستەبەر دەكرێت، ئەمەیش یارمەتی دەدات زۆر بە وردی شوێن و جووڵەی درۆنەكانی دوژمن بزانێت و بەدوایاندا بكەوێت و كۆتاییان پێ بهێنێت.

لە میانەی دانیشتنێكی گوێگرتن لە كۆنگرێسی ئەمەریكا پێنجشەمی ڕابردوو، دانیاڵ دریسكۆل وەزیری سوپای ئەمەریكا گوتی، ئێستە 13 هەزار درۆنی بەرپەرچدانەوە ئامادەن، تێچووی هەریەكێكیان دەگاتە 15 هەزار دۆلاری ئەمەریكی، ئەو سیستمە بە كردەیی لە ئۆكراینا بەكار هێنراوە و ئێستەیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوی دەكەینەوە، تا بەرپەرچی هێرشی درۆنی شاهیدی ئێرانی بدەینەوە، تێچووەكەی دەگاتە 30 تا 50 هەزار دۆلاری ئەمەریكی، ئەمەیش كاریگەریی باشی لەسەر كەمكردنەوەی تێچووی جەنگ دەبێت.

دریسكۆل ئەوەیشی گوت، كاتێك جەنگ دەستی پێكرد، لە ماوەی هەشت ڕۆژ توانیمان 13 هەزار سیستمی جۆری میرۆپس بكڕین، ئەمەیش كارێكی سەرسوڕهێنەر بوو، ئەوكات نرخی درۆنێك گەیشتە 15 هەزار دۆلاری ئەمەریكی و ئێستەیش لەگەڵ زیاتربوونی بەرهەمهێنانی ئەمجۆرە سیستمە، پێشبینی دەكەین نرخی درۆنێك بگاتە 10 هەزار دۆلار و كەمتر لەو بڕەیش.

سیستمی میرۆپیس پشت بە درۆنی بەرپەرچدانەوە لە جۆری Surveyor دەبەستێت، پێویستی بە سەكۆی سووك و قەبارە بچووك هەیە بۆ هەڵدان و بەجۆرێك دیزاین كراوە كە بۆ وەڵامدانەوەی خێرا و پێكانی ئامانجی دوژمن لە ئاسمان بە خێرایی كار دەكات.

خێرایی ئەو درۆنە لە سەعاتێكدا دەگاتە 280 كیلۆمەتر، ئەمە وایكردووە كە بە ئاسانی بتوانێ مامەڵە لەگەڵ هەر هەڕەشەیەك لە ئاسمان بكات و سەرجەمیان بپێكێت. جیا لەوە پێوەست كراوە بە ئاماژەی ئامانج پێكان و دواكەوتنی ئامانج كەدەتوانرێ بەشێوەی ڕاستەوخۆ كار بكات، یان ئەو كەسەی كە سەرپەرشتی دەكات بەكاری بهێنێت، ئەمەیش نەرمی لە چۆنیەتیی بەكارهێنان لەو ژینگانەی جەنگ دروست دەكات كە  كارۆموگناتیس بۆ خستنەخوارەوەی درۆن بەكار دەهێنن.

هەر سیستمێكی میرۆپیس وێستگەیەكی سەركردایەتی و یەكەی هەڵدان و یەكەی درۆنەكان لەخۆ دەگرێت، بەمشێوەیەیش بووەتە بە سیستمێكی دابەشكراو و دەتوانرێ لە چەند شوێنێك جێگیر بكرێ، نەك هەموو بەشەكانی لە یەك شوێن كۆ بكرێتەوە.

درۆنی سورڤیۆر بڕێكی كەم تەقەمەنی هەڵدەگرێ و ئامانجەكان لە ڕێگەی پێكدادانی ڕاستەوخۆ یان تەقینەوە لە نزیك ئامانجەكەوە دەپێكێت، ئەمەیش چالاكی ئەو درۆنە لە مانۆرەكان دژ درۆنی دوژمن كە لە بەرزییەكی كەم دەفڕن زۆر زیاد دەكات.

دەتوانێ لەسەر پشتی ئۆتۆمبێلەوە بهاوێژرێ، ئەمەیش پشتیوانی بڵاوەپێكردنی و كەمبوونەوەی مەترسی بۆ سەر بۆردمانكردنی دەكات، یەكێكی تر لە تایبەتمەندییەكانی ئەو سیستمە ئەوەیە، بەكارهێنەرانی دەتوانرێ لە چەند ڕۆژێك مەشق و ڕاهێنانیان پێ بكرێت، تابلێتی كۆنترۆڵكردنیان هەیە كە هاوشێوەی تابڵێت و دەسكی یارییە ئەلیكترۆنییەكانە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د